توركیا.. ده‌ستگیركردنی 20 گومانلێكراوی راگه‌یاند

"گومان ده‌كرێت ده‌ستیان له‌ ته‌قینه‌وەكە‌ی ئه‌نقه‌ره‌دا هه‌بێ"

K24 – ئه‌نقه‌ره‌:

وەزارەتی دادی تورکیا رایگەیاند هێزه‌ ناوخۆییه‌كانی توركیا 20 كه‌سیان ده‌ستگیركردووه‌ كه‌ گومان ده‌كرێت ده‌ستیان له‌ ته‌قینه‌وەكە‌ی ئه‌نقه‌ره‌دا هه‌بێت‌.

وه‌زاره‌تی دادی توركیا رایگه‌یاند: "له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا، به‌ گومانی په‌یوه‌ندیان به‌ هێرشه‌كه‌ی ئه‌نقه‌ره‌، هێزه‌ ناوخۆییه‌كان 20 كه‌سیان له‌ چه‌ند شارێكی توركیا ده‌ستگیر كردووه‌".

رۆژی 17ی شوبات/فه‌برایه‌ر 2016 و له‌ شاری ئه‌نقه‌ره‌ ته‌قینه‌وه‌یك روویدا، له‌ ئه‌نجامدا 28 كه‌س كوژران و 65 دیكه‌ش برینداربوون، گرووپی هه‌لۆكانی ئازادیی كوردستان كه‌ له‌ پارتی كریكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) جیا بووه‌ته‌وه‌ به‌رپرسیاریی خۆی له‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ راگه‌یاند.

هێزه‌ ناوخۆییه‌كانی توركیا له‌ شاره‌كانی ئامه‌د، مێرسین، ئیسته‌نبوڵ، ئه‌نقه‌ره‌، ساكاریه‌ و چه‌ندین ناوچه‌ی دیكه‌ هه‌ڵمه‌تی ده‌ستگیركردنی كه‌سانی گومانلێكراو و په‌یوه‌ندار به‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئه‌نقه‌ره‌ ده‌ستپێكردووه‌.

له‌ چه‌ند ساڵی رابردوو و له‌ چه‌ند شارێكی توركیا ته‌قینه‌وه‌ی له‌م جۆره‌ روویانداوه‌ و به‌ سه‌دان كه‌س بوونه‌ته‌ قوربانیی.

داڕشتنه‌وه‌: نه‌وزاد محه‌ممه‌د