فەرەنسا داوا لە سووریا و رووسیا دەكات خەڵكی سڤیل نەكەنە ئامانج

فەرەنسا نیگەرانە لەوەی لە دوای كۆنگرەی میونشن دۆخی سووریا ئاڵۆزتر بووە

 K24 - ھەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەیی فەرەنسا داوا لە حكوومەتی سووریا و رووسیا دەكات ھێرشەكانیان راگرن و پابەندبن بە رێككەوتنەكانی میونشن.

رۆمان نادال، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند: "فەرەنسا نیگەرانە لەوەی لە دوای كۆنگرەی میونشن دۆخی سووریا ئاڵۆزتر بووە".

رۆمان نادال گوتیشی: "نیگەرانین لەوەی بۆردوومانەكانی ئەسەد و رووسیا ھاووڵاتیانی سڤیل دەكەنە ئامانج، كە ئەمەش پێچەوانەی رێككەوتنەكانی میونشنە".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دەشڵێ: "بەردەوامی دۆخی سووریا رێگرە لە گەیشتنی ھاوكارییەكان بۆ ئەو ناوچانەی كە تا ئێستا لە ژێر گەماڕۆدان".

ماوەی 5 ساڵە شەڕی نێوخۆ لە سووریا بەردەوامیی ھەیە، بەگوێرەی نوێترین ئاماری تۆڕی سووریا بۆ مافی مرۆڤ لە سەرەتای شەڕی سووریا تا ئێستا زیاتر لە 250 ھەزار كەس كوژراون، 70 ھەزار كەسیش لەوانە لە كاتی برینداربوونیان بەھۆی نەبوونی دەرمان گیانیان لە دەستداوە.

لە ئەیلولی 2015 رووسیا دەستی بەھێرشی ئاسمانیی لە سووریا كردووە، تا ئێستا بەردەوامی ھەیە و رێكخراوەکانی مافی مرۆڤی سووریا رووسیا تۆمەتبار دەكەن بەوەی ھاووڵاتیانی سڤیل دەكاتە ئامانج.

سەرچاوە: فرانس پرێس، ئامادەكردنی: شنۆ محەممەد