بۆچوونی لایەنە سیاسییەكانی کوردستان لەبارەی پڕۆژە پێشكەشكراوەكان

ھەندێكیان بە موزایەدەی دەزانن و ھەندێكی دیكە بە چارەسەر
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/bf77a072-eeff-471c-9b55-5c7df347554e/projei%20chaksazi.ism/manifest

K24 - سلێمانی:

ھاوكات لەگەڵ كۆبوونەوە و كۆنفرانسەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دارایی، پارتە سیاسییەكان چەندین پڕۆژەیان پێشكەشكردووە، ھەندێك لە لایەنە سیاسییەكان زۆریی ژمارەی ئەو پڕۆژانە بە موزایەدە دەزانن و ھەندێكی دیكەشیان بە چارەسەر.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (كوردستان24) سەعید پشدەریی، بەرپرسی لقی 4 پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "ئەو پێشبڕكێیە لە پێشكەشكردنی پڕۆژە، ئەوەندەی موزایەدەی حزبیی تێدایە، ھێندە لە بەرژەندیی گشتیی و بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكان نین كە ئێستا لە ھەرێمی كوردستان بوونیان ھەیە".

ھەر لەسەر ئەو پرسە شێخ لەتیف عومەر، لێپرسراوی مەڵبەندی 1ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە (كوردستان24)ی گوت: "كوردستان لەبەردەم ئایندەیەكی نادیارە و پێویستە لە یەكتر و لە میللەتەكەمان تێبگەین و گوێ لە یەكتر بگرین، دیالۆگ بكەین و پڕۆژە پێشكەش بكەین، پەیوەندیی دروست بكەین باشترە نەك بەربینە گیانی یەكتر".

ئەبوبەكر ھەڵەدنیی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان رای وایە: "زۆربەی ھێزەكان بەشدارن لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بۆیە پێویستە مامەڵەیەكی جیدی لەگەڵ ئەو پڕۆژانە بكەن".

گوتیشی: "دەبێ حكوومەت دەستخۆشیی لە ھەموو ئەو لایەنانە بكات كە پڕۆژە پێشكەش دەكەن، ھەروەھا بەڵێنیان پێبدات كە سوود لە پڕۆژەكانیان وەردەگرێت".

لێدوان و بۆچوونی جیاوازی پارتە سیاسییەكانی باشووری كوردستان لەبارەی پڕۆژەكانی چارەسەركردنی قەیرانی دارایی، لە كاتێكدایە بەھۆی شەڕی داعش و بڕینی بەشە بودجەی لە لایەن حكوومەتی عێراق، ھەرێمی كوردستان رووبەڕووی قەیرانی دارایی بووەتەوە و جگە لە كۆبوونەوەكانی حكوومەت زۆربەی لایەنە سیاسییەكان چەندین پڕۆژەیان بۆ چارەسەر پێشكەشكردووە.

داڕشتنەوە: ھەڤاڵ مەلا