سنە: داوای پتەوكردنی پەیوەندی راگەیاندنەكانی رۆژھەڵات و باشووری كوردستان دەكات

ئەندامێكی ليژنەی ھەڵسەنگاندنی ڤستیڤاڵی راگەیاندنی سنە: توانای رۆژنامەنووسە كوردەكان زۆرە، بەڵام دەرفەتیان كەمە
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/d04ae1d8-95e4-49db-8235-015839de4982/rojnamegery%20rojhelat.ism/manifest

K24 - ھەولێر:

پارێزگاری سنەی رۆژھەڵاتی كوردستان داوای پتەوكردنی پەیوەندی راگەیاندن لە نێوان رۆژھەڵات و باشووری كوردستان دەكات و لەو بڕوایەیە پەیوەندی لەو شێوەیە قازانجی بەو ھەردوو لایەن دەبێت.

ھەرچەندە لە رێورەسمی دووەمین فيستيڤاڵى راگەیاندنەكانی پارێزگای سنە ژمارەیەك راگەیاندكار خەڵاتكران، بەڵام رۆژنامەنووسانی ئەو پارێزگایەی رۆژھەڵاتی كوردستان گله‌ییان لە حكوومەتی ئێران ھەیە و رایانگەیاند: "حكوومەت ئاوڕیان لێ ناداتەوە".

پارێزگاری شاری سنە، عەبدولمحەممەد زاھیدی لە رێوڕەسمی كۆتایی فيستيڤاڵى راگەیاندنە كوردییەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان گوتی: "پێویستە رۆژھەڵات و باشووری كوردستان لە رووی راگەیاندنەوە پەیوەندییەكانیان پتەوتر بكەن، بێگومان ئەو پەیوەندییە سوود بە ھەر دوو لایەن دەگەیەنێت".

لە میانەی بەڕێوەچوونی دووەم فيستيڤاڵى دەزگاكانی راگەیاندنی پارێزگای سنەی رۆژھەڵاتی كوردستان بەرپرسان ستایشی خۆیان كرد و ھاوكات رۆژنامەنووسانیش گلەییەكانی خۆیان خستەڕوو.

لە رێوڕەسمەكەدا كامبیز كەریمیی، ئەندامی ليژنەی ھەڵسەنگاندنی فيستيڤاڵه‌كە بە ئامادەبووانی گوت: "توانای رۆژنامەنووسە كوردەكان زۆرە، بەڵام دەرفەتیان كەمە".

كەریمیی گوتیشی: "ئەگەرچی ئەو فيستيڤاڵه‌ ناتوانێ وەڵامدەری توانایی راگەیاندكاران بێت،  بەڵام ھەنگاوێكە و پێویستە رێزی لێ بگرین".

لەو فيستيڤاڵه‌دا كەس بە شایەنی خەڵاتی یەكەم و سێیەم دیاری نەكرا، بەڵام جەبار دەستباز سەرنووسەری هه‌فتەنامەی دەنگی كوردستان خەڵاتی دووەمی بەدەستھێنا. پێش دابەشكردنی خەڵاتەكان پارێزگاری سنە ئەوەشی خستەڕوو: "پەیوەندی راگەیاندنەكانی پارێزگای سنە و ھەرێمی كوردستان قازانج بە ھەردوولا دەگەیەنێت دەبێتە ھۆی ئالوگۆڕكردنی زانیاریی و زانستی نێوان ئەو دوو پارچەیەی كوردستان".

بە گوتەی زاھیدی پێشكەوتنی رۆژنامەگەری لە كوردستان پێویستی بە پیشەسازی چاپ و بڵاوكردنەوە ھەیە.

پارێزگاری شاری سنە، عەبدولمحەممەد زاھیدی گوتی: "تاكوو ئێستا چاپخانەیەكی تایبەت لەھیچ یەك لە پارێزگاكانی رۆژھەڵاتی كوردستان بوونی نییە

ھەر بۆیە زاھیدی لە رێوڕەسمەكەدا داوای لە وەزارەتی كولتوور كرد ئاوڕ لە كوردستان بدەنەوە".

ھەرچەندە ئامارێكی فەرمی لە بڵاوكراوە كوردییەكان لە رۆژھەڵاتی كوردستان لەبەر دەستدانییە، بەڵام بە گوتەی چاودێران ھەمیشە پێش ھەڵبژاردنەكان بە خێرایی ژمارەیان بەرزدەبێتەوە و دواییش زۆربەیان یان بە بڕیاری دادگا یان بە بیانووی نەبوونی بوودجە دادەخرێن و تەمەنی زۆربەیان لە دوو ساڵ تێپەرنابێت.

داڕشتنەوە: لەیلا قادریی