ساڵح موسلیم له‌ رێگەی کوردستان 24 ه‌وه‌ وەڵامی تورکیا دەداتەوە

سەرۆک وەزیرانی تورکیا یەپەگەی بە ئەنجامدانی تەقینەوەکەی ئەنقەرە تۆمەتبار کرد
kurdistan24.net

K24- هەولێر:

ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) لە رێگەی کوردستان24 ه‌وه‌ وەڵامی سەرۆک وەزیرانی تورکیای دایەوە.

ئەمڕۆ، سه‌رۆك وه‌زيرانى توركيا ئه‌حمه‌د داوودئۆغڵۆ، هێزى یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی بە ئەنجامدانی تەقینەوەکەی شه‌وى رابردووى ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا تۆمەتبار کرد.

له‌ لێدوانێكى تايبه‌تدا بۆ كوردستان 24، هاوسه‌رۆكى پارتيى يه‌كێتيى ديموكراتيى كورديى ساڵح موسليم، ئه‌و تۆمەتانەی سەرۆک وەزیرانی تورکیای رەتکردەوە.

ساڵح موسليم رایگەیاند، "داوودئۆغڵو لە خەیاڵی خۆیەوە ئەو جۆرە قسانە دەكات، ئەو خۆكوژەی ئەو گوتی، ئەندامی یەپەگەیە دوور و نزیك نایناسین، ئەو شتانەی داوودئۆغڵۆ دەیڵێن ھیچی راست نین، ھەموو كەس دەزانێت ئامانجیان  لەو قسانە چیە".

هاوسه‌رۆكى په‌يه‌ده‌ گوتیشی: "توركیا ئامادەكاری دەكات بۆ ھێرشكردنە سەر رۆژئاوا و ھەفتەیەكە ھێرەشەكانیان نەوەستاندوە، ئێستا ھێزەكانی سووریای دیموكرات لە رۆژئاوا پێشڕه‌وى ده‌كه‌ن و داعش و بەرەی نوسرە لە شكستدان، ئیتر بەرگە ناگرن و دەیانەوێت بیانوێك بدۆزنەوە بۆ ئەوەی ھێرش بكەنە سەر رۆژئاوای كوردستان".

ھاوسەرۆكی پەیەدە جەختیكردەوە ئەو تەقینەوانە پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە و كێشەی ناوخۆیی توركیایە و گوتی: "ئەو كەسە ناناسین بۆیە داوا دەكەین لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو پرسە و ناسنامەی خۆكوژەكە بكرێت، بە بڕوای من ئەو تەقینەوانە پەیوەندی بە كێشەی ناوخۆییەكانی توركیاوە ھەیە، ھیچ پەیوەندیەكی بە ئێمەوە نییە".

موسلیم، ئەوەشی خستەڕوو: "په‌يه‌ده‌ دژ بە تیرۆریزم شەڕ دەكات و توركیا ھیچ مافێكی نییە دەست بخاتە كاروبارى ناوخۆی سووریا، ئەوە بۆ توركیا و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست كارێكی باش نییە".

لە بارەی ھەڵوێستی ئەمریكا بەرامبەر بە ھێرش و بۆردومانەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان ساڵح موسلیم، گوتی: "بێگومان پەیوەندی ھێزەكانی سووریای دیموكرات و ئەمریكا و ھێزە نێودەوڵەتیەكان باشە، بۆیە باوەڕ ناكەم دەستدرێژی توركیا بۆ سەر ھێزەكانی سووریای دیموكرات قبوڵ بكات".

ئا: ھەڤاڵ مەلا