ئامانجه‌كانی کوردستان 24 ئامانجی منیشن

گوڵباخ بەھرامی:

 

 

*کوردستان24 جیاوازی چییە لەگەڵ ئەو دەزگایانەی کارت تێدا کردوون؟

-ھەر شوێنێک تایبەتمەندی خۆی ھەیە، ئەوەی جیاوازییەکان زیاتر بەرجەستە دەکاتەوە، ئاستی روانین، بیرکردنەوە و ئەو پرەنسیپانەیە کە ھەر دەزگایەک لە بەرنامەی کاریدا پەیڕەوی دەکات. کوردستان ٢٤ ھەندێک تایبەتمەندی ھەیە کە بۆ من بنەمان, ئەزموونێکی نوێ و وێستگەی دەستپێکی کارێکی گەورەتر بوو، جگە لە حەزم بۆ کاری راگەیاندن، ئامانجەکانی ئەو کەناڵەشم بە ئامانج و بەرنامەی داھاتووم داناوە.

 

*دەڵێن لە بەر کاری میدیایی کاتت بۆ خێزانەکەت نییە؟

-وایە، ھەمیشە ئەو بابەتە نیگەرانم دەکات کە ناتوانم وەکوو پێویست کات بۆ ھاوسەرەکەم و منداڵەکەم دابنێم، بەتایبەت منداڵەکەم. بەڵام ژیانی ئەمڕۆ پێویستی بە خۆماندووکردن ھەیە. ئەوان ھەمووکات لەگەڵ منن و ھەمیشە دڵم لایانە.

 

* ھاوسەرەکەت ڕازییە بەو ھەموو کارە؟ 

-ھیچ رێگرییەکی بۆ کارەکام نەبووە، بەڵکوو باشترین ھاوڕێی و ھاندەرم بووە لە ھەموو کارەکانمدا، ھەر سەرکەوتنێکم ئەنجامی ھەوڵ و ھاوفکرییەکانی ھاوسەرەکەم بووە بۆباشتر بەجێگەیاندنی ئەرکەکانم لە کاردا. نیگەرانە کە ماندووم بەڵام ھەمیشە لەگەڵمە.

 

* تۆ خاوەن دەنگێکی ناسکی، ھەندێک دەڵێن دەیەوێت خۆی خۆشەویست بکات؟

- دیارە ئەوانەی وا دەڵێن حەسودی بە دەنگم دەبەن. بەڵام جیا لەو بابەتانە ھەمیشە ھەوڵم داوە ئەوەی بم کە ھەم. کەسایەتی دەستکرد و دەنگی دەستکرد و رۆحی دەستکرد، مرۆڤی دەستکرد بەرھەم دەھێنن. مرۆڤی دروستکراو ناتوانێت جوان بژیت.

 

*گوڵباخ شاعیرە و شێعر دەنووسێ، چ شتێک تۆی ھێنایە ناو دنیای ئەدەب؟

-شێعر بەشێکی دانەبڕاوەیە لە من. دونیای ئەدەبیش بۆ من جیاوازە لە دونیای روانینە ئاساییەکان. بۆ من ھەم حەزە ھەم ئامانج، ھەم رێگەیەکە بۆ پڕکردنەوەی خانە بەتاڵەکانی پازێلێک بە ناوی " ژیان". لە ئەنجومەنی ئەدەبی شارەکەمانەوە دەستم بە نووسین کرد، دواتر توانیم قەڵەم و ئامانجەکانم پێکەوە گرێبدەم. ئێستاش ھەر پێکەوەیان دەبینم و پێکەوە خۆشیانم دەوێ.

 

* چۆن دەتوانی لەیەک کاتدا شێعر بنووسی و کاری میدیایی بکەی و لە رۆژنامەش بنووسی و کاری سیاسیش بکەی؟

*نووسینی شێعر کاتێکی دیاریکراوی ناوێت، بەڵام کاتێکی باشی دەوێت بۆ بیرکردنەوە، خوێندنەوە و قووڵبوونەوە لەو بابەتانەی پەیوەستن بە نووسین و دواتر نووسینەوە.کاری میدیایی و رۆژنامەگەری و سیاسەتیش، بەشێکن لە رۆژانەکانی ژیانی من، شێعریش, ھەرکامەیان لە جێگای خۆیان بۆم گرنگن. راستە ھەندێجار کەمی کات وادەکات نەتوانم بۆ ماوەیەکی زۆر، بنووسم ، بەڵام ئەوە بە مانای دابڕان نییە تەنیا مەودایەکی بچووکە بۆ دووبارە دەستپێکردنەوە.

 

*ھاوڕێکانت دەڵێن گوڵباخ گرنگی بە جلوبەرگی نادات؟ بۆ؟

-بەپێچەوانەوە زۆر گرنگی پێدەدەم، بۆیە بەوشێوازە جلوبەرگ دەپۆشم. ھەوڵمداوە ئەو جلوبەرگەی ھەڵیدەبژێرم، لەگەڵ کەسایەتیمدا یەکبگرێتەوە. لەگەڵ رێزم بۆ ھەموو بیرکردنەوەیەکی ئازاد و ئازادییەکی تاکەکەسی کە بڕوای تەواوم پێیە، بەڵام من ھەموو جلوبەرگێک لەبەرناکەم، حەزم لە خۆعەزر کردن و خۆ رووتکردنەوە نییە. ژیانی من لە دەرەوەی کاری میدیایی و کاری رۆژانە، ژیانی تاکەکەسیمە، بەشێکیشی لەوکاتەیە کە دەبیتە موڵکی خەڵک وەک رەمزێک، بۆیە ھەوڵمداوە لە ئاست شایستەیی و رێزی ئەو خەڵکانە بم کە چاوەڕوانییان لە رابردوو و ئێستای من ھەیە. بۆیە ھەموو ستایلێک بۆ خۆم بە گونجاو نازانم.

* کوردستان24 چی فێر کردووی ؟

-ھەمووشت. جوانترینیان، جوانییەکانی مرۆڤبوونە.

 

*دڵنیای کوردستان24 ئاواتەکانت دێنێتەدی؟

-ئەو ئامانجانەی بنەمان بۆ کارکردنم لەوکەناڵە، ئاواتیشن بۆ سەرکەوتنەکانمان. ھیوادارم پێکەوە بتوانین وەدیھێنەری ئاواتەکانمان بین.