سنە تەنیا 5 كاندیدی بۆ ھەڵبژاردن ھەیە

ھیچ ژنێك بە فیلتەری شورای نیگەھباندا تێنەپەڕیوە

k24 - ھەولێر:

لە پارێزگای سنەی رۆژھەڵاتی كوردستان، لە كۆی 23 كەس كە خۆیان بۆ بەشداریكردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری كاندید كردبوو، تەنیا 5 كاندید بە فیلتەری شورای نیگەھباندا تێپەڕین و دەتوانن لە ھەڵبژاردندا كێبەركێ بكەن.

سەرۆكی ناوەندی ھەڵبژاردنەكانی پارێزگای سنە، عەلیرەزا ئاشناگەر رایگەیاند، ژمارەی كەندیدەكانی پارێزگای سنە بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران گەیشتە 5 كەس.

پارێزگاری سنە، عەبدول محەممەد زاھیدی گوتی: "حوسێن شاھروودی نوێنەری عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران لە پارێزگای سنە وەكوو كاندیدی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی قەبووڵكراوە و بەمەش ژمارەی كاندیدەكانی ئەو پارێزگایە بۆ ئەنجوومەنی شارەزایان گەیشتە 5 كەس".

لە پارێزگای سنە 23 كەس خۆیان بۆ بەشداریكردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایان كاندید كردبوو، لەو ژمارەیە 41 كەسیان رەتكراونەتەوە و 4 كەسیان پاشگەزبوونەوە، بەمەش 5 كاندید بەشداریی لە ھەڵبژاردنی شارەزایانی رێبەریدا دەكەن.

بۆ پێنجەمین خوولی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی لە ئێران 801 كەس خۆیان كاندید كرد، لەو ژمارەیە 500 كەسیان بۆ بەشداریكردن لە تاقیكردنەوەی شیاوبوون (ئیجتھاد) لە لایەن شوورای نیگەھبان بانگھێشتكران، ئەو شورایە لەو ژمارەیە 166 كەسی قبووڵكرد كە بۆ بەدەستھێنانی 88 كورسی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی كێبەركێ دەكەنن.

ھەرچەندە ژمارەی كاندیدەكان لەبەراورد لەگەڵ خولی پێشوو دوو ھێندە بوو، بەڵام ژمارەی كاندیدە قبووڵكراوەكان ھەر وەك خوولەكانی پێشوو بووە، ئەوە لە كاتێكدایە ھیچ ژنێك بۆ بەشداریكردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی لە فیلتەری شورای نیگەھباندا دەرنەچووە.

بڕیارە ھەڵبژاردنی خوولی دەیەمەی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامیی ئێران و خوولی پێنجەمی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری 26ی ئەم مانگە واتا پێنج رۆژی دیكە لە ئێران بەڕێوەبچێت.

سەرچاوە: ئاژانسی میھر، وەرگێڕان: لەیلا قادریی