رێگە نادرێ ئێران بچێتە نێو بازنەی بانكەكانی ئەمریكا

" گەمارۆكانی ئەمریكا لە سەر ئێران ھەر وەك خۆیان ماونەتەوە"

24 K - ھەولێر:

ئاژانسی رۆیتەرز بۆ ھەواڵ دەڵێ بانكەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆیان نییە ھیچ پەیوەندییەكیان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا ھەبێت، بۆیە رێگە نادرێ ئێران بچێتە نێو بازنەی بانكەكانی ئەمریكا.

ئاژانسی رۆیتەرز دەشڵێ: ئەو گەمارۆ ئابوورییانەی بەھۆی  خراپیی دۆخی مافی مرۆڤ خراوەنەتە سەر تاران، رێگە بە ئێران نادەن نزیكبێتەوە لە چالاكییە بانكییەكانی ئەمریكا.

ھەرچەندە ئەو گەمارۆ ئابوورییانەی كە پەیوەندیداربوون بە دۆسییەی ئەتۆمیی ئێران لادراون لە سەر ئەو وڵاتە، بەڵام ئەو گەمارۆیانەی پەیوەندییان بە رەوشی مافی مرۆڤ ھەیە و لە لایەن ئەمریكاوە خراونەتە سەر ئێران ھەر وەك خۆیان ماونەتەوە.

لە مانگی یەکی ئەم ساڵ گەمارۆ ئابوورییەكانی سەر ئێران لادران، کە لە لایەن وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و وڵاتانی رۆژئاوا خرابوونە سەر ئێران، بەڵام تا ئێستا بەشێك لە گەمارۆ ئابوورییەكان لە سەر ئێران لانەدراون کە لە لایەن ئەمریكاوە بەهۆی خراپیی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران خراونەتە سەر تاران.

ئەمە لە کاتێکدایە لە دوای لادانی گەمارۆ ئابوورییەكان، ئێران ھەوڵدەدات پەیوەندییە بازرگانی و بانكییەكانی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریكا ئاسایی بكاتەوە.

ئامەدەكردنی: شنۆ محەممەد