نەتەوە یەكگرتووەكان: یەمەن مەترسیی كارەساتی مرۆیی لە سەرە

یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كارووباری مرۆیی، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئاگادار كردووەتەوە، لە بارەی ئەگەری سەرھەڵدانی كارەساتێكی مرۆیی لە یەمەن

 K24 - ھەولێر:

ستیڤن ئۆبراین، یاریدەدەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كارووباری مرۆیی رایگەیاند، یەمەن مەترسی كارەساتی مرۆیی لە سەرە.

ستیڤن ئۆبراین یاریدەدەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كارووباری مرۆیی، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئاگادار كردووەتەوە، لە بارەی ئەگەری سەرھەڵدانی كارەساتێكی مرۆیی لە یەمەن.

ستیڤن ئۆبراین گوتی:"ھاووڵاتیانی سڤیل لە ژن، منداڵ، پیر، پەككەوتە، بێ بەشن لە ھاوكاری بەپەلەی رێكخراوە مرۆییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، بەھۆی رێگریی چەكدارانی حوسیی و بۆردوومانی فڕۆكەكانی ھاوپەیمانیی عەرەبی".

 ستیڤن ئۆبراین دەشڵێت:"2ملیۆن و 700 ھەزار كەس، بەھۆی شەڕەكانەوە ئاوارەبوونە لە یەمەن، ھاوكات 7 ملیۆن و600 ھەزار كەس بە دەست نەبوونی دەرمان و خۆراكەوە دەناڵێنن".

لە ماوەی رابردوودا نەتەوە یەكگرتووەكان، بڕی یەك ملیار و 800 ملیۆن دۆلاری بۆ لێقەوماوانی یەمەن تەرخانكرد.

نزیكەی ساڵێكە شەڕ و پێكدادان لە یەمەن بەردوامیی ھەیە، لە نێوان چەكدارنی حوسیی و حكوومەتی یەمەن، ھاوپەیمانی عەرەبیی بە سەرۆكایەتی سعودییە ،  بە گوێرەی ئامارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بەھۆی ئەو شەڕو پێكدادانانە زیاتر لە 2 ملیۆن كەس ئاوارەبوونە و بە ھەزاران كەسیش كوژراون.

حوسییەكان یەمەنی شیعە مەزھەبن و حكوومەتی یەمەن و ھاوپەیمانیی عەرەبیی، ئێران تۆمەتباردەكەن بە پاڵپشتیكردنی حوسییەكان.

سەرچاوە: NATIONS UNIES  ئامادەكردنی: شنۆ محەممەد