كاندیدەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان باسی زمانی دایك ناكەن

"نابێت كاندیدەكان لە بانگەشەی ھەڵبژاردندا پرسە نەتەوەیی و ئایینییەكان بورووژێنن"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/9def0403-6904-4021-907a-20aad53d0a0b/Zimani%20dayk%20u%20helbjardin.ism/manifest

K24 – ھەولێر:

لە رۆژی زمانی دایکدا كاندیدەكانی رۆژهەڵاتی کوردستان ھیچ پلانێكیان بۆ بەرزاگرتنی ئەو رۆژە نییە.

ھەرچەندە زۆربەی كاندیدە کوردەكانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران رەتكراونەتەوە، بەڵام ئەوانەش كە ماونەتەوە وادیارە پلانێكی ئەوتۆیان بۆ داواكردنی مافی خوێندن و نووسین بە زمانی دایک نییە.

بە گوێرەی ماددەی 15ی یاسای سەرەكیی (دەستووری بنەڕەتیی) ئێران، وێڕای خوێندنی زمانی فارسیی كە زمانی فەرمیی ئێرانە، خوێندنی ئەدەبیات بە زمانی نەتەوە جیاوازەكانیی نێوخۆی ئێرانیش ئازادە.

ئەو ماددەیەی یاسای سەرەكیی ئێران، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە نەچار دەكات، زمانی نەتەوەكانیی ئێران بە فەرمیی بناسن.

ئەو كاندیدە كوردانەی كە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئەم خوولەی هەڵبژاردن داوای جێبەجێکردنی ماددەی 15ی یاسای سەرەكیی ئێرانییان دەكرد، لە لایەن شورای نیگەھبانەوە رەتكراونەتەوە و رێگەی بەشداریكردن لە ھەڵبژاردنییان پێنەدرا.

ھاوكات لە دوایین لێدوانەكانیاندا بەرپرسانی فەرمیی ئێران لە رۆژھەڵاتی كوردستان سەبارەت بە باسكردنی کێشە نەتەوەییەكان لە بانگەشەكانیاندا ھەڕەشەیان لە كاندیدەكان كرد و رایانگەیاند: "نابێت لە بانگەشەی ھەڵبژاردندا پرسە نەتەوەیی و ئایینیەكان بورووژێنن".

پارێزگاری سنە، عەبدول محەممەد زاهیدیی، گوتی: "نابێت كاندیدەكان لە بانگەشەی ھەڵبژاردندا هەستی نەتەوەیی بورۆژێنن و کێشەی نەتەوایەتیی بەرجەستە بكەن".

ئەمە تەنیا قسەی زاهیدیی نییە و پێش ئەویش چەند بەرپرسێکی دیکەی ئێران لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەو ھەڕەشەیەیان لە كاندیدەكان كردووە.

دوای رەتكردنەوی كاندیدەكانی بەرەی یەکگرتوویی کورد و ریفۆرمخوازن لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو كاندیدانەی ماونەتەوە و لە بانگەشەکردن بەردەوامن، لە بڵندگۆی بنکەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە بە زمان کوردی هاوار دەکەن، بەڵام هیچکامیان باس لە جێبەجێکردن یان گۆڕینی ماددەی 15ی یاسای سەرەكیی ئێران كە بە سوودی زمانی دایکە ناکەن.

داڕشتنەوە: لەیلا قادریی