لێژنەی باڵای فەتوا: لە كاتی تەنگانەدا بەخشین لە عەمرەکردن خێرترە

"هەرێمی کوردستان لەو کاتانەدا بە ئەزمەیەکی دارایی قورس تێپەڕ دەبێت، بۆیە هاونیشتیمانییە دەوڵەمەندەکان دەتوانن ماڵی خۆیان بەسەر هەژاراندا ببەخشن"

K24 – ھەولێر:

لێژنەی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بە لێكۆڵینەوەی كۆمەڵەی فەقیھەكانی ئیسلام رایگەیاند، لە كاتی تەنگانە و بارودۆخی خراپی ئابوورییدا، سەدەقە و خێركردن واجبترە لە عەمرەکردن.

لە دوای شەڕی داعش و ھاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە بۆ ھەرێمی كوردستان و ئەو قەیرانە داراییەی باڵی بەسەر كوردستاندا كێشاوە، ژمارەیەك ھاوڵاتیی سەبارەت بە بە جێگەیاندنی عەمرەکردن پرسیاریان ئاراستەی لێژنەی فەتوا كردووە، لە وەڵامیشدا لێژنەی باڵای فەتوا راگەیەندراوێكی ئاراستەی ھاوڵاتیان كرد كە ئەمە دەقەكەیەتی:

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

پرسیارێك ئاراستەی لێژنەی باڵای فەتوا کراوە: دەربارەی: (ئایا لە کاتی پێویستی و تەنگانەدا: چوونە گەشتی عومرە خێری زیاترە یان بەخشینی پارەکەی بۆ هەژاران؟)، بۆ روونکردنەوەی حوکمەکە لێژنەی باڵای فەتوا کۆبوویەوە لە رۆژی سێشەممە 16/2/2016، دوای لێکۆڵینەوە و گفتوگۆکردن و خستنە رووی رای زانایا فیقهزانەکانی مەزەبە ئیسلامییەکان و بە سوودوەرگرتن لە رایە هاوچەرخەکان و مەجمەعە فیقهییەکانی جیهانی ئیسلامی، لێژنەی باڵای فەتوا ئەم بڕیارەی خوارەوەی دا:

لە کاتی بوونی برسییەتی و هەژاری سەختدا سەدەقەو بەخشین خێرترو باشترە لە دووبارەکردنەوەی عومرە، تا دەگاتە پێشخستنی سەدەقەو بەخشین بەسەر حەجی واجبیش لە کاتی برسییەتیدا، حەطابی گەورە زانا رەحمەتی خوای لێ بێت لە (مواهب الجلیل) دەفەرمووێت: پرسیار لە ئیمامی مالیك کرا: کامەیان بەلای تۆوە پەسەند و باشترە، حەجکردن یان سەدەقە و بەخشین؟ لە وەڵامدا گووتی: حەج، مەگەر برسییەتی هەبێت.

بە کورتی: صەدەقەکردن لە کاتی پێویستی و برسییەتی سەختدا خێرترە لە عومرەی سووننەت، چونکە خیری عومرەکە تەنها بۆ خاوەنەکەیەتی، بەڵام صەدەقەکردن بەسەر پێویست و برسیانەوە سوودەکەی لە خاوەنەکەی تێدەپەڕێت، ئەوەی خێرەکەشی لە خاوەنەکەی تێپەڕ ببێت خێرترە لەوەی خێرەکەی تەنها بۆ خاوەنەکەی بێت، ئەوە بەشێوەیەکی گشتی هەژاری موسڵمانان لە هەموو شوێنێك دەگرێتەوە، بەڵام ئەو هەژارانەی لە وڵاتەکەی خۆتدان لە پێشتر لەوانەی لە دەرەوەی ئەم ولاتەن، خوای گەورە دەفەرمووێت: (إِنَّ الْمُصَّدِّقِينَ وَالْمُصَّدِّقَاتِ وَأَقْرَضُوا اللَّهَ قَرْضًا حَسَنًا يُضَاعَفُ لَهُمْ وَلَهُمْ أَجْرٌ كَرِيمٌ)، واتە: (بەڕاستی ئەو پیاو و ژنانەی صەدەقە و خێراتی واجب و سوننەت ئەدەن بە کەسانی موستەحەق، ئەوانەی ماڵی خۆیان بە دڵێکی ساف و نیازێکی پاك بە قەرز ئەدەن بە خوا بە قەرزێکی جوان، ئەوانە خیرو حەسەنات و قەرزەکانیان بۆ دوو قات ئەکرێتەوەو پاداشتێکی باش و دەس بڵاوانەیان بۆ هەیە).

بێگومان دەزانین کە هەرێمی کوردستان لەو کاتانەدا بە ئەزمەیەکی دارایی قورس تێپەڕ دەبێت، بۆیە هاونیشتیامانییە دەوڵەمەند و خواپێداوەکان دەتوانن ماڵی خۆیان بەسەر هەژار و پێویستەکان ببەخشن لە بری چوونە عومرەو دووبارەکردنەوەی لە کاتی ئێستادا... بێگومان خوای گەورە زاناترینە.

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان

لێژنەی باڵای فەتوا