بەرپرسێكی ئێران: 50 كەسی سەر بە دژبەرانی ئێران خۆیان كاندیدكردووە

بەرپرسێكی ئێران: بۆ ئەو خوولەی ھەڵبژاردن كەسانێك خۆیان كاندید كردووە كە چەند ھەفتەیەكە لە بەندیخانە ئازادكراون یان تەنانەت ماوەی بەندكردنیان تەواو نەبووە

K24 – ھەولێر:

قەمبەر كەریمنیژاد، سەرۆكی نووسینگەی دەستەی چاودێریكردنی ھەڵبژاردن لە پارێزگای ورمێ رایگەیاند، نزیك بە 50 كەسی سەر بە گرووپە نەیارەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەشداریكردنی ھەڵبژاردن لە ئێران خۆیان كاندید كردبوو.

بە گوێرەی راپۆرتێكی ئاژانسی میھری ئێران، قەنبەر كەریمنیژاد لە دیدارێكی لەگەڵ چەند راوێژكارێكی خامەنەئی و گوتارخوێنی ورمێ، گوتی: "بۆ ئەو خوولەی ھەڵبژاردن كەسانێك خۆیان كاندید كردووە كە چەند ھەفتەیەكە لە بەندیخانە ئازادكراون یان تەنانەت ماوەی بەندكردنیان تەواو نەبووە و بەمەبەستی خۆكاندیدكردن مۆڵەتیان لە بەندیخانە وەرگرتووە  و ھاتوونەتە قایمەقامێتی ورمێ  و ناوی خۆیان تۆماركردووە، بەڵام سەرجەمیان رەتكراونەتەوە".

كەریمنژاد گوتیشی: "نزیكەی 50 كەس سەر بە گرووپە نەیارەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران خۆیان بۆ بەشداریكردن لە ھەڵبژاردن كاندید كردبوو و تەنانەت ناوی كەسیك لە نێو كاندیدەكاندا ھەبوو كە لە ساڵی 1980وە لە ھەموو خوولەكانی ھەڵبژاردندا خۆی كاندیدكردووە و رەتكراوەتەوە".

سەرۆكی نووسینگەی دەستەی چاودێریكردنی ھەڵبژاردن لە پارێزگای ورمێ ئەوەشی خستەڕوو: "ئێمە لێكۆڵینەوە بۆ مێژووی ژیانی سەرجەم كاندیدەكاندا دەكەین و رێگە نادین كەسانی ناشیاو بچنە ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، ئەو چاودێرییەش تا كۆتایی ژیانیان لەسەریان دەمێنێتەوە، بۆیە پێویستە لە چوارچێوەی یاسادا ھەنگاوبنێن".

پێشتر رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران ھۆشداری دابوو، كە ھەندێك لایەنی دژبەر دەیانەوێت لە رێگەی ھەڵبژاردن خۆیان بخزێننە ناو دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیی ئێران.

وەرگێڕان: لەیلا قادریی