عیسمه‌ت یه‌ڵماز: توركیا بیر له ناردنی هێز بۆ سووریا ناكاته‌وه
K24ـ هه‌ولێر
عیسمه‌ت یه‌ڵماز، وه‌زیری به‌رگریی توركیا، هه‌واڵی چوونی ژماره‌یه‌ك لە سه‌ربازانی توركیا بۆ نێو خاكی سووریا ره‌تكرده‌وه و رایگەیاند ئه‌نقه‌ره بیر له ناردنی هێز بۆ سووریا ناكاته‌وه.
پێشتر حكوومه‌تی سووریا رایگه‌یاند: "نزیكه‌ی 100 سه‌ربازی توركیا و 12 بارهه‌ڵگری پڕ له چه‌ك هاتوونەتە نێو خاكی سووریا".
له سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه، سوپای توركیا هێزه‌كانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یه‌په‌گه)ی له باكووری شاری حه‌له‌ب لە سووریا بۆردومان كرد.
له لایه‌كی دیكه‌وه، سه‌رۆكی ئه‌مریكا، باراك ئۆباما داوای له رووسیا كرد بۆردومانه‌كانی بۆ سه‌ر "ئۆپۆزسیۆنی میانڕه‌و" له سووریا رابگرێت.
سه‌باره‌ت به جه‌نگی سووریا، وەزیری بەرگریی تورکیا گوتیشی: "بۆ به‌شداریكردن له ئۆپه‌راسیۆنی دژی داعش له سووریا، فڕۆكه‌ی سعودییه نه‌گەیشتوونەتە بنكه‌ی سەربازیی ئه‌نجه‌رلیك لە توركیا، به‌ڵام شانشینی سعودییه به كرده‌وه بڕیاری داوه چوار فڕۆكه‌ی جۆری F16 بنێرێت".
ئه‌مه له كاتێكدایه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی قه‌ته‌ر، شێخ محه‌ممه‌د بن عه‌بدولڕه‌حمان رایگه‌یاند، ده‌ستتێوه‌ردانی سه‌ربازیی (وشكانیی) له سووریا پلانێكی ئه‌مریكییه و ئاماده‌یی به‌شداربوونی وڵاته‌كه‌شی لەو دەستێوەردانە پیشاندا، ئه‌گه‌ر ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی له سووریا ئه‌نجامبدرێت به‌مه‌رجێك به سه‌ركردایه‌تیی ئه‌مریكا بێت.
سه‌رچاوه: رۆژنامه‌ی ئه‌لحه‌یاتی له‌نده‌نیی، ئا: نیزام فه‌یسه‌ڵ