روانگه‌ی سووریا: 50 چه‌كداری داعش له شه‌و و رۆژێكدا کوژران

K24 ـ هه‌ولێر
روانگه‌ی سووریا بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاند، له ئه‌نجامی هێرشه‌كانی حكوومه‌تی بەشار ئه‌سه‌د لە سووریا، له بیستوچوار کاتژمێری رابردوودا 50 چه‌كداری داعش له حه‌له‌ب كوژراون.
به‌گوێره‌ی راگەیەندراوی روانگه‌ی سووریا بۆ مافه‌كانی مرۆڤ کە رێکخراوێکی بەرهەڵستکاری حکوومەتی سووریایە: "له ئه‌نجامی پێشڕه‌وییه‌كانی هێزەکانی حكوومه‌تی سووریا به پشتیوانیی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی رووسیا بۆ سه‌ر چه‌كدارانی داعش له شاری حه‌له‌ب، نزیكه‌ی 50 چه‌كداری ئه‌و گرووپه كوژراون".
به‌گوێره‌ی راگه‌یەندراوی روانگه‌ی سووریا: بۆردومانی "چڕی" فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی رووسیا و هێره‌شه‌كانی سوپای حكوومه‌تی سووریا له ناوچەکانی نزیك سنووری توركیا بووەتە هۆی كوژرانی "ژماره‌یه‌كی زۆر"ی چه‌كدارانی داعش له‌و سنووره.
به‌گوێره‌ی ئاژانسه جیهانییه‌كان، سوپای سووریا به پشتیوانیی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی رووسیا، چه‌كدارانی داعشی له 16 گوندی باشووری شاری حه‌له‌ب گه‌مارۆداوه.
ئاژانسه‌كان ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش دەکەن کە: سوپای سووریا توانیوێتی چه‌كدارانی گرووپی بەرەی نوسڕه و هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن له ناوچه‌یه‌كی فراوانی باكووری شاری حه‌له‌ب ده‌ربكات.
ئه‌مه له كاتێكدایه رۆژی شه‌ممه‌ی رابردوو سوپای حكوومه‌تی سووریا به هاوكاریی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی رووسیا، له سنووری شاری حه‌له‌ب توانیان 18 گوند له بنده‌ستی چه‌كدارانی داعش ده‌ربهێنن و رێگەی سه‌ره‌كیی ره‌ققه به دووری 40 كیلۆمه‌تر كۆنتڕۆڵ بكه‌ن.
سه‌رچاوه: دۆیچەڤێڵڵا، وه‌رگێڕانی: ن. ف