بە ھەر دە پەنجەم ئیمزاى دەكەم

مه‌حموود سه‌نگاويى
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی:

فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری گەرمەسێر، مه‌حمود سه‌نگاوى رایگەیاند، داوای لە وەزیری بەرگری عێراق كردووە بۆ ھاوكاری بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە یەك بتڵ ئاو بە پێشمەرگە بدەن.

لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی ھەڤپەیڤینی كوردستان 24 مەحموود سەنگاوی فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری گەرمەسێر رایگەیاند: "لەگەڵ بارودۆخی خراپی دارایی و سەرماوسۆڵ لە بەرەكانی جەنگ، بەڵام پێشمەرگە قارەمانەكان لە سەنگەرەكاندا بەرگری لە خاك و نیشتیمان دەكەن، چونكە پێشمەرگە دەزانێت داعش تەنھا ھێزێكی داگیركەر نیە، بەڵكو مەترسییە بۆ سەر كۆمەڵگە".

گوتیشی: "لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان و وەزیری بەرگری عێراق كۆبوومەوە، داوام لێكردن ھاوكاریمان بكەن، داوامان كرد لە گێڕانەوە خزمەتگوزاری بۆ ناوچەی جەلەولا و سەعدیە ھاوكاریمان بكەن كە بەھۆی شەڕی داعشەوە زیانی زۆری بەركەوتووە، ھەروەھا داوامان كرد تیمی ھەڵگرتنەوەی مین بنێرن بۆ ناوچەكە، بەڵام حكوومەتی عێراقی حاڵی خۆی زۆر جوان نییە، تا ئێستا نەیتوانیوە یەك بتڵ ئاومان پێبدات".

مەحموود سەنگاوی، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "لەگەڵ سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی حكوومەت دانیشتووین، داوامانكردووە پێش ھەموو شتێك بودجەی پێشمەرگە دابین بكەن، ژیان  و گوزەرانی پێشمەرگە باش بكەن، چونكە مانەوە لەم وڵاتە بەستراوەتەوە بە ھێزی پێشمەرگە".

لە بارەی پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆی ھەرێمی كوردستان سەنگاوی ئەوەی خستەڕوو: "ریفراندۆمی مافێكی شەرعی میللەتە، ھەر كەسێك ئاواتی ئەوە نەبێ كە میللەتەكەی ئازاد و سەربەخۆ بێت یان خاوەن وڵات بێت ئەوا كەسێكی مردووە، ھەر كەسێك زیندوو بێت ئاواتی ئەوەیە دەوڵەتی كوردی بە چاوو خۆی ببینێت، خۆم بە ھەر دە پەنجەكەم ئیمزا بۆ ریفراندۆم دەكەم، دەبێ ھەموومان لەگەڵ دەوڵەتی كوردی بین، پێموایە ئێستا ریفراندۆم بكەین لەو ناوچە عەرەب نشینانەی كەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە دەنگمان پێدەدەن".