عێراق رۆژانه 4 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده ده‌كات
K24 - به‌غدا:
هه‌وڵ ده‌درێت سوود له هه‌موو كێڵگه نه‌وتییه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق وه‌ربگیرێت
وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق بڵاویكرده‌وه، به هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت و كورتهێنانی بودجه‌ی 2016، هه‌وڵده‌دریت سوود له سه‌رجه‌م ئه‌و كێڵگه نه‌وتيانه وه‌ربگیرێت كه له ناوچه‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق نه‌وت به‌رهه‌مده‌هێنن.
ئه‌وه‌شی راگه‌یاندووه، وه‌زاره‌ت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته پلانی توكمه‌ی داڕشتووه و هه‌وڵده‌دات له رێگه‌ی هه‌نارده‌كردنی 4 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت له رۆژێكدا، كورتهێنانی بودجه پر بكاته‌وه و خۆی له‌و قه‌یرانه داراییه ده‌رباز بكات.
كۆمپانیای نه‌وتی سۆمۆی عیراقی ئاماژه‌ی به‌وه كرد، هه‌فته‌ی رابردوو وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق، نه‌وتی سووكی به‌سره‌ی به بڕی 20 سه‌نت گرانتر ره‌وانه‌ی بازاره‌كانی جیهانی كردووه، له‌و هه‌وڵه‌شدایه رۆژانه بڕی 4 ملیۆن به‌رمیل هه‌نارده بكات.
به هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت و شه‌ڕی داعش، عێراق تووشی قه‌یرانێكی ئابووری و كورتهێنانێكی گه‌وره‌بوو له بودجه‌ی ساڵی 2016 دا.
بۆ مه‌به‌ستی ده‌ربازبوون له‌و قه‌یرانه، حكوومه‌تی عه‌بادی چه‌ندین پلانی چاكسازی و ئابووری راگه‌یاند، به‌ڵام تا ئێستا هیچ ئه‌نجامی لێ دیار نه‌بووه، به پێی گوته‌ی چاودێره سیاسی و ئابوورییه‌كان، جگه له ناڕه‌زاییی لێكه‌وتنه‌وه له لایه‌ن هه‌ندێ له هیزه سیاسییه‌كانی عێراقی.
ئاماده كردن: نه‌وزاد محه‌ممه‌د