داوودئۆغڵو: یەپەگە تەقینەوەكەی ئەنقەرەی ئەنجامداوە

K24 - ھەولێر:

سەرۆك وەزیرانی توركیا رایگەیاند، تەقینەوەكەی دوێنێی ئەنقەرە لە لایەن یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)وە ئەنجامدراوە.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، ئەحمەد داوودئۆغڵو، سەرۆك وەزیرانی توركیا، ئەمڕۆ رایگەیاند: "تەقینەوەكەی دوێنێی ئەنقەرە لە لایەن یەپەگەوە ئەنجامدراوە".

سەرۆك وەزیرانی توركیا گوتیشی: "خۆكوژەكە لە سووریا ھاتووەتە ناو خاكی توركیا و ناوی سەڵاح نەجاڕە و ئەندامی یەپەگە بووە و خەڵکی شاری حەسەکەی سووریایە".

داوودئۆغڵۆ ئەوەشی گوت: "تا ئێستا بەرپرسانی ئەمنیی تورکیا 9 کەسیان دەستگیر کردووە، کە گومان دەکرێت پەیوەندییان بە ھێرشەکەی ئەنقەرەوە ھەبووبێت".

ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ تەقینەوەیەكی خۆكوژیی لە نزیك باڵەخانەی فەرماندەی ھێزە زەمینییەكانی توركیا لە ئەنقەرە روویدا، بەو ھۆیەوە 28 كەس گیانیان لە دەستدا و 61 دیکەش برینداربوون.

بە گوتەی بەرپرسانی توركیا ئەو تەقینەوە بە رێگەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو ئەنجامدراوە و به‌ كاروانێكی گواستنه‌وه‌ی سه‌ربازانی توركیا ته‌قیوه‌تەوە، كه‌ چه‌ند مه‌ترێك له‌ باڵەخانەی په‌ر‌له‌مانی ئه‌و وڵاته‌ دووربووە و چوار پاسی گواستنه‌وه‌ی سه‌ربازانی توركیای كردووه‌ته‌ ئامانج.

هاوکات میدیاكانی توركیا بڵاویانكرده‌وه‌، ته‌قینه‌وه‌کە له‌ گه‌ڕه‌كی قیزیلای ئه‌نقه‌ره‌ روویداوه‌.

ئا: ھەڤاڵ مەلا