پارێزگارانی ئێران: ریفۆرمخوازان ملكەچی ئەمریكان

رۆژنامەی شەھروەند: پێویستە میدیای ئێران بەخۆیدا بچێتەوە نەك بە دراوسێكەیدا

K24 – ھەولێر:

ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی لە ئێران دە رۆژی دیكە بەڕێوەدەچێت، كار گەیشتووەتە ئەوەی پارێزگاران و ریفۆرمخوازان یەكدی بەوە تۆمەتبار دەكەن كە پارەی خەڵك لە رێكلامەكانی ھەڵبژاردندا خەرج دەكەن، ئەمەش وێڕای چەند پرسێكی دیكە بوونەتە بابەتی جێی بایخی رۆژنامەكانی ئەمڕۆی ئێران.

رۆژنامەی كەیھانی سەر بە پارێزگاران لە راپۆرتی سەرەكی خۆیدا ریفۆرمخوازانی بە ملكەچكردن بۆ ئەمریكا تۆمەتبار كردووە و نووسیوێتی: "ریفۆرمخوازان بۆ دەستبەسەرداگرتنی كورسییەكانی ئەنجوومەنیی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران چاویان لە پاڵپشتی ئەمریكایە و پێكھاتنی ئەنجوومەنێكی لەو شێوەیە ھاوسەنگە لەگەڵ ئەنجوومەنەكانی رێژیمی پاشایەتی پێشوو، یان وەكوو ئەنجوومەنی خوولی شەشەم لە بەرامبەر ئیسلام و ئینقلابدا شڕ و دڕ و لە بەرامبەر ئەوروپاشدا لە مشك ترسنۆكترن". (لە خوولی شەشەمی ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامیی ئێراندا، باڵی ریفۆرمخوازانی ئێران 90%ی كورسییەكانی ئەو ئەنجوومەنەیان بەدەستھێنابوو، ھاوكات مەھدی كەڕوبی كە زیاترین دەنگی بەدەستھێنابوو سەرۆكایەتیی ئەو ئەنجوومەنەی لە دەست بوو كە ماوەی پێنج ساڵە لە دوای ھەڵبژاردنی خوولی دەیەمی سەرۆك كۆماری لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دەستبەسەرە).

ھاوكات رۆژنامەی جەوان سەر بە سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران راپۆرتی سەرەكی خۆی تایبەت كردووە بە لۆمەكردنی باڵی ریفۆرمخواز و نووسیوێتی: "پاڵپشتی دارایی گەندەڵانی ئابووریی لە كاندیدەكانی ریفۆرمخواز و رازاندنەوەی سفرەی رەنگاوڕەنگ بۆ نیوەڕۆیان و شەوان، پۆستەر و دروشمی سەیر و سەمەرە بۆ بەدەستھێنانی دەنگ، پارەی پیس، دەنگی پیس و سەرمایەی كۆمەڵایەتی پیس سێ ھۆكاری سەرەكیین و ھەڕەشە لە تەندرووستی سیستمی خەڵك سالاری لە كۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەكەن".

بەخۆتاندا بچنەوە نەك بە دراوسێیەكەتاندا

رۆژنامەی شەھروەند تایبەت بە دەزگای فەرمی راگەیاندنیی ئێران نووسیوێتی: "پێدەچێت دەزگای فەرمیی راگەیاندنی ئێران مایەپووچ بووبێت، ئەو راگەیاندنەی 48 ھەزار كارمەندی ھەیە، زۆر پرسیار دەورۆژێنێت، ئایا میدیای ئێران میدیایەكی چالاكە؟ ئایا میدیای ئێران سەربەخۆ و بێ لایەنە؟ رۆژنامەكان چۆنن؟ ئەگەر لە پێناسەی میدیادا، پشت بەو خاڵە ببەستین، میدیا ئامرازێكە بۆ گەیاندنی پەیامی نێرەر بە وەرگر، ئایا نێرەرەكانی ئێمە ئاگاداری بیروبۆچوونی وەرگرەكانن؟".

نووسەر بەو شێوەیە درێژە بە باسەكەی دەدات: "نێرەری میدیایەك كە مایەپووچ نەبووبێت، بەردەوامە لە بەخۆداچوونەوە، بەڵام پێویستە سەرنج بدەنە ئەم وشەیە، بەخۆداچوونەوە، نەك بە دراوسێی داچوونەوە!".

ئامادەكردنی: لەیلا قادریی