سامانە سروشتییەكان: ھەناردەكردنی نەوتی هەرێمی کوردستان راوەستا
K24- ھەولێر:
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەھۆی ھێرشكردنە سەر بۆڕییە نەوتییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و توركیا ھەناردەكردنی نەوت راوەستا.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "لە نزیك شاری ئورفە لە باكووری كوردستان ھێرشكراوەتە سەر بۆڕییە نەوتییەكانی ھەرێمی كوردستان و بەھۆی ئەو ھێرشانەوە ھەناردەی نەوت لە 16 ئەم مانگەوە وەستێنراوە".
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەشڵێ: "ھێرشی لەو جۆرە كاریگەریی خراپی لە سەر داھاتی ھەرێمی كوردستان و توانای حكوومەت دەبێت بۆ دابینكردنی مووچەیی ھێزی پێشمەرگە كە لە دژی چەكدارانی داعش شەڕ دەكەن".
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە راگەیندراوەكەدا ئاماژە دەکات: "بەھۆی دابەزینی نرخی نەوت، ھەرێمی كوردستان رووبەڕووی قەیرانی دارایی بووەتەوە و ئەو ھێرشانەش ئەركی حكوومەتی ھەرێم قورستر دەكەن".
ھاوكات وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئیدانەی ئەو جۆرە ھێرشانە دەكات و دەڵێ: "ئەو جۆرە ھێرشانە تەنیا زیان بە ھاوڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دەگەیەنن".
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە مانگی رابردوو، راپۆرتی پەیوەست بە ھاناردەكردنی نەوتی ھەرێمی كوردستانی بڵاوكردەوە و ئاشکرای کرد کە لە مانگی یەکی ئەم ساڵ 18 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە رێی بەنەدەری جەیھانی توركیا ھەناردە كردووە.
ئامادەكردن: ھاوار عەبدولرەزاق
داڕشتنەوە: شنۆ محەممەد