ده‌رگای گفتوگۆمان به‌ڕووی هیچ حزبێكدا دانه‌خستووه
K24 - هه‌ولێر:
فازڵ میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، له به‌رنامه‌ی هه‌ڤپه‌یڤینی كوردستان 24 له باره‌ی گۆڕانكارییه سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه رایگه‌یاند، كورد له سیاسه‌تدا زۆر چووه‌ته پێش و هه‌موو وڵاتانی دنیا وه‌سفی هێزه‌كه‌ی ده‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی یه‌كێتی ئه‌وروپا و كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكاش گرنگییه‌كی تایبه‌ت به كورد ده‌درێت.
له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و سه‌روه‌ری خاكی عێراقه‌وه رایگه‌یاند ، عێراق باسیی سه‌روه‌ری خاك ده‌كات كه له مێژه له‌ده‌ستچووه، كێشه له‌نێو هێزه سوننییه‌كان، شیعییه‌كان و نێوان هه‌ردووكیاندا هه‌یه.
سه‌باره‌ت به راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئه‌مدواییه‌ی بزووتنه‌وه‌ی رایگه‌یاند، ده‌بوایه براده‌رانی گۆڕان باشتر بیریان كردباوه و به‌هۆیه‌وه خۆیشیان بچووك ده‌كه‌نه‌وه و كێشه‌كانیش بچووك ده‌كه‌نه‌وه، روونیشیكرده‌وه‌كێشه‌كه له شه‌رعییه‌تدا نییه له‌لای كێیه، به‌ڵكو كێشه‌كه له شێوازی بیركردنه‌وه‌دایه.
میرانی له‌باره‌ی بانگه‌شه‌كانی گۆڕان رایگه‌یاند، كاتی خۆی براده‌رانی گۆڕان ده‌یانگوت پارتی زێد به‌ده‌ر ده‌كه‌ین، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد پارتی حزبێكی ئه‌وه‌نده بچووك نییه به هه‌ندێك حزب گه‌مارۆ بدرێت و زێدبه‌ده‌ر بكرێت.
له وه‌ڵامی پرسیاری ناوبردنی پێشمه‌رگه به میلیشیا له‌لایه‌ن یوسف محه‌مه‌د له په‌رله‌مانی یه‌كێتی ئه‌وروپا، گوتی: "ئێمه نه‌وه‌یه‌كین له‌ناو پارتی خۆمان به‌دوور ده‌گرین له‌م شێوازه و وه‌ڵامدانه‌وه به پێویست نازانین، ئه‌وه‌ی دوێنێی نه‌بێ ئیدیعای زه‌عیفه، ئه‌گه‌ر ئه‌وڕۆت هه‌بێت ده‌توانی به‌رگری له سبه‌ی بكه‌ی، پارتی دوێنێی هه‌یه و خاوه‌ن به‌رگری به‌هێزی ئه‌مڕۆ و سبه‌ش ده‌بێت".
راشیگه‌یاند پارتی مێژووییه‌كی هه‌یه، ئه‌وان وه‌ك پارتیی ده‌ستكه‌وته‌كان به‌ش ده‌كه‌ن، كه‌م بۆخۆیان داده‌نێن زیاد بۆ به‌رامبه‌ره‌كانیان.
له به‌رامبه‌ر له ئه‌ستۆگرتنی به‌رپرسیارێتی به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردسان رایگه‌یاند، ئه‌وان وه‌ك پارتی له به‌پرسیارێتی به‌رامبه‌ر به كوردستان پشكی شێرییان به‌ركه‌وتووه و لێی راناكه‌ن.
له باره‌ی دوورخستنه‌وه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و وه‌زیره‌كانی گۆڕان له كاره‌كانییان رایگه‌یاند، گوتوومانه رێككه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌تمان هه‌ڵوه‌شانده‌وه نه‌ك شه‌راكه‌تی له وڵات.
به بڕوای میرانی، حزبه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌و وڵاته‌دا شه‌ریكن و برایه‌تیان هه‌یه، نه ئه‌وان ده‌توانن شه‌راكه‌تی گۆڕان له كوردستان ره‌تبكه‌نه‌وه، نه گۆرانیش ده‌توانێت ئه‌و كاره بكات، به‌هه‌مان شێوه بۆ یه‌كێتی و حزبه‌كانی دیكه‌ی كوردستانیش هه‌ر وایه.
روونیشكیرده‌وه پێویسته خۆیان له‌گه‌ڵ قۆناغه‌كه‌دا بگونجێنن و گۆڕانیش پشتگیری هێزی پێشمه‌رگه بكات له‌و شه‌ڕه‌ی ئێستای داعش.
له وه‌ڵامی پرسیاری ئه‌وه‌ی پارتی له غیابی رێكخه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كێ ده‌كات، رایگه‌یاند كاریزمای كه‌سایه‌تی له‌هه‌ر حزبێكی سیاسی‌دا گرنگه، گۆڕان رێكخراوێكی تازه‌یه و به بانگه‌شه‌ی خۆیان به كۆده‌نگیی حزبه‌كه به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن و وه‌ك پارتی و یه‌كێتی ناكه‌ن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، گرنگ ئه‌وه‌یه مه‌نهه‌جییه‌تی گۆڕان مابێت و تاكه‌كه‌سی نه‌بن.
له باره‌ی ئه‌نجامدانی گفتوگۆكان بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی سیاسی ئێستای هه‌رێمی كوردستان ئاشكرایكرد، ئه‌وان وه‌ك پارتی ده‌رگای گفتوگۆ داناخه‌ن و به گوته‌ی خۆیشی، له رێگای په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنییه‌وه قسه‌ی له‌گه‌ڵ عومه‌ری سه‌ید عه‌لی كردووه.
فازڵ میرانی راشیگه‌یاند، په‌یوه‌ندی دۆستانه‌یان ماوه و ناتوانن سه‌نگه‌ر له یه‌كتر بگرن، به بۆچوونی ئه‌و پێویسته خاڵه جیاوازه‌كان ببێته خاڵی به یه‌كگه‌یشتن و له هه‌موو شوێنێك جیاوازییه‌كان به گفتوگۆ چاره‌سه‌ر ده‌كرێن.
له باره‌ی وه‌سفكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان به حزبێكی مه‌غروور، فازڵ میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمه په‌یڕه‌وی گوته‌كانی بارزانی نه‌مرین و له سه‌ركه‌وتن مه‌غروور نابین و له شكستیش بێ‌ئومێد نابین و هه‌ڵه‌یه كورد له‌گه‌ڵ یه‌كدی غرووریه‌ت بنوێنێت".
هه‌روه‌ها گوتیشی: "ئه‌و براده‌رانه‌ی وامان پێده‌ڵێن خوا نه‌كات، ره‌نگه خۆیان مه‌غروور بووبن، چونكه مه‌غروورییه‌ت ده‌رگای گفتوگۆ و له‌یه‌ك گه‌یشتن كه‌متر ده‌كاته‌وه".
سه‌باره‌ت به دۆخی ناوخۆی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان وه‌ك هاوپه‌یمانێكی سه‌ره‌كی حزبه‌كه‌ی، میرانی گوتی: "یه‌كێتی و به‌شێكیش له ئێمه غه‌در له یه‌كێتی ده‌كه‌ین، دوای مام جه‌لال ئه‌و حزبه به بارێكی جیاوازدا تێده‌په‌ڕێت و ئه‌ركی ئێمه‌یه ده‌ستی یه‌كێتی بگرین و بواری بده‌ین رۆڵی خۆی بگێڕێت".
جه‌ختیی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه به‌ردی بناغه‌ی كوردستان پارتی و یه‌كێتیه و به‌بێ یه‌كتر ناتوانن حوكم بكه‌ن ئه‌گه‌ر هه‌ر یه‌كێكیان سه‌رووی 60 كورسی په‌رله‌مانیش بهێنن، ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات ئه‌وه بێڕێزیكردن نییه به‌رامبه‌ر به حزبه سیاسییه‌كانی دیكه‌ی كوردستان، به‌ڵكو واقیعی هه‌رێمی كوردستان وایه.
هه‌روه‌ها بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حزبه‌كه‌ی و گۆڕان و نێوانیگیریكردنیان رایگه‌یاند، ئه‌وان پێویستیان به نێوانگیر و میانگیر نییه و به هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌رگای گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێك و ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ گۆڕانیش داناخه‌ن و ئاشكرایكرد له‌و باره‌یه‌وه ته‌له‌فۆنی بۆ به‌رپرسانی گۆڕان كردووه.
سه‌باره‌ت به قه‌بوڵكردنی مه‌رج و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ دۆخی پێشی 12ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵ، ئه‌وان داوا ده‌كه‌ن دۆخه‌كه بگه‌ڕێنینه‌وه بۆ 12ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ر، ئێمه‌ش پێمان گوتوون با مه‌رج به‌سه‌ر یه‌كدا نه‌سه‌پێنین و گفتوگۆ بكه‌ین و له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دووقۆڵیدا چاره‌سه‌ری گرفته‌كان بكه‌ین.
له وه‌ڵامی پرسیاری گرنگینه‌دانی راگه‌یاندنی یه‌كێتی به سه‌ردانه‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ توركیا و له به‌رامبه‌ردا سه‌ردانی شاندی یه‌كێتی بۆ به‌غدا گوتی: " ئێوه وه‌ك رۆژنامه‌نووس ده‌تانه‌وێت قسه‌كانتان بخه‌نه ده‌می ئێمه و له زاری ئێمه‌وه گوێتان لێبێت، یه‌كێتی ئاگاداری سه‌ردانه‌كانی بارزانی بووه و به‌ڕێز مه‌لا به‌ختیاریش به‌ر له سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ به‌غدا په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی بۆ كردووم". هه‌روه‌ها گوتیشی: "ئێمه به‌شێكین له به‌غدا و هیواخوازین رۆژێك بێت به‌شێك نه‌بین".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد هیواداری ده‌ستتێوه‌ردان نه‌بێت له كاروباری ناوخۆی یه‌كێتی و به‌ڵام قسه‌كانی ئه‌م و ئه‌و به هه‌ڵوێستی فه‌رمی یه‌كێتی نازانن و به سیاسه‌تی فه‌رمی ئه‌وانی دانانێن، به‌بڕوای میرانی یه‌كێتیش به سیاسه‌تی فه‌رمی خۆی دانانێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، خه‌ڵك قسه ده‌كات و هیوادارن ئه‌وان به‌سه‌ر ئه‌و قسانه بازبده‌ین و رایان نه‌گرێت، روونیشیكرده‌وه ئه‌گه‌ر به ناوی نوێنه‌رایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمیش قسه ده‌كرێت، ده‌بێت حكوومه‌تی هه‌رێم قسه بكات و روونكردنه‌وه بدات، ئایا به‌ناوی حكوومه‌ت قسه ده‌كات یان نا.
دوپاتیشیكرده‌وه نابێت قسه‌كانی ئه‌ندامانی یه‌كێتی له حكوومه‌ت پێچه‌وانه‌ی قسه‌كانی قوباد تاڵه‌بانی بێت و قسه‌یان یه‌كنه‌گرێته‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌ندامێكی ئه‌وان له پۆستێكی حكوومه‌تدایه و نوێنه‌رایه‌تی ئه‌وان ده‌كات به‌ڵام قسه‌كه‌ی هی به‌شێكی ناو یه‌كێتیه نه‌ك سیاسه‌تی فه‌رمی یه‌كێتی.
سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی و پارتی له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه، گوتی: "ئێمه كۆپی هیچ كه‌س نین و سیاسه‌ت و مه‌رجه‌عییه‌تی خۆمان هه‌یه و ناتوانین ئه‌ملا و ئه‌ولا بكه‌ین، ئه‌گه‌ر كه‌سێكیش قسه له‌سه‌ر په‌كه‌كه بكات، په‌كه‌كه راده‌كێشینه‌وه، به‌ڵام ئه‌و مه‌رجه‌عییه‌ته له‌ناو یه‌كێتیدا نه‌ماوه دوای مام جه‌لال".
سه‌باره‌ت به ره‌خنه‌كانی هه‌ندێكی كه‌سایه‌تی ناو یه‌كێتی له پارتی، گوتی: "پێویسته هه‌ندێك كه‌سایه‌تی له‌ناو یه‌كێتی له حزبه‌كه جیابكه‌ینه‌وه و پێویستمان پێیان نییه، پێویسته له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ده‌ستی یه‌كبگرین له‌و قۆناغه‌دا، بۆ ئه‌وه‌ی تاكڕه‌وییه‌كانی ناو رێكخستنی حزبه‌كه‌ی ئه‌وانی دیكه‌ش نه‌گرێته‌وه".
سه‌باره‌ت به خاڵه جیاوازه‌كانی نێوان پارتی و په‌كه‌كه رایگه‌یاند، خه‌باتی ئه‌وان و په‌كه‌كه جیایه، به‌ڵام ناكرێت یه‌كدی قه‌بووڵ نه‌كه‌ن، سیاسه‌تی بارزانی روونه و هه‌موو دونیا ده‌ڵێت په‌كه‌كه تیرۆریسته، به‌ڵام بارزانی له‌ناو توركیا ئاماده‌نه‌بوو دان به‌و قسه‌یه‌دا بنێت و وا بڵێت.
میرانی ره‌خنه‌ی له به‌شێك له سیاسه‌ته‌كانی په‌كه‌كه گرت و گوتی: "له 90ه‌كان په‌كه‌كه ده‌یگوت ئێمه ده‌وڵه‌تی كوردستانی گه‌وره دروستده‌كه‌ین، دواتر هاتنه سه‌ر فیدرالی، دواتر مافی نه‌ته‌وه‌یی، دواتر خۆڕێبه‌ری، دواتر ئازادكردنه‌وه ئۆجه‌لان و ئێستاش خوه‌سه‌ری".
ئاشكراشیكرد، له دوایین هه‌ڵبژاردندا حزبێكی هه‌رێمی كوردستان به مه‌به‌ستی هاوكاریكردن سه‌ردانی باكووری كوردستانییان كرد و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌ده‌په كۆبوونه‌وه، به‌ڵام ئه‌وان پێیان راگه‌یاندبوون ئه‌وان وتاری نه‌ته‌وایه‌تییان نییه‌و حزبێكی دیموكراتین.
سه‌باره‌ت به دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان له باكوور و رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان گوتی: "دۆستایه‌تی میلله‌تی خۆمان شتێكه و خۆكردنه جێگره‌وه‌ی حزبه كوردییه‌كانی دیكه له پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان و پشتیوانی و ده‌ستگرتنی میلله‌تی خۆمان له پارچه‌كانی دیكه شتێكی دیكه‌یه".
میرانی ئاماژه‌ی به كرانه‌وه‌ی سیاسه‌تی توركیا به‌رامبه‌ر به كورد له باكوور و پرۆسه‌ی ئاشتیكرد و رایگه‌یاند، به‌ر له پرۆسه‌ی ئاشتی قه‌ده‌غه‌بوو حزبی كوردی سیاسه‌ت و خه‌بات بكات، به‌ڵام ئێستا له توركیا ئه‌و سیاسه‌ته گۆڕاوه، به تایبه‌تیش له دوای پرۆسه‌ی ئاشتی.
هه‌ر سه‌باره‌ت به پرۆسه‌ی ئاشتی رایگه‌یاند، چیدیكه په‌كه‌كه ناتوانێت سیاسه‌تی خۆی به‌سه‌ر هه‌موو كوردانی باكوور بسه‌پێنێت و توركیاش ناتوانێت وا له هه‌موو بكات كورد وه‌ك په‌كه‌كه بیربكاته‌وه، ئه‌مه وه‌رچه‌رخانێكه له پێكهاته‌ی سیاسه‌ت له توركیا و نوێبوونه‌وه‌یه‌كه.
له به‌رامبه‌ر رێگریكردن له هه‌ڵدانی ئاڵای كوردستان له رۆژئاوا له‌لایه‌ن ئاسایشی پارتی یه‌كێتی دیموكرات (په‌یه‌ده - PYD) گوتی: "هیواداربووم هیچ حزبێكی كوردی تووشی ئه‌و هه‌ڵه‌یه نه‌بێت، په‌كه‌كه ئه‌و ئاڵایه‌ی قه‌بووڵ كردووه و به‌ڵگه‌شمان هه‌یه، ئه‌و ئاڵایه وه‌ك ئاڵای كوردستان ناسراوه نه‌ك ئاڵای پارتی، ئه‌گه‌ر سبه‌ی ده‌وڵه‌تییان دروستكرد حه‌قی خۆیانه ئاڵایه‌كی دیكه‌یان هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا كرا به‌رامبه‌ر به ئاڵا، ده‌بێته هۆی له‌ده‌ستدانی پاڵپشتی جه‌ماوه‌ری".
روونیشیكرده‌وه ئه‌وان ئاڵایان به‌سه‌ر كه‌سدا نه‌سه‌پاندووه و كه‌سیش ناتوانێت هیچیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت و ئومێده‌واریشه رۆژێكدابێت ئاڵاكه قه‌بوڵ بكه‌ن.
له باره‌ی بازرگانیكردن به نه‌وتی رۆژئاوای كوردستان و په‌یوه‌ندیكی بازرگانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و په‌یه‌ده گوتی: "هه‌رچی ده‌زانرێت ده‌گوترێت، نه هه‌رچی ده‌گوترێت راسته" راشیگه‌یاند، ئه‌و كه‌سێكی سیاسییه و په‌یوه‌ندی به كڕین و فرۆشتنی نه‌وته‌وه نییه، هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند ئه‌گه‌ر واشبێت هیچ شتێكی نائاسایی نییه.
روونیكرده‌وه، پێویسته له به‌رامبه‌ر پرسه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان نه‌گه‌ینه ئاستێك ئێسكی یه‌ك بشكێنین.
سه‌باره‌ت به دواكه‌وتنی مووچه و قه‌یرانی دارایی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند ئه‌وان وه‌ك پارتی به ته‌نها به‌رپرسیاری ئه‌و دۆخه نین و رایگه‌یاند، قه‌یرانی ئابووری سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌ندێك لایه‌ن ده‌یكه‌نه بانگه‌شه‌ی حزبی بۆ ئه‌وه‌ی بیخه‌نه ئه‌ستۆی پارتی، به‌ڵام قه‌یرانی ئابووری هی ئه‌مڕۆ نییه، ئه‌گه‌ر هی دوێنێیه، یه‌كێتیش به‌شداره و 50%ی حكوومه‌تی هه‌بوو، ئه‌گه‌ر هی ئه‌مڕۆشه پێنج حزب له حكومه‌تدا هه‌ن.
روونیشیكرده‌وه، قه‌یرانه‌كه هه‌موو وڵاتانی خاوه‌ن نه‌وتی گرتووه‌ته‌وه، سعوودیه و ڤه‌نزوێلا و ئێرانیشش دووچاری هه‌مان قه‌یران ده‌بنه‌وه.
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر نرخی نه‌وت به‌و شێوه‌یه دانه‌به‌زیبا، هه‌رێمی كوردستان هیچ پێویستییه‌كی به عێراق نه‌بوو تاكو بوجه له عێراق وه‌ربگیرێت.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، عێراق توانیویه‌تی ملیاره‌ك و دووسه‌د ملیۆن دۆلار قه‌رز له سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی وه‌ربگرێت، ئه‌ویش به لێهاتوویی هۆشیار زێباری و روونیشیكرده‌وه، هه‌رێمی كوردستان تا ئێستا وڵاتی سه‌ربه‌خۆ نییه و ئه‌گه‌ر قه‌زریش وه‌ربگرێت، ده‌بێت به‌غدا ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بدات.
میرانی رایگه‌یاند، پێویسته هه‌موو میلله‌ت پشتگیری له حكوومه‌ت بكات، چونكه ئه‌و حكوومه‌ته هی پارتی نییه و هی میلله‌ته، ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت تێكبچێت له‌هه‌مو ولایه‌ك تێكده‌چێت و له 91 به‌دواوه مامۆستاكان به‌بێ مووچه وانه‌یان گوته‌وه‌و پێویسته ئه‌و رووحییه‌ته دروستبكرێته‌وه و ئه‌وه‌ش بهررسیارێتی هه‌موو لایه‌نه مامۆستایانی ئایینی، مامۆستایانی زانكۆ، رۆشنبیران و حزبه سیاسیه‌كانه.
كیرامی ئاماژه به‌وه‌شده‌كات، هه‌ڵه‌یه‌ك هه‌یه به‌غدا ده‌یكات و له‌به‌ره‌ی هه‌ولێریش دووباره‌ی ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وان ناتوانن بوونی كورد له عێراق له‌به‌رچاوبگرن و نایانه‌وێت كورد له‌گه‌ڵیاندا بمێنێته‌وه، ئه‌وه‌ش له سیاسه‌تی به‌غدا ره‌نگیداوه‌ته‌وه.
به بۆچوونی ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌كی دیكه ئه‌وه‌یه شه‌راكه‌تی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ته‌نها له نه‌وت و بودجه‌دا كۆبكرێته‌وه، روونیكرده‌وه ئه‌وان شه‌ریكی ئه‌و عێراقه‌ن، له سوپا، له خاك و نیشتمان، جه‌ختیشی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه ئه‌وان بۆ میزانیه، بۆ هاوسه‌نگی سوپا، بۆ پۆسته‌كان، له هه‌مووشیان گرنگتر ماده‌ی140ه له به‌غدان بچووككردنه‌وه‌ی شه‌راكه‌تی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، ته‌نها له پاره و نه‌وت شتێكی هه‌ڵه‌یه.
هه‌وه‌رها راگه‌یاندنی به مایه‌پووچبوونی به‌غدا له‌لایه‌ن نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دووپاتیكرده‌وه هه‌ندێكجار راگه‌یاندنه‌كان و حزبه مونافیس و ئۆپۆزیسیۆنه‌كان شته‌كان ده‌گۆڕن، مه‌به‌ستی نێچیرڤان بارزانی له پاره بوو كه به‌غدا موفلیسه نه‌ك له سیاسه‌ت و شته‌كانی دیكه.
فازڵ میرانی، ره‌خنه‌ی له سیاسه‌تی هه‌ندێك كناڵی راگه‌یاندن گرت و رایگه‌یاند هیچ هاوسه‌نگییه‌ك له‌نێوان لایه‌نگیری بۆ نیشتمان و لایه‌نگیری بۆ كاری میدیا نییه، پیویسته میدیاكاران راستییه‌كانیش بگوازنه‌وه و دانی پێدابنێن، ئه‌گه‌ر ئه‌و ئه‌زموونه نه‌بێت چۆن ده‌توانێت ده‌زگای راگه‌یاندن دابنێت و چۆن ده‌توانن بڵێن كێشه‌ی ئاو و كاره‌با هه‌یه و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد ئه‌و ئازادییه‌ی ئێستا هه‌یه، هی ئه‌وانه، بۆیه پێویسته به‌رگری لێبكه‌ن و بیهێڵنه‌وه.
گوتی: "ئێمه ده‌ڵێین چاكه و خراپه‌ش هه‌یه، په‌یامبه‌ری ئیسلام ده‌فه‌رموێت (ويل لامة لاتقول للمحسن احسن ولا تقول للمسئ اسأت)، یه‌كه‌مجاریش باسی چاكه‌كان ده‌كات".
سه‌باره‌ت به ده‌نگۆی دادگایی كردنی نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، له‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگی رێكخه‌ری گۆڕان رایگه‌یاند، داواكاری گشتی هه‌یه، ئه‌گه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌من و سه‌قامگیریش هه‌بێت ، داواكاری گشتی سه‌ر به حكوومه‌تیش بۆی هه‌یه داواكاری له دژی سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كان بكات.
دووپاتیشیكرده‌وه، ئه‌وه پارتی نییه كه داوا تۆمار ده‌كات، ئه‌گه‌ر پارتی داواكاری تۆمار بكات له‌سه‌ر باره‌گا سووتاوه‌كان داواكاری تۆمارده‌كات و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد مه‌سه‌له‌ی ئه‌منییه‌ت و سه‌قامگیری هه‌رێم په‌یوه‌ست به پارتییه‌وه نییه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به حكوومه‌تی هه‌رێم و دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كانه‌وه هه‌یه.