كوردستان24 جیاوازه‌ له‌و ده‌زگه‌یانه‌ی كارم لێ كردوون

ئارینا حه‌مید:

*لە زۆر دەزگا کارت کردووە، جیاوازی کوردستان 24 لەگەڵ دەزگاکانی دیکە چییە؟
-بێگومان جیاوازی ھەیە، چ لە رووی شێوازی کارکردن و ئامانج، چ لە رووی زمانی راگەیاندن، من زۆر بە پێشکەوتووتری دەزانم.

*پێتوایە کوردستان ٢٤ لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵکە؟
-بە دڵنیاییەوە لەو ئاستە دەبێت، ھەموومان بەیەکەوە تەواوی ھەوڵمان داوە و بەردەوامیش دەبین تا بتوانین زۆرترین خزمەت بە راگەیاندنی کوردی بکەین.

*رووی داوە لە شوێنە گشتیەکان کە بزانن لە کوردستان ٢٤ کار دەکەیت، سەبارەت بەوێ شتێکت پێ بڵێن؟
- بەڵێ رووی داوە، چونکە خەڵکێکی زۆر چاوەڕوانی کردنەوەی کوردستان٢٤ن، بۆیە کە دەمبینن و دەزانن لەوێ کار دەکەم، پرسیاری کاتی ده‌ستپێكی په‌خش و زۆر شتی دیكه‌م لێ دەکەن.

*تۆ پێشتر بێژەری وەرزش بووی و ئێستا سیاسی، ئه‌م گۆڕانه‌ حەزی خۆتە؟
- بەڵی، بە تەواوەتی حەزی خۆمە، بۆ سەرەتای دەستپێکی کارم حەزم کرد لە وەرزش بم، بەڵام دواتر ھەستم کرد پێویستە گۆڕانکاری لە بوارەکەم بکەم و بە حەزی خۆم ھاتمە سیاسی.

*وەرزش و سیاسەت دوو دونیای جیاوازن، تا چەند خۆت بۆ ئامادە کردووە؟
- دەتوانم بڵێم بە ئاستێکی باش خۆم ئامادە کردووە و ماوەی ئەم چەند مانگی راھێنانە توانیم زانیاری زۆر لە سەر کارکردن لە بواری سیاسی وەرگرم.

* ئارینا زۆر گرنگی بە ستایلی جل و بەرگ و جەستەی دەدات، ده‌ڵێن خه‌ڵك چاوت لێ ده‌کەنەوە؟
- نازانم بڵێم چاوم لێ دەکەن یان نا، بەس پێم گوتراوه‌ ئەو کاتەی من بۆ یەکەمجار لەم شێوازە چاویلکەیەم لە چاو کرد بۆ پێش کامێرا، گەنجێکی زۆر دوای من لە چاویان کرد و پێشیان گوتم من یەکەم بێژەری ئافرەت بووم کە لەو شێوازە چاویلکەیەم بۆ تەلەفزیۆن لە چاو کردوه‌.

*ھەندێک ھاوڕێت دەڵێن جوانییەکەت دەستکردە؟
-من دوو جار نەشتەرگەریم کردووە، بەڵام جارێکیان سەرکەوتوو بوو، ئەوی دیکە نەک جوانی نەکردم، بەڵکوو ناشرینی کردم.

*گاڵتە و پێکەنینەکانت، خێزانەکەتی ھەراسان نەکردووە؟
-خێزانەکەم نا، چونکە من تەنھا لەگەڵ ھاوسەرەکەمم و لە خێزانەکەم بە گشتی دوورم و زۆر بە درەنگی دەیانبینم، بەڵام زۆربەی کاتەکان پێ دەکەنم و ھەوڵ دەدەم رووم خۆش بێت.

* تۆ "کۆمار"ی ھاوسەرت ھێنایە کوردستان٢٤، ده‌ڵێن ھۆکارەکەی ئەوەیە کە کۆمار لێت دەترسێ؟
- ئەمە یەکەمجار نییە من و کۆمار بەیەکەوە کار بکەین، لە پێشتریش له‌ سێ ده‌زگه‌ بەیەکەوە بووین، مەسەلەش ترس نییە، تەنیا ئەوەیه‌ زۆر مورتاحین بە کارکردن بەیەکەوە و ئاوا زۆر زیاتر دەتوانین لە یەک تێبگەین.

* راستە دەڵێن لە بەر کارەکەتان، ھەفتەی یەک رۆژ لە ماڵەوە خواردن ئامادە دەکەن؟
- یەکجار واش نا، جاری وا ھەیە ھەفتەی ٣-٤ جار خواردن ئامادە دەکەم، بەڵام چونکە زۆربەی کات بەیەکەوە لە دەوامین، کەمتر لە ماڵەوە خواردن ئامادە دەکەم.

* بیرتان لەوە کردووه‌تەوە رۆژێک واز لە راگەیاندن بێنن و ژیانێکی سادە بژین؟
- تا ئێسته‌ بیرمان لێ نەکردووه‌تەوە و ھەردووکمان دڵخۆشین بەو کارەمان، بەڵام کەسیش نازانێ لە داھاتوو چی روودەدەات، بۆیە نامەوێ پێش رووداوەکان بکەوم.