لە فەرەنسا باری نائاسایی بۆ سێ مانگی دیكە درێژ دەكرێتەوە

پەرلەمانی فەرەنسا تا كۆتایی مانگی پێنجی داھاتوو باری نائاسایی درێژ كردەوە

K24 - ھەولێر:

لە دوای ھێرشەكانی پاریس لە ساڵی رابردوو، پەرلەمانی فەرەنسا بۆ ماوەی سێ مانگ باری نائاسایی راگەیاند، بەر لە كۆتایی ھاتنی ماوەكە سێ مانگی دیكە باری نائاسایی وڵاتەكە درێژ كردەوە.

چاوەڕوان دەكرا لە 26 ئەم مانگە باری نائاسایی فەرەنسا كۆتایی پێ بێت، بەڵام بەر لە وادەی كۆتاییھاتنی باری نائاسایی، پەرلەمانی فەرەنسا بۆ ماوەی سێ مانگی دیكە واتە تا كۆتایی مانگی پێنج باری نائاسایی درێژ كردەوە.

ھەرچەندە ھاووڵاتیانی فەرەنسا دژی درێژ كردنەوەی باری نائاسی بوون، بەڵام حكوومەت و پەرلەمانی ئەو وڵاتە سووربوون لە سەر درێژ كردنەوەی باری نائاسایی.

لە دوای تەقینەوە و كردەوە چەكدارییەكانی 13 تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، لە لایەن چەكدارانی داعش لە پاریس، حكوومەتی فەرەنسا باری نائاسایی لە سەرتاسەری فەرەنسا راگەیاند و ھەڵمەتێكی پشكنینی دەستپێكرد و چەندین ناوەندی ئاینی و مزگەوتی داخست لە و وڵاتە، دەستی بەسەر ژمارەیەكی زۆری چەك و تەقەمەنی دا گرت و ژمارەیەك كەسی دەستگیر كرد و بڕیاریدا بە رێگەی دەستوور ناسنامە لە كەسانی توندڕەو وەرگرێتەوە.

سەرچاوە:Le monde   ئامادەكردنی: شنۆ محەممەد