هه‌ولێر.. له 2015دا 70 حاڵه‌تى تووشبوون به شێرپه‌نجه له ناو منداڵاندا تۆمار كراوه
K24 – هه‌ولێر:
لە رۆژی جیھانی شێرپەنجەی منداڵاندا، رێكخراوێكى تايبه‌ت به منداڵان بە ھاوكاری رێكخراوێكی جیھانی، كەمپینێكیان بۆ منداڵانی تووشبوو بە شێرپەنجە لە نەخوشخانەی نانەكەلی ھەولێر سازكرد.
لە 15ى شوبات/ فێبرايه‌رى ھەموو ساڵێك ھەڵمەتی پشتگیری بۆ منداڵانی تووشبوو بەڕێوە دەچێت ئەمساڵیش رێكخراوی منداڵپارێز بە مەبەستی زیاتر ئاگاداربوونی لایەنەكان و بەشدای پزيشكەكان لەكەمپەینەكەدا كورتە فیلمێك و ئەو وێنانەی لە لایەن منداڵانی شیرپەنجەوە كێشرابوون نمایش كرد.
له لێدوانێكدا بۆ كوردستان 24، پەیمان عه‌لى، پسپۆری نەخۆشيیەكانی شێرپەنجەى تایبەت بە منداڵ، باسى له هه‌وڵه‌كانيان بۆ چاره‌سه‌ركردنى منداڵانى تووشبوو به‌و نه‌خۆشييه كرد و جه‌ختيشى له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه گرنگه له‌م رۆژه‌دا كۆمه‌كى زياترى ئه‌و منداڵانه بكرێت و گوتيشى: زۆر جار ناڕۆشنبيرى دايك و باوك مه‌ترسى له‌سه‌ر منداڵانى توشبوو به نه‌خۆشييه‌كه زياتر ده‌كات، به‌ڵام به‌داخه‌وه ژماره‌يه‌ك له دايك و باوكه‌كان، له برى ئه‌وه‌ى په‌نا بۆ نه‌خۆشخانه بێنن، روو له چاره‌سه‌رى ميليى و گژوگيايى ده‌كه‌ن.
شێرپەنجە دەستەواژەیەكی گشتیە كە چەن نەخۆشیەكی جیاواز لە خۆ دەگرێت و تووشی سەرجەم بەشەكانی لەشی مرۆڤ دەبێت لە سیما دیارەكانی ئەو نەخۆشیە كوشنده‌یە درووستبوونی خانەی ناتەواوە كە لە دەرەوەی سنووری دیاریكراوی خۆیدایە.
بە گوێره‌ى ئامارەكان لە سەره‌تای دەستبەكاربوونی نه‌خۆشخانه‌ى نانەكەلی له 2004دا تا ئێستا زیاتر لە 18000 تووشبوو سەردانی كردوون و ساڵی 2015ش زیاتر لە 70 منداڵی تووشبووی شێرپەنجە ھەبووە كە 12 یان گیانیان لە دەستداوە.
راپۆرتى: ئه‌فسانه شا محه‌ممه‌دى