ئه‌و مادده تیشكده‌ره‌ی له به‌سره دیارنه‌مابوو دۆزرایه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی عێراق رایگه‌یاند، ئه‌و مادده تیشكده‌ره‌ی له به‌سره دیارنه‌مابوو، دۆزراوه‌ته‌وه.
عێراق ئاژانسیی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ئه‌تۆمیی ئاگاداركردبوویه‌وه: "له كۆتاییه‌كانی 2015، زیاتر له 10 گرام له مادده‌ی هاوشێوه‌ی تیشكده‌ری ئیریدیۆم كه بۆ (چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه به‌كاردێت)، دیارنه‌ماوه".
به‌رپرسانی عێراق، هۆشدارییاندا: "ئه‌گه‌ر ئه‌و مادده تیشكده‌ره بكه‌وێته ده‌ست داعش یان هه‌ر گرووپێكی دیكه، له‌وانه‌یه وه‌ك چه‌ك به‌كاربهێندرێ".
ته‌له‌فزیۆنیی فه‌رمیی بڵاویكرده‌وه، عه‌دیله مه‌حموود وه‌زیری ته‌ندروستیی عێراق رایگه‌یاندووه: "ئه‌و مادده تیشكده‌ره مه‌ترسیداره‌ی كه راگه‌یاندرا ساڵی پار دزرابوو، له شارۆچكه‌ی زوبێر له باشووری به‌سره دزراوه‌ته‌وه"، گوتیشی: "ئه‌و مادده تیشكده‌ره هیچی لێ نه‌فه‌وتاوه و مه‌ترسیشی له‌سه‌ر نییه".
پێشتر به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی ژینگه‌ی عێراق كه‌وتبوویه ده‌ست ئاژانسیی رۆیته‌رز، ئاشكرایكردبوو: "ئه‌و مادده تیشكده‌ره له نێو جانتایه‌ك به‌قه‌د قه‌باره‌ی لاپتۆپێك له دامه‌زراوه‌یه‌كی تایبه‌ت له به‌سره، هه‌ڵگیرابوو، هی كۆمپانیای ویزه‌رفۆردی ئه‌مریكیی بۆ خزمه‌تگوزارییه‌كانی نه‌وت بووه"، ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌ش رایگه‌یاندووه: "ئه‌و مادده‌یان نه‌بووه و كۆنتڕۆڵی ئه‌و ماددانه و دامه‌زراوه‌كه‌ش كه مادده‌كه‌ی تێدابووه، له ده‌ستی ئه‌واندا نه‌بووه".
به گوێره‌ی ئاژانسه‌كان: "ئه‌و مادده‌یه هی كۆمپانیای ئێس جی ئێس توركییه، كه باره‌گاكه‌ی له ئیستامبوڵه، مادده‌كه‌ش له نێو ئامێرێكدابووه كه به به‌كارهێنانی تیشكی گاما، تێكچوون و تاقیكردنه‌وه‌ی ئاستی كوالێتی ناو بۆڕییه‌كانی نه‌وت و گازی ده‌دۆزییه‌وه"، لای خۆیه‌وه‌ش به‌رپرسێكی ئه‌و كۆمپانیا توركییه له عێراق ره‌تیكردبوویه‌وه لێدوان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته بدا.
سه‌رچاوه: سكای نیوز عه‌ره‌بی
و: موحسین حوسێن