رۆژنامەی جەوان: ئاژاوەگێڕان بەنیازن لە بەرگی نوێدا ئامانجەكانیان بەدیبێنن

رۆژنامەی شەرق: ئەو وڵاتانە بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن كە ئێران بەرھەمی خۆی كەمبكاتەوە، بەھەڵەچوون

K24 – ھەولێر:

ململانێی باڵی پارێزگاران و ریفۆرمخوازان لەگەڵ نزیكبوونەوەی رۆژی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی لە ئێران و پرسی بەرھەمھێنان و ھەناردەكردنی نەوت مژاری ئەمڕۆی چاپەمەنییەكانی ئێرانن.

سەروتاری رۆژنامەی رەسالەت سەبارەت بە بارودۆخی ئابووریی ئێران نووسیوێتی: "بە پێچەوانەی رێكلام و دروشمەكانی بەشێك لە ریفۆرمخوازان، باشتركردنی گوزەرانی ژیانی ھاووڵاتیان گرنگە و یەكەم كاری ئابووریی ناسانی ئێرانیش بەتایبەت ئەو كەسانی لەسەر لیستی حزب و گرووپە جیاوازەكاندا پاشگری ئابوورییناسیان بەخۆیانەوە ھەڵواسیوە، دۆزینەوەی نەھێنییەكانی باشتربوونی ئابووریی ئێرانە".

رۆژنامەی جەوان سەر بە سوپای پاسداران نووسیوێتی: "ئەزموونی ئاژاوەگێری دوای ھەڵبژاردنی خوولی دەیەمیی سەرۆك كۆماری (ھەڵبژاردنەوەی دووباری مەحموود ئەحمەدی نیژاد بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری كە ناڕەزایەتی بەشێكی بەرچاو لە دەنگدەرانی لێكەوتەوە) و شكستی ئاژاوەگێڕانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران كە بووە ھۆی لەدەستدانی پێگەی كۆمەڵایەتییان، ئەوانی ناچاركردووە لەسەروبەندی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێراندا ھەوڵبدەن رێكارەكانیان بگۆرن و ئامانجەكانیان لەبەرگی نوێدا بەێننەدی".

"ھەڵبژاردن بیانوویەكە بۆ كات بەسەربردنی ھاووڵاتیان"

رۆژنامەی شەھروەند لە سەروتاری خۆیدا سەرەتا كاریگەری بەشداریكردنی خەڵكی لە ھەڵبژاردن خستووەتەڕوو و نووسیوێتی: "پێویستە بگوترێ كەس بڕوای بەوە نییە، میدیاكانی ئێراندا ھەواڵەكانیان بێلایەنانە بڵاودەكەنەوە، ھۆكارەكەشی ئاشكرایە، چونكە میدیاكانی ئێران ھەرگیز راستیەكانی كۆمەڵگە ناگوازنەوە و ناتوانن رۆڵی خۆیان بێلایەنانە پێناسە بكەن".

لە گوشەی تەنزی رۆژنامەی وەقایعی ئیتفاقییە نووسراوە: "وردە وردە لە رۆژەكانی ھەڵبژاردن نزیك دەبینەوە و كاندیدەكان دێن و قسە دەكەن، بەمەش لانیكەم ماوەیەك ھاووڵاتیان بیانوویان بۆ كات بەسەربردن دەستدەكەوێت. ئەوەی جێی سەرنجە گوتەكانی ئەو كاندیدانەیە كە زۆرجار دەبنە ھۆی بۆژانەوی كەرتی كشتوكاڵیش، چونكە ئەو بەڵێنانی ئەوان بە ھاووڵاتیانی دەدەن لە گەرمای ھاوین بەتینترە بۆ گەشەكردنی سەوزەی و میوە".

بە گوتەی ئەو تەنزنووسە: "ھەندێك كەس بەڵێنی سەیروسەمەرە بە خەڵك دەدەن، وەك بلێی بڕیارە زیاتر لە 200 بۆ 300 كەس ببنە سەرۆك كۆمار. تەنیا خوا بكات ھاووڵاتیان ئاگاداری ئەوە بن ئەو سوپەرمان، سپایدەرمان، بێتمەنانەی كە دەچنە ئەنجوومەنەوە كێشەكانیان بۆ چارەسەر ناكرێت".

سەبارە بە رێككەوتنی وڵاتانی سعودییە، رووسیا، ڤنیزویلا و قەتەر لە دەوحەی پایتەختی قەتەر كە بەمەبەستی جێگیركردنی رێژەی بەرھەمھێنانی نەوتی خۆیان كۆبوونەوە و بڕیاریاندا  ھەناردكردنی نەوت بۆ بازاڕە جیھانییەكان كەمبكەنەوە، رۆژنامەی شەرق نووسیوێتی: " ئەگەر ئەو وڵاتانە بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن كە ئێران بەرھەمی خۆی كەمبكاتەوە، بەھەڵەچوون، با ئەوان بیرێك لە رابردوو بكەنەوە ئەو كاتەی ئێران ئیمكانی ھەناردەی نەوتی نەبوو، سعودییە و عێراق زیاتر لە پشكی خۆیان و نزیكەی دوو ملێۆن بەرمیل نەوتیان ھەناردەكرد، كەواتا با ھەر خۆیان ھەناردەكردنی نەوتیان كەمبكەنەوە".

ئامادەكردن: لەیلا قادریی