رۆژنامەی ئیبتكار: لە ئێران ھەر پێنج چركەیەک دووكەڵ کەسێک دەکوژێ

ناوەندی چاودێریی دوخانیات: زیاتر لە 3 ملیۆن نێرگیلەكێش و 20 ملیۆن جگەرەكێش لە ئێران ھەن
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/5df3ed7a-e72e-4eee-b74e-8567c31d3d03/amari%20jgere%20le%20eran.ism/manifest

K24- ھەولێر:

بەگوێرەی ئامارەی ناوەندی چاودێریی دوخانیاتی ئێران لە ھەر پێنج چركەیەکدا كەسێك لەو وڵاتە بە ھۆی جگەرەكێشان گیان لەدەستدەدات، ھاوكات بەپێی ناوەندەکە تەمەنی جگەرەكێشان بۆ كچان لە ئێران بۆ 13 ساڵ دابەزیوە.

لێكۆڵینەوە زانستییەكان ئاشكرایانكردووە، ھەرچەندە دووكەڵی جگەرە و نێرگیلە لە دووكەڵی ئۆتۆمبێلە كۆنەكان كەمترە، بەڵام زیانیان بۆ تەندروستیی مرۆڤ زۆر زیاترە.

ئەم ئامارەی ناوەندی چاودێریی دوخانیات (دووكەڵەكان)ی ئێران خەڵكی ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستانی تووشی سەرسووڕمان كردووە، بەگوێرەی ئەو ئامارە لە ھەر پێنج چركەیەکدا كەسێك لە ئێران بەھۆی دووكەڵی جگەرە یان نێرگیلە گیان لە دەستدەدات.

ھەر ئەو ئامارە ئاشکرای کردووە: "زیاتر لە 3 ملیۆن نێرگیلەكێش و 20 ملیۆن جگەرەكێش لە ئێران ھەن".

ھاوكات بەپێی راگەیاندنەكانی ئێران‌: "ساڵی رابردوو 42%ی قوتابیانی ئێران جگەرەیان كێشاوە و زیاتر لە 50%شیان لانیكەم جارێك دووكەڵی نێرگیلەیان هه‌ڵمژیوه، ھاوكات تەمەنی كچانی نێرگیلەكێش و جگەرەكێشیش بۆ 13 ساڵیی دابه‌زیوه".

ئاژانسی ھەواڵی ئیسنای ئێران لەمبارەوە دەڵێ: "زیاتر لە نیوەی جگەرەكانی ئێران بە قاچاغ دێن و ھیچ چاودێرییان له‌سه‌ر نییە".

ھەرچەندە بەرپرسانی ئێران ئەو ئامارانە به‌مەترسیدار ده‌زانن، بەڵام رێكاری كاریگەریان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردەیە نەخستووەتەڕوو، بەگوتەی ئەوان پێویستە ھاوڵاتییان ھۆشیار بكرێنەوە بۆ ئەوەی باشتر زیانەكانی جگەرە و نێرگیلە بناسن.

ھەر لەمبارەیەوە یاریدەدەری بەرپرسی ناوەندی چاودێریی دوخانیات، زەھرا حیسامیی گوتی: "ھۆكارەكانی گیرۆدەبوون بە جگەرە لە پاساوەكانی بەرپرسان زۆرترن".

حیسامیی گوتیشی: "بێكاریی و سنوورداربوونی ئازادییەكان و نەخوێندەواریی خێزانەكان لە ھۆكارە سەرەكییەكانی گیرۆدەبوون بە دووكەڵەكان، جا ئەو دووكەڵە چ ھی جگەرە بێت یان ماددە ھۆشبەرە مەترسیدارەكانی دیكە".

داڕشتنەوە: لەیلا قادریی