مووچەی كەسوكاری شەھیدان دابەش دەكرێت

وەزارەتی دارایی و ئابووریی داوا لەو دامودەزگا حكوومیانە دەكات كە مووچەیان وەرنەگرتووە، لیستی مووچەكانیان بۆ وردبینیی بنێرنە گەنجینەكان بۆ ئەوەی زووتر مووچەکانیان بۆیان خەرج بكرێت.

K24- ھەولێر:

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لەم ھەفتەیەدا مووچەی كەسوكاری شەھید و ئەنفالكراوان دابەشدەكرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە راگەیاندراوێكدا گوتی: "رۆژی چوارشەممە 24/2/2016، مووچەی كەسوكاری شەهید و ئەنفالكراوان  دابەشدەكرێت".

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هاوکات داوا لەو دامودەزگا حكوومیانە دەكات كە مووچەیان وەرنەگرتووە، لیستی مووچەكانیان بۆ وردبینیی بنێرنە گەنجینەكان بۆ ئەوەی زووتر مووچەکانیان بۆیان خەرج بكرێت.

زیاتر لە ساڵێكە بەھۆی نەناردنی بودجەی ھەرێمی كوردستان لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە، نەتوانراوە مووچەی فەرمانبەران لە كاتی خۆی دابەش بكرێت، حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش دەڵێ بەھۆی دابەزینی نرخی نەوت و تێچووی شەڕی داعش نەیتوانیوە تەواوی مووچەی فەرمانبەران بدات.

بەھۆی قەیرانی دارایی و ئابوورییەوە بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی یەکی ساڵی 2016، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بە سیستمێكی نوێ مووچەی دابەش دەكات و بەشێك لە مووچەكە وەك پاشكەوت لای خۆی دەهێڵێتەوە.