حیمس... دوو تەقینەوە 125 كوژراو و برینداریان لێكەوتەوە

"داعش بە رێگەی دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو ئەنجامیداون"

K24 - ھەولێر:

دوو تەقینەوە شاری حیمسیان لە سووریا ھەژاند و بەو ھۆیەوە 125 كەس كوژران و برینداربوون.

لە راگەیاندراوێكدا روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ کە رێکخراوێکی بەرهەڵستکاری حکوومەتی سووریایە، رایگەیاند: "بەیانی ئەمڕۆ دوو تەقینەوەی بەھێز لە گەڕەكی ئەلزەھرای شاری حیمس روویاندا و بوونە ھۆی كوژرانی 25 كەس و برینداربوونی 100ی دیكە و باری تەندروستیی ژمارەیەك لەو بریندارانە نا جێگیرە".

رونگەی مافی مرۆڤ لە سووریا ئەوەی روونكردەوە: "ھەردوو تەقینەوەكە بە رێگەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو لە لایەن چەكدارانی داعش ئەنجامدراون".

ئەو دوو تەقینەوە لە كاتێكدایە كە لە 26ی مانگی رابردوودا دوو تەقینەوە لە ھەمان گەڕەكی شاری حیمس لە سووریا روویاندا و بوونە ھۆی گیان لە دەستدانی 17 ھاووڵاتیی کە 7 یان ئافرەت بوون و خوشكی یەكتربوون.

نزیکەی پێنج ساڵە قەیرانی سیاسیی و ئابووریی لە سووریا سەریانهەڵداوە، بەو ھۆیەوە خەڵكێكی زۆر پەنابەر و ئاوارە بوونە و بە سەدان ھەزاران كەسیش بەھۆی شەڕ و تەقینەوەكانەوە گیانیان لە دەستداوە، كێشە نێوخۆییەكانی سووریا وایان كردووە، داعش زیاتر سوود لە بۆشایی ئەمنیی وەربگرێت و ھێرش و تەقینەوەی زیاتر لەو وڵاتە ئەنجامبدات.

سەرچاوە: ماڵپەڕی روانگەی سووریا بۆ مافی مرۆڤ، ئا: ھەڤاڵ مەلا