پارتیی چاوەڕێی گەڕانەوەی بارزانییە

ئەندامێكی فەرمانگەی یاسایی پارتی تا ئێستا ھیچ لیژنەیەكیی بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە پێكنەھێنراوە، چاوەڕێی بارزانیین.
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/c1856be3-1f94-4f89-b5e9-9463d8d0ab35/pd%20k%20chaksazi.ism/manifest

K24- ھەولێر:

فەرمانگەی یاسایی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت بڕیارەکانی مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتیی یاسایین و لە دوای دەستبەکاربوونی لیژنەکان بەپێی یاسا کار دەکرێت بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکەی بارزانی بۆ چاکسازیی لە نێو حزبەکەیدا.

تا ئێستا هیچ لیژنەیەكیی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە پێکنەهێنراوە، پارتیش هۆکارەکە بۆ چاوەڕوانیی گەڕانەوەی بارزانی دەگەڕێنێتەوە کە بۆ بەشداریی لە کۆنگرەی میونشن سەردانی ئەڵمانیایی كردبوو، تا ئێستا نەگەڕاوەتەوە.

ئەندامێکی فەرمانگەی یاسایی پارتیی دەڵێ بڕیارەکەی بارزانی بۆ چاکسازیی بەسەر هەموو لایەکدا بەپێی یاسا خاڵ بە خاڵ وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت.

جواس رەسوول، ئەندامی فەرمانگەی یاسایی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "ئەو لیژنەیەی كە بڕیارە لە لایەن بارزانییەوە پێكبھێنرێت، ئێمە چاوەڕێی دیاریكردنی دەسەڵاتەكانی ئەو لیژنەیەن ئێمە وەك مەكتەبی یاسایی پارتیی لە چوارچێوەی ئەو لیژنەیە ئەو دەسەڵاتانە پەیڕەو دەكەین كە ھەمانە".

ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان داوا لە سەرۆکی حزبەکەیان دەکەن هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پرۆژەکە خێرا بکات و ئەو  سەروەت و سامانەی بە نایاسایی دەست بەرپرسان و سەرمایەدارانی حزب کەوتوون،  بدرێت بە کەسوکاری پێشمەرگە و دەست کورتەکانی حزبەکەیان.

ئەندامێكی پارتی دەڵێت: "ھیوادارم ئەو لیژنەیە زوو دەستبەكاربێت بۆ لێپچینەوە لەو بەرپرسانەی سەروەت و سامانیان كەوتووەتە دەست، لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكرێت و سامانەكە بگەڕێنرێتەوە".

لە رێكەوتی 10 شوباتی 2016 مسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە حزبەکەی خۆییەوە پرۆژەیەکی چاکسازیی راگەیاند و بڕیارە پرۆژەکەی بارزانی گرنگیی بە هەیکەلی ئیداریی حزب بدات و لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو کەسانە بکات کە لە سایەی حزب بە نایاسایی دەوڵەمەند بوونە.

داڕشتنەوە: شنۆ محەممەد