تەقینەوەیەک لە باکووری کوردستان روویدا

"کوژراو و برێنداری لێکەوتووەتەوە"

K24- هەولێر:

ئەمڕۆ تەقینەوەیەک لە شاری ئامەد لە باکووری کوردستان روویدا و کوژراو و بریندراوی لێکەوتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی (کوردستان24) تەقینەوەکە لە کاتی تێپەڕبوونی کاروانێکی سەربازیی سوپای تورکیا لە باکووری کوردستان لەسەر رێگەی شارۆچکەی لیجە و شاری ئامەد روویداو بووە هۆی کوژران و برینداربوونی چەند کەسێک کە هێشتا ژمارە و ناسنامەیان نادیارە.

هاوکات فەرماندەیی سوپای تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە: "تەقینەوەکەی ئەمڕۆی باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا بووە هۆی کوژرانی شەش سەرباز و برینداربوونی سەربازێکی دیکە".

ئەم تەقینەوە لە کاتێکدایە شەوی رابردوو تەقینەوەیەک لە شاری ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا روویدا و بووە هۆی کوژرانی 28 کەس و برینداربوونی 61ی دیکە.

هاوکات سەرۆکی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆک وەزیرانی تورکیا، ئەحمەد داوودئۆغڵۆ ئەمڕۆ یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) یان بە ئەنجامدانی تەقینەوەکەی ئەنقەرە تۆمەتبار کرد.

بەڵام ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) ئەمڕۆ لە رێگەی (کوردستان24) وە وەڵامی ئەردۆغان و داوود ئۆغڵۆی دایەوە و تۆمەتەبارکردنی یەپەگەی بە ئەنجامدانی تەقینەوەکەی ئەنقەرەی رەتکردەوە.

ئامادەکردن: ئاسۆ فیشەگیی