سه‌ربه‌خۆیی كوردستان یارمه‌تی شكاندنی داعش ده‌دات

K24- هه‌ولێر
شه‌ڕ له دژی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی(داعش) به هه‌موو هێزه‌وه له سوریا و عێراقدا به‌رده‌وامه. كورد له هه‌ردوو وڵاته‌كه‌دا كاریگه‌رترین شه‌ریكی هه‌وڵه‌كانی هاوپه‌یمانانن به سه‌ركردایه‌تی ئه‌مریكا بۆ له ریشه هه‌ڵته‌كاندنی جیهادییه‌كان، به‌ڵام ركابه‌ری ته‌قلیدی نێوان لایه‌نه‌كانی كوردی عێراق و گرژییه‌كانی نێوان هێزه‌كانی كوردی عێراق و سوریا له‌سه‌ر زه‌وی ئاسته‌نگی به‌رده‌م ئه‌م هه‌وڵانه‌ن. رێگه‌نه‌دانی توركیا به كردنه‌وه‌ی بنكه‌ی ئاسمانی ئینچه‌رلینك بۆ ئه‌ركه‌كانی جه‌نگ ئاسته‌نگێكی دیكه‌یه.
سایتى ئه‌لمۆنیته‌ر له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی، كه سه‌رۆكایه‌تی ده‌زگای هه‌واڵگری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات له‌باره‌ی ته‌حه‌دییه‌كانی روبه‌ڕووی به‌ره‌ی هاوپه‌یمانی دژه داعش ده‌بێته‌وه، ئه‌م دیمانه‌یه‌ی سازكرد. بارزانی كه پۆسته فه‌رمیه‌كه‌ی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستانه، كوڕه گه‌وره‌ی مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانه. دیپلۆماتكارانی رۆژئاوا ده‌ڵێن، ئه‌و زۆر له باوكی ده‌چێت_ حه‌زی له خۆده‌رخستن نییه و له بڕوا و متمانه به‌خۆكردنیشدا كه‌سێكی جێگیره. دیمانه‌كه له باره‌گای سه‌ره‌كی سه‌رۆكایه‌تیی، كه ده‌كه‌وێته باكوری هه‌ولێری پایته‌خت به‌ڕێوه‌چوو. ئه‌مه‌ش ده‌قی دیمانه‌كه‌یه.
ئه‌لمۆنیته‌ر: شه‌ڕ دژی داعش چۆن به‌ڕێوه‌ده‌چێ؟
مه‌سرور بارزانی: ئێمه هه‌ڵكشان و داكشانمان هه‌بووه. داعش له پێشڕه‌وی وه‌ستێنراوه و له زۆر به‌ره‌دا شكاوه. ئێمه ناوچه‌یه‌كی فره‌وانمان ئازاد كردووه، كه زۆربه‌ی رۆژئاوای روباری دیجله به ره‌بیعه و زومماریشه‌وه ده‌گرێته‌وه. ناوچه‌كانی باشووری هه‌ولێر له نزیك مه‌خموور و گوێڕ، هه‌روه‌ها ناوچه‌كانی رۆژاوا و باشوری رۆژئاوای كه‌ركووك له نێوان هه‌ولێر و كه‌ركووكیش رزگار كراون. هه‌روه‌ها ئێمه جه‌له‌ولا و سه‌عدیه‌شمان له خانه‌قین رزگار كردووه. واته به هه‌مووی نزیكه‌ی 20 هه‌زار كیلۆمه‌تری چوارگۆشه ده‌بێت. به داخه‌وه له مانگی ئابی رابردوودا( له‌و رۆژه‌ی داعش په‌لاماری هه‌ولێری دا) ئێمه نزیكه‌ی 1280 پێشمه‌رگه‌مان شه‌هید بووه و نزیكه‌ی 7 هه‌زاریش بریندارمان هه‌یه. به‌ڵام نزیكه‌ی 11 هه‌زار تیرۆریستیش له داعش كوژراوه چ له لایه‌ن هێزه‌كانمانه‌وه له‌سه‌ر زه‌وی چ له لایه‌ن هێرشه ئاسمانیه‌كانی هاوپه‌یمانان. بۆ ماوه‌یه‌ك هه‌ستمان كرد داعش له پاشه‌كشه دایه، به‌لام كه‌وتنی رومادی( له عێراق) و ته‌دمور( له سوریا) له هه‌ردوو رووی لۆجستی و مۆرالیه‌وه ته‌كانێكی به‌هێزی به داعش دا. ئه‌مه‌ش په‌یامێكی روونی ئەوان بوو بۆ خه‌ڵكی ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستیان، كه ((ئێمه توانای خۆدووباره رێكخستنه‌وه و هێرشكردنمان هه‌یه)) و ((ئەوان بەو ئاسانییە ناشکێن)).
ئه‌لمۆنیته‌ر: چی دیكه پێویسته زیاتر بكرێ؟
مه‌سرور بارزانی: من هیچ گومانم نییه، كه داعش ده‌شكێ، ئه‌مه له‌سه‌ر كات وه‌ستاوه. به راشكاوی، جگه له كورد كه‌س لە ئاستی پێویستدا ئەرکی خۆی جێبەجێ نەکردووە.
ئه‌لمۆنیته‌ر: به‌ڵام پشتیوانی هاوپه‌یمانان كارایی خۆی سه‌لماندووه؟
مه‌سرور بارزانی: به ته‌ئكید، به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان هه‌موو به‌شدارن، به‌ڵام به خێراییه‌كی پێویست كاریان نه‌كردووه. ئێمه هێشتا چاوه‌ڕوانین له لایه‌ن هاوپه‌یمانان راهێنان به هێزی نوێی(دژ به داعش) له عێراق و سوریا بكرێ. داعش كات بۆ به‌سه‌ربازگرتنی خه‌ڵكی زیاتر به‌كارده‌هێنێ و خه‌ڵكی بێگوناهی زیاتریش له‌ناو ده‌چن. كه‌واته، ئەو پرسیاره‌ی ده‌مێنێته‌وه ئه‌وه‌یه، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی چه‌ند سوره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌زوویی داعش بشكێ؟
ئه‌لمۆنیته‌ر: توركیا وه‌ك پێویست پابه‌ندی ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه نه‌بووه، وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌ندامی هاوپه‌یمانه‌كه‌یه. بۆ نموونه رێگه‌ی به فڕۆكه‌ی هاوپه‌یمانان نه‌دا بنكه‌ی ئینجه‌رلینك به‌كاربهێنێ. ئێمه ئه‌وه‌ش ده‌زانین باوكت به‌تایبه‌تی له ته‌ده‌خول نه‌كردنی توركیا زۆر بێ هیوا بوو كاتێك داعش له هاوینی رابردوو په‌لاماری هه‌ولێری دا؟
مه‌سرور بارزانی: ئه‌وه كاری من نییه كاری حكوومه‌ته‌كان شیبكه‌مه‌وه و به توركه‌كان بڵێم چ بكه‌ن. به‌ڵام راستیه‌كان روون و ئاشكران، كه چۆن هه‌ر وڵاتێك بۆخۆی مامه‌ڵه و هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ ئه‌و كێشه تایبه‌تیه‌دا ده‌كات. ئێمه چاوەڕوانیی زیاترمان له توركیا هه‌یه. ئه‌وان ده‌بێ زۆر له‌وه زیاتر بكه‌ن، كه ئێستا ده‌یكه‌ن. ئه‌وان ئه‌ندامی ناتۆن، كه‌واته ده‌بێ له‌گه‌ڵ ته‌واوی ئه‌ندامانی هاوپه‌یمانان كار بۆ دانانی سیستمێكی كاركردن بكه‌ن، كه چۆن توركیا بتوانێ باشتر به‌شدار بێت. ئێمه له تێكچوونی بارودۆخ له سوریا نیگه‌رانین ، هه‌روه‌ها له تێكچوونی پرۆسه‌ی ئاشتی كورد له توركیا. ئه‌وه‌ی ئێمه حه‌ز ده‌كه‌ین رووبدات، تێكشكانی داعشه، هه‌روه‌ها پرۆسه‌ی ئاشتی خێرا بكرێ بۆئه‌وه‌ی هه‌تاهه‌تایێ كێشه‌ی تورك و كورد له‌ناو توركیا بێته چاره‌سه‌ركردن.
ئه‌لمۆنیته‌ر: به‌ڵام هه‌ڵویستی توند له لێدوانه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگانی سه‌رككۆمار و حكوومه‌تی توركیا ده‌خرێته‌ڕوو. ئه‌ردۆگان گوتی رێگه نادات ده‌وڵه‌تی كوردی له‌سه‌ر سنووری توركیا بێته دروست بوون، رۆژنامه‌یه‌كی نزیك له حكومه‌تیش یه‌په‌گه‌ی به هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌تر له داعش وه‌سف كرد بوو؟
مه‌سرور بارزانی: پێموایه ده‌بێ توركیا زیاتر له بوونی داعش له سه‌ر سنووره‌كانی توركیا نیگه‌ران بێت، له راستیدا ده‌بوو توركیا به‌مه ئاسووده بێت، به‌وه‌ی كورد وه‌ك دۆستی تورك سنووره‌كانیان كۆنترۆڵكردووه نه‌ك داعش، كه دوژمنی ته‌وای جیهانه.
من، كه ده‌ڵێم كورد، تایبه‌ت مه‌به‌ستم له یه‌په‌گه نییه، من باس له زۆر هێزی دیكه‌ی كورد ، پارتی دیكه‌ی سیاسی ( وه‌ك پارتی دیموكراتی كوردستان له سوریا) ده‌كه‌م ، كه میانڕۆن. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر توركیا له گرووپێكی تایبه‌ت(یه‌په‌گه) نیگه‌رانه، پێموایه ده‌بێ یارمه‌تیده‌ر بێ بۆ دامه‌زراندنی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ل هه‌موو هێزه میانڕۆكان ، ئه‌مریكاش له هه‌وڵی هاندانی ئه‌مه دایه( هاریكاری له نێوان یه‌په‌گه و پارتی دیموكراتی كوردستان له سوریا)، له‌به‌رئه‌وه‌ی تاكه رێگه‌ی به‌ره‌و‌پێشچوونه. ئێمه پێمانوایه ده‌بێ هه‌موو پارته‌كان ده‌رفه‌تی ره‌وایان بۆ به‌شداریكردن و كاركردن له كوردستانی سوریا هه‌بێ. هه‌روه‌ها شه‌ڕ دژی داعش مانای ئه‌وه نییه كه ده‌ستبه‌جێ كوردستان سه‌ربه‌خۆ ده‌بێت.
ئه‌لمۆنیته‌ر: ئێوه سه‌ربه‌خۆییتان بۆ كوردستانی عێراق ناوێ؟
مه‌سرور بارزانی: پێموانییه عێراق پرۆژه‌یه‌كی عه‌مه‌لی و گونجاو بێت، ئێستا كاتی ئه‌وه هاتووه جیهان له‌وه بگات، كه سیستمی فاشیل پێویستی به پێداچوونه‌وه هه‌یه. دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌مان هه‌ڵه و باوه‌ڕهێنان به‌وه‌ی ئه‌نجامی جیاوزت ده‌داتێ كارێكی دروست و عه‌قلانی نییه، ئه‌مه‌ش بۆ عێراق زۆر راسته. ئێمه چه‌ندینجار هه‌وڵماندا پشتیوانی له حكوومه‌تێكی ناوه‌ندی به‌هێز و یه‌كگرتوو له به‌غدا بكه‌ین؟ به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو. كوردستان له‌لایه‌ن كورد كۆنترۆڵكراوه، ناوچه سوننه‌نشینه‌كان له‌لایه‌ن داعش كۆنترۆڵكراوه و ناوچه شیعه‌نشینه‌كانیش له‌لایه‌ن هێزه‌كانی شیعه و حشدی شه‌عبییه‌وه كۆنترۆڵكراوه، سه‌رۆكوه‌زیران حه‌یده‌ر ئه‌لعه‌بادی هه‌وڵی گه‌وره‌ی دا شته‌كان جێگیر بكاته‌وه، بۆیه ده‌بێ حكوومه‌تی عێراق ئه‌م راستییه قبوڵ بكات و به‌دوای چاره‌سه‌ری دیكه‌دا بگه‌ڕێ. ئێمه باس له جیابوونه‌وه‌یه‌كی به‌زۆر ناكه‌ین، به‌لكو قسه له‌سه‌ر جیابوونه‌وه‌یه‌كی دۆستانه ده‌كه‌ین.
ئه‌لمۆنیته‌ر: ئه‌دی له‌باره‌ی كه‌ركووكه‌وه چی؟
مه‌سرور بارزانی: ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی به‌غدا هێنده دڵنیایه، كه كه‌ركووك به‌شێكه له عێراق، بۆ تا ئێستا ماده‌ی 140ی ده‌ستووری عێراقی جێبه‌جێ نه‌كردووه؟ كه به راشكاوی ده‌ڵێ ریفراندۆم بۆ دۆخی كه‌ركووك پێویسته، به‌ڵام بۆ هه‌میشه ریفراندۆم دواده‌خرێ؟
ئه‌لمۆنیته‌ر: ئێوه ده‌ڵین داعش به درێژایی سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان ناوچه عه‌ره‌بیه سوننه‌نشینه‌كانی كۆنترۆڵكردووه. چۆن وا ده‌كه‌ن داعش سه‌ربه‌خۆیی كوردستان قبوڵ بكات؟
مه‌سرور بارزانی: داعش به‌شێك نییه له هیچ دیالۆگێكدا، داعش ده‌بێ تێكبشكێندرێ.
ئه‌لمۆنیته‌ر: ئێوه ده‌ڵین پێویسته داعش تێكبشكێندرێ پێش ئه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی رابگه‌یه‌نن؟
مه‌سرور بارزانی: نه‌خێر، ئێمه وا ناڵێین له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه نازانین تا چه‌ندی دیكه داعش له‌سه‌ر زه‌وی ده‌بێت، ئه‌وله‌ویه‌تی ئێمه شه‌ڕی داعشه، به‌ڵام كۆتایهێنان به داعش به مانای كۆتایی تیرۆر نییه، چونكه له زۆر فۆرمی دیكه دێته‌كایه‌وه.
ئه‌لمۆنیته‌ر: ئایا ئێوه سه‌ركه‌وتووتر و چالاكتر شه‌ڕی ئەوان ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆ بن؟
مه‌سرور بارزانی: به‌ڵێ.
ئه‌لمۆنیته‌ر: ئایا ده‌كرێ روونی بكه‌یته‌وه؟
مه‌سرور بارزانی: ئێمه ده‌توانین له كڕینی چه‌ك بۆ خۆمان له‌رووی چه‌ندایه‌تی و جۆرایه‌تی و له كاتی خۆیدا رێككه‌وتنی خۆمان بكه‌ین. چونكه به داخه‌وه تا ئێستاش بۆ ئێمە پرۆسەی بەدەست هێنانی چەک لە ڕووی کات و لە ڕووی جۆر و چەندایەتییەوە پرۆسەیەکی پڕ کێشە و سەختە.
ئه‌لمۆنیته‌ر: ئایا هەبوونی بنكه‌یەکی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان بۆ پاراستنی ئێوه یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت ؟
مه‌سرور بارزانی: كه‌ی كوردستان سه‌ربه‌خۆ بوو من ده‌توانم وه‌ڵامه‌كه‌ت بده‌مه‌وه.
ئه‌لمۆنیته‌ر: ئایا ئێوه مه‌زه‌نده‌ی سیناریۆی ئه‌وه ده‌كه‌ن، ناوچه كوردنشینه‌كانی سوریا ببنه به‌شێك له كوردستانی سه‌ربه‌خۆ، كه پایته‌خته‌كه‌ی هه‌ولێر بێت؟
مه‌سرور بارزانی: من نازانم، نامه‌وێ خۆم به مه‌زه‌نده سه‌رقاڵ بكه‌م. ئامانجی ئێمه له كوردستانی عێراق، جه‌خت كردنه له‌سه‌ر كوردستانی عێراق، كه ئیداره‌یه‌كی شه‌رعی و قانوونی و دانپێدانراو‌ی هه‌یه. ئێمه ده‌مانه‌وێ له‌سه‌ر بنه‌مای رێزگرتنی به‌رامبه‌ر په‌یوه‌ندی دۆستایه‌تیمان له‌گه‌ڵ هه‌موو دراوسێكانمان هه‌بێ.
ئه‌لمۆنیته‌ر: توركیا ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه ده‌خوازێ له‌سه‌ر شنگال ناوبژیوانی له نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌په‌گه/ په‌كه‌كه‌دا بكات، گرژییه‌كانی نێوان هێزه‌كانی ئێوه و یه‌په‌گه/ په‌كه‌كه، کاریگەریی دیاری هەبووە له سەر پرۆسەی رزگاركردنی شنگال، ئه‌وه‌ش ئاشكرایه، ئێوه ده‌تانه‌وێ یه‌په‌گه شنگال جێبهێڵێ و ئه‌وان رەتی ده‌كه‌ن؟
مه‌سرور بارزانی: توركیا ویستی رۆڵ ببینێ، به‌ڵام كه‌مێك دوا كه‌وت، كاتێك كورد له‌لایه‌ن داعشه‌وه په‌لامار درا، پێشبینی و چاوه‌ڕوانیه‌كه له توركیا ئه‌وه بوو،كه له‌ڕێگه‌ی دابینكردنی یارمه‌تی و پشتیوانی كه كورد پێویستی پێ بوو، رۆڵێكی گه‌وره‌تر بگێڕێ.
شنگال مه‌سه‌له‌یه‌كی ته‌واو جیاوازه. شنگال قوڵایی ناو خاكی ئێمه‌یه، كێشه‌ی ئه‌وێ( داگیركردنی له‌لایه‌ن داعش) له‌ڕێگه‌ی یارمه‌تی هێرشه ئاسمانیه‌كانی هاوپه‌یمانان، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌وه چاره‌سه‌ركرا. شنگال ناوچه‌یه‌كی كوردییه له‌ناو عێراقدا، په‌یه‌ده( باڵی سیاسی یه‌په‌گه) میوانه، رێك وه‌ك ئه‌وه‌ی كاتێك هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی ئێمه بۆ یارمه‌تیدانی ئه‌وان چوونه كۆبانێ، به‌ڵام پاشان گه‌ڕانه‌وه. دواتر ئه‌وه ئاوات و هیوای خه‌ڵكی كوردستانی عێراقه، كه له كۆتاییدا چه‌كدارانی میوان بڕۆن و بگه‌ڕێنه‌وه ئه‌و شوێنه‌ی لێوه‌ی هاتوون.
ئه‌لمۆنیته‌ر: ئه‌وه هیوای گه‌وره‌ی كوردی هه‌موو شوێنه‌كانه، كه ئێوه ته‌جاوزی جیاوازییه‌كانتان بكه‌ن و یه‌كگرتوو بن، من له زۆر كه‌سم گوێ لێبووه، پێویسته سوپایه‌كی یه‌كگرتوو له هه‌موو گرووپه جیاوازه‌كانی كورد بێته دامه‌زراندن؟
مه‌سرور بارزانی: ئێمه له بنه‌ڕه‌ته‌وه به‌رامبه‌ر داعش یه‌كگرتووین، له به‌ره‌كانی شه‌ر كوردی عێراق، ئێران، سوریا و توركیا هه‌یه. سه‌باره‌ت به سوپایه‌كی یه‌كگرتووی كوردی بۆ هه‌موو گرووپه جیاوازه‌كانی كورد، ئێوه پێویسته له هه‌قیقه‌تی سه‌ر زه‌وی بگه‌ن، له‌وانه‌یه جارێ زوو بێت بیر له روودانی ئه‌مه بكه‌یته‌وه، نه‌خاسمه له‌به‌ر رۆشنایی بارودۆخی كوردستانی عێراق، بۆیه باشتره بۆ كوردی پارچه‌كانی دیكه یارمه‌تی هه‌رێمی كوردستانی عێراق بده‌ن.
ئه‌لمۆنیته‌ر: ئه‌مه له شنگال چۆن ته‌رجه‌مه ده‌كرێ؟
مه‌سرور بارزانی: وه‌ك گوتم، په‌كه‌كه هیچ رۆڵ نییه بیگێڕێ. پێویسته بكشێنه‌وه و ده‌بێ بشكشێنه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی خه‌ڵكی شنگال خۆیان بڕیار له ئاینده‌ی خۆیان ده‌ده‌ن و ئه‌مه‌ش كوردستانی عێراقه. ئایا په‌كه‌كه خۆشحاڵ ده‌بێ ئه‌گه‌ر پارته سیاسیه‌كانی كوردی ناو عێراق ده‌ست له كاروباری دیاربه‌كر یا ماردین وه‌ربده‌ن؟ به‌ڵام له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌ناو توركیا پارتی دیكه هه‌یه، بێگومان ده‌بێ ئه‌وانه رێگه‌یان پێ بدرێ رۆڵ بگێڕن. ئێمه بڕوامان به سیستمی فره‌حزبی هه‌یه. ده‌بێ چه‌كدارانی په‌یه‌ده- په‌كه‌كه بكشێنه‌وه، كاتێك دۆخه‌كه ئاسایی بۆوه.
ئه‌لمۆنیته‌ر:ئه‌دی چی ده‌رباره‌ی بوونی په‌كه‌كه له چیای قه‌ندیل؟
مه‌سرور بارزانی: ئه‌وه خاكی كوردستانی عێراقه و ده‌بێ جێی بهێڵن. ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له‌و سه‌به‌بانه‌ی، كه ئێمه بۆچی هێنده په‌رۆشین پرۆسه‌ی ئاشتی كورد له‌ناو توركیا سه‌ركه‌وتوو بێت. ئێمه هیوادارین ئه‌م كێشه‌یه به ئاشتیانه بێته چاره‌سه‌ركردن.
ئه‌لمۆنیته‌ر: ئێوه چه‌ند له كاریگه‌رییه‌كانی ئێران و یه‌كه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی نیگه‌رانن؟
مه‌سرور بارزانی: ئێمه رێز له ده‌سكه‌وتی یه‌كه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌گرین، به‌ڵام پێویسته دۆخه‌كه‌یان روون بكرێته‌وه. واته پێویسته ئه‌وان له ژێر سه‌رپه‌رشتیارێكی قانوونی‌دا بن و به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانی عێراقیش به‌رپرسیار بن، له‌بری ئه‌وه‌ی ركابه‌ری یه‌كدی بكه‌ن پێویسته ته‌واوكه‌ری یه‌كدی بن. به‌هه‌رحال به‌پێی ده‌ستووری عێراقی هه‌رێمه‌كه‌ی ئێمه له‌لایه‌ن هێزه‌كانی خۆمانه‌وه ده‌پارێزرێت و كۆنترۆڵه، واته پێویست به‌وه ناكات خه‌ڵكی دیكه بێت. وه‌ك ئه‌وه‌ی گوتم، ئێمه ده‌مانه‌وێ په‌یوه‌ندی دۆستایه‌تیمان له‌گه‌ڵ هه‌موو دراوسێكانمان به ئێرانیشه‌وه هه‌بێت و ئه‌م په‌یوه‌ندیانه‌شمان له‌سه‌ر بنه‌مای رێزگرتنی به‌رامبه‌ر بێت. ئه‌وان ناتوانن وه‌ك پاشكۆ یا نزم سه‌یری ئێمه بكه‌ن.
ئه‌لمۆنیته‌ر:ئه‌وه ده‌كه‌ن؟
مه‌سرور بارزانی: له هه‌ندێ ناوچه‌دا ئه‌وه‌یان كردووه، به‌ڵام بێگومان له كوردستان نا، كوردستان جیاوازه.
ئه‌لمۆنیته‌ر: پێشتر ئێران ده‌ستی له كاروباری كوردستانی عێراق وه‌رداوه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له نه‌وه‌ده‌كان یارمه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانی دا له داگیركردنه‌وه‌ی سلێمانی له پارتی دیموكراتی كوردستاندا؟
مه‌سرور بارزانی: بێگومان له ناكۆكی له نێوان لایه‌نه‌كاندا، پشتبه‌ستن به‌لایه‌نی سێیه‌م هه‌یه. ئامانجی ئێمه و ئامانجی سه‌رۆكی ئێمه دروستكردنی كوردستانێكی دیموكرات و بوژاوه‌یه، كه رێز له دراوسێكانی بگرێ. ئێمه له‌وه ده‌گه‌ین گوشار له‌سه‌ر كوردستان هه‌یه له دراوسێكانه‌وه، به‌ڵام له كۆتاییدا ئه‌وه له‌سه‌ر كورد خۆی وه‌ستاوه تێ بگات، كه له راستیدا یه‌كگرتوویی گه‌ره‌نتی سه‌ركه‌وتنیانه.
ئه‌لمۆنیته‌ر: خولی سه‌رۆك له مانگی ئابی داهاتوو كۆتایی دێت، جیاوازی له نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و هه‌ندێ حزب هه‌یه، له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌كه. جگه له‌وه ئه‌وان سورن له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆك( مسعود بارزانی)، كه به دڵنیاییه‌وه ئه‌مه تاقیكردنه‌وه‌ی ئاستی یه‌كگرتووتانه؟
مه‌سرور بارزانی: پێموایه جه‌نابی سه‌رۆك بۆته سیمبوڵی بزووتنه‌وه‌ی نیشتمانی كورد، جا هه‌ندێك ئه‌وه قبوڵ بكه‌ن یا نا. له‌بارودۆخێكی ئاسایی‌دا ئێمه ده‌بێ له 20ی ئاب هه‌ڵبژاردن بكه‌ین، جه‌نابی سه‌رۆك داوای له په‌رله‌مان و كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنی كوردستان كردووه ئاماده‌كاری بكه‌ن بۆ هه‌ڵبژاردن. ئێستاش له‌سه‌ر كۆمسیۆن وه‌ستاوه ته‌رتیبات بكات بۆئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له كاتی خۆیدا بكرێ بۆئه‌وه‌ی بۆشایی یاسایی نه‌بێت. پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه سه‌رهه‌ڵ بدات هه‌موو پارته سیاسیه‌كان رازی و كۆكبوون، كه هه‌موو مه‌سه‌له‌كانی په‌یوه‌ست به به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی ده‌بێ به سازان چاره‌سه‌ر بكرێن. ئه‌گه‌ر پارته‌كان له‌و هه‌ڕه‌شانه بگه‌ن، كه له‌لایه‌ن داعش سه‌پاوه و له كێشه ئابووریه‌كان بگه‌ن، كه به‌هۆی هاوبه‌شی داهات له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌مانه، ده‌بێ له‌وه‌ش بگه‌ن، كه دوا شت كوردستان پێویستی پێی بێت ته‌نگژه‌یه‌كی دیكه‌یه. سازان باشترین رێگه‌ی به‌ره‌پێشچوونه.
كه پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرینه‌ی كورسیه‌كان و ده‌سه‌ڵاتی بڕیاردانی هه‌بوو، هه‌میشه له‌گه‌ل سازان و یه‌كگرتنی نیشتمانیدا بوو. به‌ڵام به‌داخه‌وه كاتێك ركابه‌ره‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان تاكه ده‌رفه‌تێكیان بۆ لێدان له پارتی دیموكراتی كوردستان هاته ده‌ست، به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی‌یان فه‌رامۆش كرد و یه‌كسه‌ر بازیان بۆیدا تا بزانن بۆ ئه‌وان چ ده‌سكه‌وتی سیاسیی تێدایه. ئه‌مه‌ش گه‌مه‌یه‌كی هه‌رزانه.