"پشتبەستن بە دەنگی خەڵك كەمترین قوربانیی دەوێت"

لیستەكەی رووحانیی ئابووریناسی تێدا نییە

K24- ھەولێر:

جگە لەو رۆژنامە و راگەیەندنانەی لە ژێر چاودێریی ریبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، عەلی خامەنەئی و سوپای پاسداران دان، راگەیاندنەكانی دیكەی ئێران بۆیان نییە دژی ھیچ كاندیدێك پڕوپاگەندە بكەن، ھەر بۆیە زۆربەی بڵاوكراوەكانی سەر بە ریفۆرمخواز و میانەڕەوەكان پابەندی ئەو بڕیارە بوونە و تەنیا بە گشتیی باسی ھەڵبژاردنیان كردووە، بەڵام ھێرشی پارێزگاران بۆ سەر ریفۆرمخوازان بەردەوامە.

مەسعوود سەلیمیی لە سەوتاری رۆژنامەی جیھانی سەنعەتدا نووسیوێتی: "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخەی ھەزارەی سێیەمی زایینیی و لەگەڵ ئەو شەڕ و قەیرانە ئابوورییەی بەتایبەت رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە، ئێستاش پشتبەستن بە سندووقی دەنگدان بۆ سەقامگیربوون و ئاڵوگۆرکردنی دەسەڵات وەكوو ئامرازێك ھەژماردەكرێت كە كەمترین قوربانیی دەوێت، بە جۆرێك تەنانەت دوای پێنج ساڵ شەڕ و كوشتن و بڕین لە سووریا، ئیستاش كاتێك باس لە رێگەچارەی سیاسیی دەكرێت، لایەنگرانی بەشار ئەسەد دەڵێن باشترین رێگەچارە گەڕانەوەیە بۆ دەنگی ھاووڵاتیان".

نووسەر لە درێژەی باسەكەیدا ئاماژە بە ھەڵبژاردن لە ئێران دەكات و دەڵێ: "پێشوازیی خەڵكی ئێران لە ھەڵبژاردن ھەر لە سەرەتای دامەزرانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تا ئێستا ھەرگیز لە 50% دانەبەزیوە، ئەو رێژەیەش بەراورد لەگەڵ پێوەرە جیھانییەكان گونجاوە و بێ گومان دووبارەبوونەوەی لەم خوولەدا بۆ ریفۆرمخوازان چارەنووس سازە".

"كێبەركێی ھەڵبژاردن لە ئێران نەرێنییە"

مەھدی مالمیر لە وتاری سەرەكیی رۆژنامەی شەھروەنددا نووسیوێتی: "بە چاوپۆشیكردن لەو كەسانی رازی یان نارازین بە بەشداریكردن لە ھەڵبژاردن، خاڵی جێی تێرامان لە باسوخواسەكانی ھەڵبژاردندا ئەمجارەی ئێراندا كێبەركێی ھەڵەی نێوان لایەنە سیاسییەكانە، بە جۆرێك كەشێكی پڕ رق و قینی خوڵقاندووە ئەوەش كێبەركێی نەرێنی پێدەگوترێت".

نووسەر بەو شیوەیە شیكردنەوە بۆ كێبەركێی نەرێنی دەكات: "دەتوانین بڵێن كەمترین دەرەنجامی كێبەركێی نەرێنی، پەرەسەندنی ترس و دڵەڕاوكێیە لە گۆڕەپانی سیاسییدا. لە بارودۆخێكی ئاوادا ئەو دەنگەی ھەندێك لە دەنگدەران دەیخەنە نێو سندووقی دەنگدانەوە، بێگومان لە رووی خوێندنەوە و لێكدانەوەی دەنگدەرە بۆ كاندید نییە، بەڵكوو لە رووی ترسێكەوەیە كە گرووپە سیاسییەكان بۆ خەڵكی دروستدەكەن. جا بۆیە دەبێ بڵێین گەیشتنی ئەو كاندیدانە بە كورسیی دەسەڵات دەبێتە ھۆی ژێر و ژووركردنی وڵات".

"لیستەكەی رووحانیی ئابووریناسی تێدا نییە"

نووسەری سەروتاری رۆژنامەی كەیھانی سەر بە پارێزگاران ھێرشی كردووەتە سەر سەرۆك كۆماری ئێران و نووسیوێتی: "وێڕای ناوی سەرۆك كۆمار، كاتێك پێداچوونەوە بە لیستی لایەنگرانی رووحانیی دەكەین شتێكی سەیرمان بۆ رووندەبێتەوە. بۆ نموونە، لە نێو لیستی ریفۆرمخوازان و لایەنگرانی حكوومەتدا، تەنانەت ناوی تاكە ئابووریناسێك نابیندرێت، ئەوە لە كاتێكدایە بەردەوام قسە لەسەر نەھێشتنی گەمارۆ و گەڕاندنەوەی ئازادیی بۆ وڵات دەكەن".

عەبدوڵڵا موتەوەسێلیان لە سەروتاری رۆژنامەی رەسالەتی سەر بە پارێزگارانە ئاماژەی بە گوتەكانی خامەنەئی سەبارەت بە دەستێوەردانی میدیا بیانییەكان لە ھەڵبژاردنی ئێران كردووە و دەڵێ: "ئەگەر لە خوولەكانی پێشووی ھەڵبژاردن لە ئێران، میدیا بیانییەکان و نەیارانی ئێران دەھۆڵی بەشدارینەكردنیان لە ھەڵبژاردن بۆ خەڵكی ئێران دەكوتا، لەم خوولەدا بەوپەڕی توانا رێكلام بۆ ھەندێك لیست دەكان و دەڵێن دەنگ بە باڵی پارێزگاران مەدەن".

ئامادەكردن: لەیلا قادریی