ئێستا كورد لە ھەموو کات نزیکترن بۆ سەربەخۆبوون

جەی گارنەر
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر:

ژەنراڵ جەی مۆنتگومەری گارنەر، رایگەیاند، پێموایە کورد لە قۆناغی ئێستا لە ھەموو کات نزیکترن بۆ سەربەخۆبوون، باس لە ساتەوەختی گەڕانەوەیان دەكات لە كوردستانەوە بۆ ئەمریكا و دەڵێت: بە ھەمان جەستە، بەڵام بە دڵێكی كوردیيەوە كوردستانمان جێھێشت.

لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی ھەڤپەیڤینی كوردستان 24 ژەنه‌راڵ جەی مۆنتگومەری گارنەر، یەكەم حاكمی سەربازی عێراق دوای روخانی رژێمی بەعس، باسی یەكەم ئەزموونی خۆی لەگەڵ گەلی كورد كرد و رایگەیاند: "لە ساڵی 1991 لەو كاتەی جه‌نگی كەنداوی یەكەم بەرەو كۆتایی دەچوو، كورد لە باكوور و شیعەكان لە باشووری لە دژی دەسەڵاتی سەدام راپەڕین، دواتر بەھۆی شكستی سوپای عێراقەوە ئەوكات لە كوەیت، زۆربەی سوپای عێراق روویانكردە باكوور و توانیان پێشڕەوی بكەن، بەمەش خەڵكێكی زۆر روویان لە توركیا و ئێران كرد و زۆربەی ناوچەكانی عێراق كەوتنەوە دەست رژێمی عێراق، ئەوكات ئێمە قەیرانێكی گەورەی مرۆیمان بەرچاو كەوت ئەو خەڵكە ھیچیان پێنەبوو خواردن و ئاویشیان پێنەبوو، بۆیە ھەر زوو ژورێكی عەمەلیاتمان دامەزراند و دەستمانكرد بە ئۆپەراسیۆنێك بۆ راماڵینی سوپای عێراق بەرەو باشووری وڵاتەكە".

جەی گارنەر، ئاماژەی بۆ قۆناغی ئاوەدانكردنەوەی كوردستان كرد و گوتی: "رێگەمان خۆشكرد بۆ ئاوارە بۆ ئەو شوێنەی ئێستا پێی دەڵێن ھەرێمی كوردستان، دەستمانكرد بە بنیادنانەوەی ناوچەكە قوتابخانە و نەخۆشخانەی نوێمان دروستكردن، ئەو ھێزەی ئەوكات ھێزێكی فرە ھاوپەیمان بریتی بوون لە ئەمریكی، بریتانی، ئیسپانی، ھۆڵەندی، ئیتاڵی ھێزێكی زۆربوون".

ئەو ژەنه‌راڵە ئەمریكییە لە بەرنامەدا گوتیشی: "ئێمە و ھەموو فەرماندەكانی دیكە لە سوپای بریتانیا و ئیسپانیا بە ھەمان جەستە بەڵام بە دڵێكی كوردیەوە كوردستانمان جێھێشت، كوردەكانیش توانیان ھەموومان بكەن بە دۆستی خۆیان".

لە بارەی پێنەدانی چەك و تەقەمه‌نی راستەوخۆ بە پێشمەرگە گارنەر ئەوەی خستەڕوو: "بە بڕوای من كە ئێمە لە ئەمریكا سیاسەتێكی ھەڵە پەیڕەو دەكەین، كە سەرچاوەكەی وەزارەتی درەوەی ئەمریكایە، ئەو سیاسەتەش بە سیاسەتی یەك عێراق ناسراوە، كە تەنھا دان بە حكوومەتی مەركەزی دادەنێت و ئەمەش سیاسەتێكی ھەڵەیە، پابەندت دەكات ھەموو شتێك لە رێگەی بەغداوە بێتە ھەرێمی كوردستان، ئەگەر لە رێگەی ئەوانیش بێت ھیچ شتێك ناگەیەنێتە ھەرێمی كوردستان، بەڵام رەگی كێشەكە ئەو سیاسەتە ھەڵەیە كە ئێستا واشنتن پەیڕەوی دەكات".

روونیكردەوە: "ئەو سیاسەتە خۆی لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەدا دەبینێتەوە، كە تۆ تەنیا مامەڵە لەگەڵ ئەو حكوومەتانەدا دەكەیت كە فەرمی دانیان پێدانراوە، حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش وەكو حكوومەتێكی سەربەخۆ نە ناسراوە، بەڵکو وەك بەشێك لە عێراقی فیدراڵ ناسراوە. بێگومان زۆربەی وڵاتان لەسەر ئەو رێگایە لایانداوە، بەڵام ئێمە لە ئەمریکا نزیکەی دوو ساڵ لەدواین بۆ گۆڕینی ئەو سیاسەتە. ھەروەھا پێموابێت نزیکبوونەوە لە ئێران و گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران لەسەر بەرنامەی ناووکی ئێران، ئەویش کاریگەری ھەبوو، لەبەرئەوەی ئێرانییەکان دژی پڕچەککردنی کوردن، کە ئەمەش کارێکی خراپە لەلایەن ئەمریکاوە. ئەوەش ھیچ مانای نییە، لەبەرئەوەی ئێمە چەکمان داوەتە کوردانی سووریا کە بە بەراوورد لەگەڵ کوردستانی عێراق، ئەوەندە ھێزێکی رێکخراو نین".

جەی گارنەر، لە بەشێكی دیكەی ھەڤپەیڤینەكەدا گوتی: "پێموایە ئەو سیاسەتە، ھەمان سیاسەتە کە جۆرج بوش پەیڕەوی دەکرد، لەبەرئەوە سیاسەتێکی نوێ نییە، بەڵام ئەوەی دەبینرێت ئەوەیە کە ئیدارەی ئۆباما تەنیا دەیەوێت درێژە بەو سیاسەتە بدات و بۆ سەرۆکی نوێی بەجێبێڵێت، بەڵام لەو بڕوایەدا کە ھەوڵێکی زۆر لە کۆنگرێس و ھەتا لەنێو خەڵکی ئاسایی ئەمریکیش کە دان بە ھەرێمی کوردستاندا بنێن و دەشزانن کە تاکە ناوچەی عێراقە، ئەزموونێکی سەرکەوتوویی پیشانداوە، بۆیە چاوەڕێ دەکەم پێش ئەوەی ئیدارەی ئۆباما کۆتایی بێت، گۆڕانکاری لە کۆنگرێس دەبینن سەبارەت بە کورد و پڕچەککردنی پێشمەرگە و ھاوکاریی دارایی کوردیش بکرێت".

ئەو ژەنه‌راڵە ئەمریكییە لە بارەی جیاوازی لە سیاسەتی كۆماری و دیموكراتەكانی وڵاتەكەی دەڵێ: "ئەگەر سەرۆكی داھاتووی ئەمریكا كۆماری بێت گۆڕانكاری لە سیاسەتی واشنتن دەبێت بەرامبەر بە كورد، پێموایە کە دیموکراتەکان ھێشتا خۆیان لکاندووە بە سیاسەتی کۆنی ئەمریکاوەن بەڵام ئەگەر سەرۆکێکی کۆماریی بێت، ئەوا سەرەتاییەکی نوێ دەبێت و ئەوکاتیش دەتوانی سیاسەت و بیرۆکەی نوێت ھەبێت و پەیڕەوی بکەیت".

سەبارەت بە سەربەخۆی لە ھەرێمی كوردستان و گوتەی مەسعوود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان كە لەم ماوەیەدا رایگەیاند، سەربەخۆیی لەھەموو کات نزیکترە، جەی گارنەر، دەڵێت: "پێموایە کورد لە قۆناغی ئێستا لە ھەموو کات نزیکترن بۆ سەربەخۆبوون، رەنگە لەدوای جەنگی جیھانی یەکەمەوە کاتێک ١٤ خاڵەکەی ودۆرد ولسۆنی، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، باسی لە دەوڵەتی کوردی کرد و یەکێک لە خاڵەکانی چارەسەری ولسن دروستبوونی دەوڵەتی کوردی بوو، لەو کاتەشەوە پێموایە ئەگەری سەربەخۆبوونی کوردستان دوورکەوتووەتەوە ھەتا ئێستا کە زۆرینەی جیھان گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی ئامادەیە بۆ سەربەخۆیی، بەڵام پێموایە کێشەکە کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی نییە، کێشەکە لەنێوخۆی کوردە کە یەکگرتوو نین، تەماشاکە کێ یەکێتی بەڕێوەدەبات، ئەو حزبە بووەتە چەند باڵێکەوە، لەولاوە بزووتنەوەی گۆڕانت ھەیە کەس نازانێت ئەوان بۆکوێ دەڕۆن، سەقامگیریی لەنێو پارتیدا ھەیە، بەڵام ئەگەر دەتەوێت بگەیتە سەربەخۆیی، دەبێ لەنێو ھەموو حزبەکان سەقامگیریی ببینیت".

سەبارەت بە رۆڵی پێشمەرگە لە شەڕی داعش گارنەر، گوتی: "لەسەرەتایی شەڕی داعشدا، دیاربوو کە ھێزی پێشمەرگە ئەوەندە مەشق و راھێنانیان نەبینیوو، بەڵام دواتر کە پێشمەرگە دێرینەکان گەڕانەوە نێو سەنگەرەکان ئاستی شەڕکردنی پێشمەرگەکان بەرزبوویەوە، دەبێ ئەوەش لەبیر نەکەیت، کورد زیاتر لە ٢٠ ساڵ بوو رووبەڕووی شەڕ نەببوویەوە و پێشمەرگە دێرینەکان خانەنشینکرابوون و پێشمەرگە نوێیەکانیش ئەزموونی شەڕکردنیان نەبوو، پارەش نەبوو بۆ ئەوەی مەشق و راھێنانێکی ئەوتۆ ببینن، ھەروەھا ھێزی ھاوپەیمانانیش دەستیانکردووە بە ھاوکاریکردنی پێشمەرگە و مەشق پێکردنیان و ئەمەش وایکردووە پێشمەرگە توانایەکی باشی رووبەڕووبوونەوەی داعشیان ھەبێت، بەڵام ئەوەی ئێستا پێشمەرگە پێویستی پێیەتی چەکی پێشکەوتوو تاوەکو بتوانن سەرکەوتوو بن لە ھێرشەکانیان بۆ سەر داعش، چەکی قورس و پێشکەوتوویان بدەنێ، ئامێری پووچەڵکردنەوەی مینیان بدەینێ، کە ئەم کارەش ھەمووی لەراستیدا زۆر ئاسانە".

لە بارەی ھاوكاری ئەمریكا بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی ھەرێمی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: " بێگومان ئەمریکا دەکرێ ھاوکاریان بکات، بەڵام دەبێ کوردیش ئەو ویستەی ھەبێت راوێژکانیان وەربگرێت، دەکرێ ئەمریکا بیانخاتە سەر رێگای سەرکەوتن، بەڵام دەبێت کورد بۆ خۆی ویستی ھەبێت ئەو ھەنگاوانە بنێت، یەکێک لەو خاڵانەشی دەبێ رووبەڕوویان ببنەوە گەندەڵییە، ھەموو وڵاتێک گەندەڵی تێدایە وڵاتەکەی منیش گەندەڵی ھەیە، بەڵام دەبێ بەپێی توانا رووبەڕووی ببیتەوە و بنبڕی بکەیت و سزاکەشی توند بکەیت، ھەروەھا فەرمانبەری بندیوار نەمێنێت، ئێستا بەلایەنی کەمەوە لەسەدا ٢٥ی دانیشتووی ھەرێمی کوردستان مووچەخۆری حکومەتن یان خانەنشینی حکوومەتن، ئەمە شتێکی سەرسوڕھێنەرە. ئەمە دەبێ چارەسەر بکرێت، پاشان سیستەمێک بێنیتە کایەوە کە خەڵک پارە بداتە خزمەتگوزارییەکانی وەکو کارەبا، ئاو و ھەموو ئەو خزمەتگوزاریانەی دیکە و ھەروەکو ھەموو وڵاتانی دیکە، لەسەروو ھەموو ئەمانەشەوە، نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیووە و وەک دەشزانین ئابووری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پشتی بە داھاتی نەوت بەستووە".

لە بارەی پرسی ریفراندۆم كە ئێستا یەكێكە لە پرسە گەرمەكانی باشووری كوردستان گارنەر دەڵێت: "بەڵێ من لەگەڵ ریفراندۆمم، بەڵام نازانم چۆن ریفراندۆم دەکەیت، لەوکاتەی لەگەڵ داعش شەڕە، پێموایە کە پێویستە شەڕی داعش کۆتایی پێ بێت، ئینجا بیر لە بەڕێوەچوونی ریفراندۆم بکەیتەوە، بەڵام کێشەیەکی دیکەی ریفراندۆم لەکاتەدا ئەوەیە کە بەھۆی شەڕی داعشەوە سوننەیەکی زۆر روویان لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان کردووە، کە ئێستا لەلایەن پێشمەرگە پارێزگاری لێدەکرێت، بۆیە خەریکە ئەو ناوچانە دیموگرافیان دەگۆڕدرێت، بۆیە ئەگەر تۆ دەتەوێت لەدوای کۆتایی ھاتنی داعش راستەوخۆ ریفراندۆم ئەنجام بدەیت، ئەوا دەبێ بیر لە دیمۆگرافیای ئەو ناوچانەش بکەیتەوە ئینجا بڕیاری ریفراندۆم بدەیت".

ژەنراڵ جەی مۆنتگومەری گارنەر، لە ساڵى 1991 بەشداری لە جەنگەكانی ڤێتنام و كەنداوی یەكەمى كردووە، سەرپەرشتیاری سوپای ئەمریكا بووە لە باشووری كوردستان، دوای ئازادكردنی عێراق لە ساڵی 2003 وەك یەكەم حاكمی سەربازی ئەمریكاعێراق دەست نیشانكرا.