رووسيا مه‌رجێكى بۆ پشتيوانيكردن له‌سه‌ربه‌خۆيى كورد هه‌يه
K24 – هه‌ولێر:
كونسوڵى گشتى رووسيا له هه‌ولێرى پايته‌ختى هه‌رێمى كوردستان، ڤیكتۆر سیماكۆڤ، هه‌ڤپه‌يڤينى له‌گه‌ڵ كوردستان 24ى به ده‌رفه‌ت زانى بۆ ئه‌وه‌ى ئاماژه به گرنگيپێدانى وڵاته‌كه‌ى به هه‌رێمى كوردستان بكات و گوتى: " روسیا یەكەمین وڵات بوو، لە ناو وڵاتانی زلھێزی دنیادا، كە كونسوڵخانەی خۆی لە ھەولێر كردەوە" و راشيگه‌ياند، رووسيا مه‌رجێكى هه‌يه بۆ پشتيوانيكردن له سه‌ربه‌خۆيى كوردستان.
رووسياى نوێ له‌دايكبوو
سه‌باره‌ت به دواكه‌وتنى رووسيا له كۆمه‌ككردنى كورد له عێراقدا به تايبه‌تى له سه‌روبه‌ندى له‌به‌ريه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى يه‌كێتى سۆڤييه‌تى پێشوو، كونسوڵى ناوبراو گوتى: "وەك دەزانن ساڵی 1991 یەكێتی سۆڤیەت ھەڵوەشایەوە، ھەموو ھەوڵەكانمان، ھەموو ھێز و توانای خۆمان بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكان بەكار ھێنا، بۆ ئەوەی رووسیا سەرلەنوێ بنیاد بنێینەوە، رووسیای دیموكراتی نوێ".
"ده‌توانيين شه‌ڕى داعش بكه‌ين"
هه‌روه‌ها گوتى: "پێم وایە ئێمە كاتمان پێویستبوو، بۆ ئەوەی وردتر كار بكەین و كاتمان دەویست بە گوێرەی بارودۆخەكە بۆ ئەوەی ھەڵوێستی خۆمان ئاشكرابكەین. لە ئێستادا كە رووسیا لە سەر پێی خۆی راوەستاوە و زۆر بە ھێزە، ئێستا لە ھەموو كات زیاتر ھەست دەكەین كە دەتوانین لە شەڕی دژ بە داعشدا ھاوكاری لایەنەكانی دیكەی ناوچەكە بكەین. دەتوانین بە ھێز و توانایەكی زیاترەوە شەڕی داعش بكەین".
هاوكاريكردنى پێشمه‌رگه
كونسوڵى گشتيى رووسيا له هه‌ولێر باسى له هاوكاريكردنى هێزى پێشمه‌رگه له لايه‌ن وڵاته‌كه‌يه‌وه كرد و گوتى: "ھەر لە ماوەی ئەم مانگەدا لە رووی سەربازییەوە ھاوكاری ھێزەكانی پێشمەرگەمان كردووە، جگە لە ھاوكاری كردنی ھێزی پێشمەرگە لە كوردستانی عێراق، لە سوریا ئامادەییەكی زۆر بەھێزمان ھەبووە بۆ لە ناوبردنی داعش و یارمەتی دانی ئەو ھێزانەی دژ بە داعشن، ئەو پاڵپشتیانەشمان زۆر بە ئاشكرا دیارە و ھەستی پێدەكرێت".
رووسيا چه‌كى قورسى نه‌داوه‌ته پێشمه‌رگه
ڤيكتۆر سيماكۆڤ، ئه‌وه‌شى نه‌شارده‌وه، كه وڵاته‌كه‌ى چه‌كى قوورسى نه‌داوه‌ته پێشمه‌رگه و وه‌ك خۆى گوتى: "چەكی قورسمان نەناردووە بۆ ھێزی پێشمەرگە، بەڵام زۆر شتی دیكە كە ھێزی پێشمەرگە لە رووی سەربازییەوە پێویستییان پێی بووە بۆمان ناردوون، بۆ نمونە ئێمە ماسكی دژە كیمیاییمان بۆ پێشمەرگە ناردووە، بۆ خۆ پاراستن لە ھێرشەكانی داعش لە كاتی بەكارھێنانی گازی كیمیاییدا".
هه‌روه‌ها ره‌تيشيكرده‌وه، ته‌نيا هاوكارى كوردييان كردبێت و جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، ئه‌وان پشتيوانى "عێراق"يان كردووه، له‌و باره‌يه‌وه ده‌ڵێت: "ئێمە بە تەنیا پشتگیری بەغدا ناكەین، بە تەنیا پشتگیری ھەولێریش ناكەین، ئێمە پشتگیری لە وڵاتێك دەكەین، لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەكاندا بە ناوی عێراق. ئێمە لەو باوەڕەداین، بەم جۆرە، پشتگیری ھەولێر و بەغدادیش دەكەین، بەم جۆرە دەتوانین ھێزێكی باشتر و پتەوتر بە دەستبێت كە باشتر، بە یەكەوە شەڕی داعش بكەن".
رووسيا متمانه‌ى به به‌غدا هه‌يه
كونسوڵى گشتيى رووسيا به پێچه‌وانه‌ى ژماره‌يه‌ك له وڵاتانى ئه‌وروپا و خۆرئاوا به گشتيى كه بڕوايان به تواناى به‌غدا له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش نه‌ماوه، بڕواى خۆى به‌وه نيشاندا، كه رووسيا هێشتا متمانه‌ى به به‌غدا هه‌يه و له‌و باره‌يه‌وه گوتى: "متمانەیەكی زۆرمان بە ھێز و توانای سیاسەتمەدارانی بەغدا ھەیە".
له باره‌ى كورديشه‌وه جياوازتر له به‌غدا له رووى متمانه‌وه، سيماكۆڤ ده‌ڵێت: "متمانەیەكی زۆرمان بە سەركردایەتی كورد ھەیە لە ھەرێمی كوردستاندا و متمانەكەمان لە جێگەی خۆیدایە، باوەڕمان وایە كە ھەردوو لا بە شێوەیەكی ھۆشمەندانە كێشەكانیان چارەسەر دەكەن، دەتوانن شانبەشانی یەك راوەستن لە شەڕی دژ بە داعشدا".
داواى رێككه‌وتنێكى ديكه‌ى هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كات
نوێنه‌ره‌كه‌ى رووسيا له هه‌رێمى كوردستاندا، بڕواى وايه هێشتا ئومێدێك هه‌يه بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و باسى له‌وه‌شكرد، سه‌ركردايه‌تى كورد و لايه‌نى به‌غدا كه‌سانى هۆشمه‌ند و به توانايان هه‌يه و ده‌توانن "جارێكیدیكە رێكبكەون و یەكێتی نێوانیان بپارێزن و كێشەكانیان چارەسەر بكەن".
رووسيا مه‌رجى هه‌يه بۆ پشتيوانيكردن له سه‌ربه‌خۆيى كوردستان
سه‌باره‌ت به خواستى پێكهاته‌كانى عێراق به تايبه‌تى كورد، بۆ جيابوونه‌وه و سه‌ربه‌خۆبوون له ده‌سه‌ڵاتى ناوه‌ندێتى به‌غدا، سيماكۆڤ هه‌ڵوێستى وڵاته‌كه‌ى ئاشكرا كرد و باسى له‌وه كرد، رووسيا پشتيوانى له بڕيارى خه‌ڵكى عێراق ده‌كات، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ش رووسيا مه‌رجى هه‌يه.
ئه‌و گوتى: "ئەم بابەتە پێویستە پێكھاتەكانی ناو عێراق بڕیاری لە سەر بدەن و رایبگەیەنن كە چی‌یان دەوێت، ئێمە پشتگیری ھەر بڕیارێك دەكەین كە لەو بارەیەوە بدرێت، بە مەرجێك دەستێوەردانی دەرەكی لە پشتەوە نەبێت".
پاساوى ئه‌و مه‌رجه‌شى به‌وه هێنايه‌وه، كه به گوته‌ى خۆى، "رووسیا وەك ئەندامی ھەمیشەیی ئەنجوومه‌نی ئاسایشی نێودەوڵەتی ھەمیشە پشتگیری لە یاسا نێودەوڵەتییەكان دەكات".
له‌و باره‌يه‌وه زياتر دواو و گوتى: "ئەگەر ھەر یەكێك لە پێكھاتەكانی عێراق، بە بێ دەستتێوەردانی دەرەكی بڕیاری سەربەخۆیی و جیابوونەوەی دا، ئێمە ئەو كات وەك یەكێك لە پێنج ئەندامی ھەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، رێز لەو بڕیارە دەگرین، تاكە مەرجیش ئەوەیە، كە ئەوە خواستی ئەو پیكھاتەیە بێت نەك وڵاتانی دیكە".
سيماكۆڤ، ئه‌و مه‌رجه‌ى رووسياى سێباره كرده‌وه و گوتى: "من دیسانەوە جەخت لە سەر ئەوە دەكەمەوە، پێویستە ئەو بڕیارە لە لایەن گەلانی عێراقەوە بدرێت بە بێ دەستێوەردانی وڵاتە زلھێزەكانی دەرەوە".
كۆسۆڤۆ به نموونه بۆ هه‌رێم ده‌هێنێته‌وه
نوێنه‌ره‌كه‌ى رووسيا له هه‌ولێر، سه‌رنجى بۆ پرسه نێوده‌وڵه‌تييه‌كانى په‌يوه‌ست به جيابوونه‌وه و سه‌ربه‌خۆيى و دانپێدانانى نێوده‌وڵه‌تى راكێشا و گوتى: "واشنتن دان بە سەربەخۆیی كۆسۆڤۆدا دەنێت، بەڵام رووسیا تا ئێستا دانیپێدا نەناوە. تەنھا یەك ھۆكاری ھەیە، ئەویش ئەوەیە ئێمە پشت بە یاسا نێودەوڵەتییەكان دەبەستین. وەك دەزانیت كۆسۆڤۆ بەشێك بوو لە خاكی سربیا، بە شێوەیەكی نایاسیی سەربەخۆیی راگەیاند. پێش ئەوەی سەربەخۆیی رابگەیەنن پێویست بوو ریفراندۆم ئەنجامبدەن بۆ وەرگرتنی رای خەڵكی كۆسۆڤۆ".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "لە ئێستادا واشنتن وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ كۆسۆڤۆدا دەكات، بەڵام ئێمە بە ھۆی ئەوەی كە پەیڕەوی یاسا نێودەوڵەتیەكانیان نەكردووە لە كاتی جیا بوونەوەدا، پشتگیریان لێ ناكەین".
كێشه‌ى فه‌له‌ستين له روانگه‌ى رووسياوه
ڤيكتۆر سيماكۆڤ، ئاماژه‌ى به هه‌ڵوێستى وڵاته‌كه‌ى له باره‌ى كێشه‌ى فه‌له‌ستينه‌وه كرد و باسى له‌وه كرد، روسیا وەك دەوڵەتێكی بەھێز پشتگیری لە فەلەستین دەكات و ھاوكاریان بووە لە درووستكردنی زۆر دەزگا و كۆمیتەی ناوخۆیی سەبارەت بە كێشەكانی فەلەستین.
ئه‌وه‌شى گوت: "لە ساڵی 1946 ەوە بڕیار درابوو لە ئاستی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا كە ئەو مافەیان پێ بدرێت، تەنانەت خودی ئەمریكا دەنگی بەو بڕیارە داوە. بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانی فەلەستین، زۆر جار لیژنەی جیا جیا پێكھێنراون، لە ناویشیاندا لیژنەی چوار قۆڵی كە روسیا و ئەمریكا و نەتەوەیەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپا بەشدارن تێیدا. بە جۆرێك لە جۆرەكان ھاوڕاییەك ھەیە لە نێوان ھەموو ئەو لایەنانەدا كە فەلەستین پێویستە دەوڵەتێكی سەربەخۆی ھەبێت، بەڵام سەبارەت بە ئالیه‌تى جێبەجێكردنی ئەو بڕیارەی وەك وتم لە مێژە دەركراوە، ھەر وڵاتە و بۆچوونی تایبەتی خۆی ھەیە".
سه‌ربه‌خۆيى مافى نه‌ته‌وه‌كانه
كونسوڵى گشتيى رووسيا له هه‌ولێر، باسى له‌وه كرد، له لائيحه‌ى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كاندا "زۆر به راشكاوی ھاتووە، كە ھەر نەتەوەیەك مافی دیاریكردنی چارەنوسی خۆی ھەیە"، گوتيشى: "ھەڵوێستی من ئەوەیە، كە سەربەخۆیی مافی ره‌وای ھەر نەتەوەیەكە".
"هه‌ست ده‌كه‌م تاكێكم له كۆمه‌ڵگه‌ى كوردييدا"
ڤيكتۆر سيماكۆڤ، باسى له ساڵێكى ته‌مه‌نى خۆى كرد، له هه‌رێمى كوردستاندا و گوتيى: "زیاتر لە ساڵێكە لە كوردستاندا دەژیم، من لێرە زۆر خۆشحاڵم و وا ھەستدەكەم تاكێكم لە ناو كۆمەڵگای كوردیدا، خۆشەویستییەكی زۆرم ھەیە بۆ گەلی كورد و زۆر نزیكم لێیانەوە، چونكە میللەتێكی كراوە و تێگەیشتوون و لەو ئەزموونەی لێرە ھەمە، بە یەكێك لە وڵاتە پێشكەوتووەكانی بەراورد دەكەم. ژیانم لە كوردستان و بیروبۆچوونم لە سەر كوردستان بەو جۆرەیە، پێش ئەوەشی وەك كونسوڵی گشتی رووسیا لێرە دەستبەكار بم، چوار ساڵ لە وڵاتی فەلەستین كونسوڵی رووسیا بووم".
"به فه‌رميى چووينه‌ته ناو شه‌ڕى سوورياوه"
ئه‌و نوێنه‌ره‌ى رووسيا ئه‌وه‌ى نه‌شارده‌وه، كه ئه‌وان "لە سەر داوای حكومەتی فەرمی سوریا چوونه‌تە ناو ئەو وڵاتە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ھێزە توندڕەوەی كە پێی دەوترێت داعش".
گوتيشى: "پێش ئەوەی بچینە ناو سووریا، سەرۆكی وڵات ڤلادیمیر پۆتین، لە كۆبوونەوەی نەتەوەیەكگرتووەكاندا، ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئاگادار كردەوە لەوەی رووسیا دەیەوێت بەو جۆرە بەشداری شەڕی داعش بكات، ھەموو ئەو لایەنانە، ئەمریكا و ئەڵمانیا و یەكێتی ئەوروپاش بە شێوەیەكی گشتی و ئەو وڵاتانەشی كە ئەندامی ھاوپەیمانێتی دژ بە داعش بوون، ھەموویانمان ئاگادار كردەوە".
"نه‌خشه‌ى شه‌ڕه‌كه‌مان داوه به وڵاتان"
كونسوڵى رووسيا ئه‌وه‌شى ئاشكرا كرد، "لە 7 ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا، جێگری وەزیری بەرگری رووسیا، ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان و بەرپرسانی سەربازی ئەو وڵاتانەی بانگھێشتی مۆسكۆ كرد و لە گەڵیان كۆبووەوە و نەخشەیەكی تەواو و بێ كەموكورتیمان ئامادە كردبوو، كە تایبەت بوو بە چۆنیەتی جێبەجێكردنی پلانە سەربازیەكانمان بۆ چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی داعش و لە ناوبردنی، وێنەی ئەو نەخشەیەمان داوە بە نوێنەرایەتی ھەموو ئەو وڵاتانە لە مۆسكۆ. بە گوێرەی ئەو ھەوڵ و زانیارییانەی كە دەست ئێمە كەوتبوون، لە ناو نەخشەكەدا، ئەو شوێنانەمان دەستنیشان كردبوو كە چەكدارانی داعشی تێدایە".
كوردستان 24: دواتر چيتان كرد.. ؟
ڤيكتۆر سيماكۆڤ: پاشان بە فەرمی داوامان لە نوێنەرانی سەربازی ئەو وڵاتانە كرد كە بۆچوونی خۆیان سەبارەت بەو نەخشەیە دەرببڕن، داوامان لێ‌كردن كە ھاوكارمان بن لەوەی، ئایا ئەو ئامانجانەی لە سەر نەخشەكە دیاریمان كردووە دروستە و لەو شوێنانە تیرۆریستان ھەن؟ ئایا ئەو نەخشەیە كەموكورتی تێدایە یان نا؟ دیسانەوە دووپاتی دەكەمەوە، لە 7 ی مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا، بەڵام بە داخەوە تا ئێستاش ھیچ یەكێك لەو وڵاتانە ھیچ وەڵامێكی روون و ئاشكرایان نەدایەوە.
نە واشنتۆن، نە بەرلین، نە بەریتانیا، تەنانەت وڵاتە عەرەبیەكانیش ئەوانەی لە ھاوپەیمانێتی دژ بە داعشدا بوون وەڵامیان نەبوو. ئێمە ھیچ ئامانجێكمان نییە لەوەی ھەموو سوریا كۆنترۆڵ بكەین، ئامانجی ئێمە لەو وڵاتە ئەوەیە داعش لە ناو ببەین.
"واشنتن وه‌ڵامى نه‌داينه‌وه"
كوردستان 24: ئێوه داواى هه‌ماهه‌نگيتان له ئه‌مريكا كرد، له كاتێكدا ژماره‌يه‌ك له‌و رێكخراوانه له‌لايه‌ن هاوپه‌يمانێتى دژ به داعشه‌وه هاوكارى كراوون؟
ڤيكتۆر سيماكۆڤ: وەك دەزانن تەنھا داعش نییە، جەبھەت و نوسرە و گروپی تیرۆریستی دیكەش ھەن. ھەر لە بەر ئەو ئامانجەیە كە ھەمیشە داوا لە وڵاتانی دیكە دەكەین كە ھەڵوێستەكانیان ئاشكرا بكەن سەبارەت بەو لایەنانەی كە ئێمە ھێرش دەكەینە سەریان. ئێمە بە شێوەیەكی راستەوخۆ داوامان لە واشنتن كرد كە دانوستاندنمان ھەبێت، بە مە بەستی گفتوگۆكردن لە سەر جێبەجێكردنی ئەو پلانانە زۆر بە داخەوە واشنتن لە سەر ئاستی باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە مۆسكۆ ھیچ وەڵامێكی ئێمەی بە فەرمی نەدایەوە. ئەمانە كۆمەڵێك بەڵگە و راستیین و كەس ناتوانێت نكوڵییان لێ بكات.
"ناكۆكيمان زۆره له‌گه‌ڵ ئه‌مريكادا"
كوردستان 24: بۆچى ئه‌مريكا بێ وه‌ڵام مايه‌وه، هۆكارێك شك ده‌به‌ن له پشت ئه‌و بێده‌نگييه‌ى ئه‌مريكاوه؟
ڤيكتۆر سيماكۆڤ: پێم وایە باشترە ئەوە پرسیارە رووبەڕووی ئەمریكا بكەیتەوە. ئێمە نەك جارێك و دوو جار، بەڵكو دەیان جار داوامان لە ئەمریكا كردووە، كە پێكەوە لە سەر چەند میكانیزمێكی ھاوبەش رێكبكەوین و كار بكەین سەبارەت بە سووریا. رووسیا سوورە لە سەر ئەو بۆچوونەی كە لە ئێستادا ھەموومان دوژمنێكی ھاوبەشمان ھەیە. ئەگەر بمانەوێت قسە لە سەر ھەموو بابەتەكان بكەین ئەوا زەحمەتە و ھەر گرفتە و ھۆكار و چارەسەری تایبەت بە خۆی ھەیە. بەڵام سەبارەت بەو كێشەیەی ئەمڕۆ كە لە سووریا ھەیە پێویستە ورد بین و كار لە سەر ئامانجە ھاوبەشەكان بكەین. ئامانجی سەرەكی دانوستانی رووسیا لە گەڵ سوریا و وڵاتانی دیكەش لە ناوبردنی داعشە لە سوریا و لە عێراق. بەڵێ ئێمەش دەزانین ململانێ و ناكۆكیمان زۆرە لە گەڵ ئەمریكا.
ئه‌فغانستان دووباره ده‌بێته‌وه
له ئاستى ململانێ نێوده‌وڵه‌تييه‌كاندا، ئه‌مه يه‌كه‌مجار نييه رووسيا به قورسايى و هه‌ژموونى سه‌ربازى خۆيه‌وه به‌شدارى له شه‌ڕ ده‌كات له وڵاتێكى ديكه‌دا و له 1979 تاكو 1989 له ئه‌فغانستان بۆ پاراستنى حكومه‌ته شيوعييه‌كه‌ى نه‌جيبوڵڵا مه‌حفوز هه‌موو هه‌وڵێكى خۆى خسته‌گه‌ڕ و به هه‌زاران سه‌رباز و تانك و تۆپى ره‌وانه‌ى ئه‌فغانستان كرد و شه‌ڕێكى 10 ساڵه‌ى له‌گه‌ڵ "موجاهيده‌كان"دا ده‌ستپێكرد، كه سه‌ره‌نجام ئه‌وان به پشتيوانى ئه‌مريكا و وڵاتانى سوننه له ناوچه‌كه توانيان سه‌ربكه‌ون و سۆڤييه‌ت رووبه‌ڕووى تاڵاوى شكستێكى بێ ئامان بكه‌نه‌وه و هه‌ر ئه‌و شكسته‌ش بووه هۆيه‌ك بۆ له‌به‌ريه‌كهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى يه‌كێتى سۆڤييه‌ت.
له‌و باره‌يه‌وه ڤيكتۆر سيماكۆڤ ده‌ڵێت: "ئەگەر بمانەوێت باسی ئەفغانستان بكەین، چەند خاڵێك ھەن پێویستە ئاماژەیان پێبكەم، یەكێتی سۆڤیەت لەو كاتەدا لە سەر داوای حكومەتی رەوای ئەو وڵاتە چووە ناو ئەفغانستانەوە. لەو كاتەشدا بە فەرمی داوامان لە نوێنەرانی زۆر وڵات كرد كە بێن و ھاوكاری ئەفغانستان بكەن بۆ ماوەی زیاتر لە دە ساڵ ئێمە لە ئەفغانستان ماینەوە. یەكێتی سۆڤیەت بێبەرامبەر و بە شێوەیەكی خۆبەخش ئەفغانستان زۆر پێویستی ھەبوو كە ئێمە بۆمان دابین كرد. بۆ نموونە، قوتابخانە، نەخۆشخانە، خانوو، رێگەوبان، تەنھا لە ماوەی ئەو ساڵانەی ئێمە لە ئەفغانستان بووین زیاتر لە پەنجا ھەزار قوتابی زانكۆیان تەواو كرد. بە داخەوە ئەو سەردەمە سەردەمی شەڕی سارد بوو لە نێوان روسیا و ئەمریكا، لە لایەكەوە یەكێتی سۆڤیەت كە سەرپەرشتی وڵاتانی سۆشیالیستی دەكرد لە لایەكەی دیكەوە ئەمریكا سەرپەرشتی ئەو وڵاتانەی دەكرد كە بڕوایان بە سیستەمی كەپیتاڵیزم ھەبوو".
"ئه‌مريكا قاعيده‌ى درووستكرد"
هه‌روه‌ها گوتى: "ئەو كات شەڕ لە نێوان دوو ھێزدا بوو، ئەمریكا لە گەڵ گروپێك لە ھێز و ھۆزەكانی ئەفغانستان رێككەوتن، ئۆپۆزسیۆنێكی چەكدارییان لە نێوان ئەو ھۆزانەدا درووستكرد، كە ھانی دەدان شەڕ بكەن لە دژی یەكێتی سۆڤیەت لە ئەفغانستان. لەو ھەڵمەتەیدا و لە رێگای ھاوكاریكردنی ھۆز و عەشیرەتەكانی ئەفغانستانەوە، ئەمریكا رێكخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدەی درووستكرد و ئەوەش حەقیقەتێكی مێژووییە و نكوڵی لێ ناكرێت".
سووريا ئه‌فغانستانێكى ديكه ده‌بێت
كونسوڵى گشتيى رووسيا له هه‌ولێر، به‌راوردى ره‌وشى ئێستا و ده‌ستتێوه‌ردانى وڵاته‌كه‌ى له كاروبارى سووريا له ئێستادا و له‌شكركێشى سووپاى سوور بۆ سه‌ر ئه‌فغانستان له ده‌يه‌ى هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى رابردوودا ده‌كات و ده‌ڵێت: "كاتێك ئێمە چووین بۆ ئەفغانستان بۆ بنیادنان و دروستكردنی ژیانێكی نوێ و مەدەنیانە لەوێ بووین، بەڵام چووین بۆ سوریا بۆ لەناوبردنی تیرۆر و داعش. سەرۆكی وڵاتەكەمان ڤلادیمیر پۆتن زیاتر لە جارێك ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، ئێمە بۆ لەناوبردنی داعش چووینەتە سووریا نەك بۆ پاراستنی رژێمی بەشار ئەسەد. ئێمە زۆر بە ئاشكرا ئەوە دەڵێین، سوریا پێویستی بە ریفۆرم و چاكسازی ھەیە. ھەر لەو روانگەیەوە، سەرۆكی وڵاتەكەمان پۆتین، بە ئاشكرا ئەوەی روون كردۆتەوە، كە لە سوریا بە دوو قۆناغ پرۆسەكە ئەنجام دەدەین".
كوردستان 24: ئه‌و دوو قۆناغانه كامانه‌ن:
ڤيكتۆر سيماكۆڤ: پوتین باسی كردووە، پرۆسەكە دوو قۆناغە، لەناوبردنی داعش و ئەنجامدانی چاكسازیی و چاككردنی سیستەمی سوریایە، ئەم دوو ئامانجەی روسیا ھاوتەریبن و لە یەك جیا نابنەوە.
كوردستان 24: چاكسازى له سيستمى سوورياشدا ده‌كه‌ن، ئه‌وه چۆن جێبه‌جێ ده‌كه‌ن؟
ڤيكتۆر سيماكۆڤ: لە ئێستادا ناتوانم باسی چۆنیەتی جێبەجێكردنی قۆناغی دووەمی پرۆسەكەت بۆ بكەم، كە چاكسازیە لە سیستەمی سووریا. لە ھەموو ئەو شوێنانەی كە گفتوگۆ ھەیە لە سەر پرسی چارەسەركردنی قەیرانی سووریا، لە ژنێڤ، لە ڤییەنا، وەزیری دەرەوەی روسیا ئامادە بووە، ھەمیشە زۆر بە راشكاوانە باسی ئەوەی كردووە، كە ئێمە بەو جۆرە كار دەكەین و ئامانجی سەرەكیمان لەناوبردنی داعشە. ھەر ئامانجێكی دیكەمان ھەبێت دوای لەناوبردنی داعش كاری لە سەر دەكەین. ھەوڵمانداوە ھەموو ئەو گروپانەی لە ناو ئۆپۆزسیۆنی سووریادان ، چ لە ناو خاكی سووریا دا بن یان لە دەرەوەی سووریا، لە نێوانیاندا ھەڵوێستێكی ھاوبەش درووستبكەین و یارمەتییان بدەین. رووسیا سیاسەتی روونە بە ئاشكرا دەڵێت، ئێمە دانوستان لە گەڵ ھەموو لایەنێك دەكەین، جا كورد بێت یان توركمان، یاخود ھەر لایەنێكی دیكە.
"زۆرجار ميوانى ساڵح موسليممان كردووه"
سه‌باره‌ت به په‌يوه‌ندييان له‌گه‌ڵ لايه‌نه نه‌ياره‌كانى سووريا، ناوبراو گوتى: "ئێمە بەردەوام دانوستاندنمان ھەیە لە گەڵ سەرجەم نوێنەرانی كانتۆنەكانی كوردستانی سوریا. زۆر جار میوانداری ساڵح موسلیم‌مان كردووە لە مۆسكۆ. رووسیا بە ئاشكرا دەڵێت، لە سوریای دیموكراتی داھاتوودا، پێویستە ماف بە ھەموو پێكھاتە جیاجیاكانی سووریا بدرێت. بە بێ جیاوازی بۆ كورد و توركمان و ئەرمەن و پێكھاتەكانی دیكەش. ئێمە كار لە سەر ئەم پرسانە دەكەین".
كوردستان 24: هاوكارى سه‌ربازى كوردتان له سووريا كردووه؟
ڤيكتۆر سيماكۆڤ: بۆ كورد لە سووریا ، ئێمە تا ئێستا چەكو پێداویستی سەربازیمان نەناردووە. توركەكان زۆر بە باشی درۆ دەكەن، زۆر جار سەبارەت بە خستنە خوارەوەی فڕۆكەكەی ئێمەش درۆیان كردووە. پاش ئەو درۆیانە، ئێستا ھێشتا بەردەوامن و درۆی گەورە تر دەكەن. داوای لێبوردنیش دەكەم كە دەربڕینەكەم زۆر نا دیبلۆماسیە.
كوردستان 24: توركیا پێی وایە كە زۆر دۆستیان ھەیە لە ناوچەكەدا؟
ڤيكتۆر سيماكۆڤ: بەڵێ لە گەڵ توركیا، پەیوەندییەكی ئابووری زۆر بەھێزمان ھەبوو، بە شێوەیەكی گشتی ، بە بڕی زیاتر لە سی ملیار دۆلار كڕین و فرۆشتن لە نێوان توركیا و روسیادا ھەبوو. بەڵام ژیانی یەك ھاوڵاتی روسی بۆ ئێمە لەو بڕە پارەیە و لەو بەرژەوەندییە ئابووریە بەنرخترە. بەڵێ راستە توركیا ئەندامی ناتۆیە. بەڵام ئەوە شتێكی زۆر روكەشە و تەنانەت كاتێك باراك ئۆباما سەرەخۆشی لە روسیا كرد سەبارەت بە كوشتنی فڕۆكەوانەمان، ئەوەی سەلماند. ئەگەر ئه‌ردۆغان ھەوڵدەدات خۆی لە ژێر چەتری ناتۆدا بشارێتەوە، ئەوە بێسودە. ئەگەر ناتۆ بیەوێت شەڕ لە گەڵ روسیا بكات، ھیچ سوودێكی نابێت.
سه‌ركه‌وتنى شنگالى له‌ياد نه‌كرد
له كۆتايى هه‌ڤپه‌يڤينه‌كه‌دا، كونسوڵى گشتيى رووسيا له شارى هه‌ولێرى پايته‌ختى هه‌رێمى كوردستان ڤيكتۆر سيماكۆڤ گوتى: "زۆر سوپاس بۆ ئێوەش و بۆ ئەم دەرفەتە، من لە كۆتایی ئەم چاوپێكەوتنەدا پێم خۆشە، پەیامی پیرۆزبایی خۆم بگەیەنم بە گەلی كورد، سەبارەت بە رزگاركردنی شنگال".
پرۆفايل:
ڤیكتۆر سیماكۆڤ
ساڵی 1966 لە شاری مۆسكۆی پایتەختی رووسیا لە دایكبووە.
لە ساڵانی 1992-2002 باڵیۆزی روسیا بووە لە وڵاتانی (ئەرمینیا و عەرەبستانی سعودیە).
لە 2004-2007 جێگری سەرۆكی ئۆفیسی رووسیا بووە لە شاری رامەڵا لە فەلەستین.
لە 2007-2014 راوێژكاری باڵا بووە لە بەشی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقای وەزارەتی دەرەوەی رووسیا.
لە ساڵی 2014 وە تا ئێستا كونسوڵی گشتی رووسیایە لە ھەولێری پایتەختی باشووری كوردستان.
سازدانى هه‌ڤپه‌يڤين: ئومێد عه‌لى
رۆژى په‌خشكردنى: 11ى كانوونى يه‌كه‌م/ ديسه‌مبه‌رى 2015.