بۆ یەكەمجارە پارتێكی كوردی نێوان دوو ھاوپەیمان لاواز دەكات

ئه‌مه‌ريكا داوايه‌كى له‌ توركيا كردووه‌
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/71bf6328-65a6-40c8-90a2-e3752c8ba514/Turkey-amrika-ypg.ism/manifest

K24- هه‌ولێر

توركیا رەخنە لە لێدوانەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەگرێت و بە پێچەوانەی ئەو ھاوپەیمانییە ناوی دەبات كە چەندین ساڵە لەگەڵ ئەمریكا ھەیەتی.

داواش لە ئەمریكا دەكات بەھەمان شێوە و بەیەكسانی سه‌يرى یەكینەكانی پارستنی گەل (یەپەگە ) و توركیا نەكات.

 جۆن كێربی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا،  لە لێدوانێكیدا گوتبووی پێویستە توركیا و یەپەگە  شەڕ لە دژی دوژمنە ھاوبەشەكەیان كە  داعشە، بكەن نەك سەرقاڵی  شه‌ڕى يه‌كتر بن.

توركیا داوا لە ھاوپەیمانەكەی ئەمریكا دەكات پێداچوونەوە لە سیاسەتەكانی یەپەگە بكات و بەیەك چاو تەماشای یەپەگە و توركیا نەكات.

رەخنەش دەگرێت ئەمریكا بەھەمان شێوە مامەڵەی لەگەڵ توركیا و یەپەگە كردووە.

تانژو بیلگیچ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا رايگه‌ياند: "ئێمە پەشۆكاین بەو لێدوانەی جۆن كێربی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كە ئامۆژگاری ئێمە و یەپەگە دەكات و دەمانھێنێتە ریزی ئەو رێكخراوە تیرۆریستیە، لە كاتێكدا توركیا ھاوپەیمانی ئەمریكایە و چەندین ساڵە بەدەست تیرۆرزمەوە دەناڵێنێت، ئێمە پێویستمان بە مۆڵەتدان نییە بۆ شەڕكردن لە دژی یەپەگە،  شەڕی ئێمە لە دژی تیرۆریستان بەردەوام دەبێت".

پێشتر ئەحمەد داودئۆغلو سەرۆك وەزیری توركیا رايگه‌ياند بوو: "ئەگەر چەكدارانی یەپەگە نزیكی شارۆچكەی عەزاز بكەونەوە ئەوە رووبەڕووی گەورەترین ھێرش دەبنەوە،  ئەو بنكە ئاسمانییەی لە شارۆچكەكەدایە ناھێڵین داگیربكرێت، ھەروەھا ئەگەر بوردوومانی توركیا نەبووایە ئەوە  شارۆچكەی عەزاز و تەل رەفعەت دەكەوتە ژێر دەستی یەپەگە،  داوامان كردووە یەپەگە لە عەفرین و رۆژئاوای ڕووباری فورات نزیك نەكەوێتەوە".

چەند رۆژێکە تۆپخانەکانی تورکیا، دەستیان بەبۆردومانکردنی ناوچە سنوورییه‌کانی توركیا له‌ ناو خاكی رۆژئاوای كوردستان كردووه‌، کە ھەفتەیەك پێش ئێستا شەڕڤانانی یەپەگە کۆنتڕۆڵیان کردووه‌.