به به‌ڵگه.. لێدانه سزایه‌كه‌ی مێسی نادروسته
K24 ـ هه‌ولێر
تا دێت كاردانه‌وه‌كان له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی جێبه‌جێكردنی لێدانه سزایه‌كه‌ی مێسی به‌رده‌وامی هه‌یه، زۆرینه ستایشی ده‌كه‌ن، به‌ڵام رۆژنامه‌یه‌كی مه‌دریدی ره‌خنه له ناوبژیوانی یارییه‌كه ده‌گرێت و لێدانه سزایه‌كه‌یش به نادروست وه‌سف ده‌كات.
رۆژنامه‌ی ASـی ئیسپانیا له چاپی ئه‌مڕۆیدا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات به‌پێی یاساكانی تۆپی پێ ده‌بوو ناوبژیوان ئه‌و گۆڵه‌ی ڕه‌ت كردبایه‌وه، چونكه گۆڵه‌كه نادروست بوو.
رۆژنامه‌كه وێنه‌ی ساتی لێدانه سزایه‌كه‌ی مێسی له دژی سێلتا ڤیگۆ وه‌شان ده‌كات و ده‌ری ده‌خات كه پێش ئه‌وه‌ی مێسی جووله به تۆپ بكات، سوارێز له نێو ناوچه‌ی سزا بووه.
یانه‌ی بارسێلۆنا له دوایین یاریی خۆی له لالیگای ئیسپانیا له نێو یاریگه‌ی خۆی به نیوده‌رزن گۆڵ، گۆڵبارانی یانه‌ی سێلتا ڤیگۆی كرد، یه‌كێك له گۆڵه‌كان له كاتی جێبه‌جێكردنی لێدانی سزا مێسی ده‌چێته سه‌ر تۆپه‌كه و له جیاتی ئه‌وه‌ی تۆپه‌كه به ئاراسته‌ی گۆڵی به‌رانبه‌ر لێ بدات، به‌ڵام تۆپه‌كه بۆ سوارێز ده‌جوولێنێت و هێرشبه‌ره ئۆرگواییه‌كه‌یش زوو ده‌گاته سه‌ر تۆپه‌كه و لێدانه‌كه بۆ نێو گۆڵ ته‌واو ده‌كات و یه‌كێك له جوانترین گۆڵه‌كان به شێوه‌ی سه‌رنجڕاكێش تۆمار ده‌كات.