لە ئێران شێوازی سەیر بۆ ھەڵبژاردن پەیڕەو دەكەن

"سیستمی كۆماری ئیسلامیی بەرە و پیربوون دەچێت"

K24 – ھەولێر:

پێدەچێت ریفۆرمخوازەكان بە لیستی جیاواز بەشداریی لە ھەڵبژاردن بكەن چونكە رۆژنامەكانی سەر بە پارێزگاران، مانشێتی ئەمڕۆیان تایبەت كردووە بەو باسە، ئەوەش ھەر ئەو شێوازەیە كە بڵاوكراوەكانی سەر بە ریفۆرمخوازان پەیڕەویان كردووە و بەردەوام باس لە ناكۆكییەكانی باڵی پارێزگاران دەكەن و دەڵێن، پارێزگاران تا ئێستاش نەیاتوانیوە ناكۆكییە ناوخۆییەكانیان چارەسەر بكەن.

رزا دێھكی لە سەروتاری رۆژنامەی ئیبتكاردا نووسیوێتی: "ناوەندەكانی بانگەشەی ھەڵبژاردن قەرەباڵغ بوون، بەڵام پارێزگاران ھەر لە سەر شێوازە كۆنەكەی خۆیان دەڕۆن و بانگەشەی ھەڵبژاردن لای ئەوان ھەر كلاسیكە. ھەڵواسینی پۆستەر، دروشم یان دانانی بلندگۆ بۆ سروود چڕین، لە نێو كاندیدەكانی پارێزگاراندا بە دەگمەن ھەڵدەكەوێت، كەسێك ئامادە بێت سمینارێك یان كۆر و كۆبوونەوەیەك رێكبخات و لە گفتوگۆی ئاشكرای تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ كاندیدەكانی ریفۆرمخوازدا بەشداریی بكات".

بە گوتەی ئەو رۆژنامەنووسە لە بەرامبەریشدا ریفۆرمخوازان سەرەڕای پەیڕەوكردنی ھەندێك رێوشوێنی نەریتیی، بەڵام لە شێوازی بانگەشەی سەردەمیش دوا نەكەوتوون و لە راستیدا بنەمای بانگەشەكانیان لەسەر شێوازی پێشكەوتوو بنیات ناوە و ھەوڵیانداوە كەمپەین دروست بكەن، بۆ نموونە كەمپەینی "ئێمە دەنگ دەدەین" كە شیوازێكی سەركەوتووە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا.

دەنگی چوكلێتیش ھەیە

سەروتاری رۆژنامەی شەھروەند شیكردنەوەی بۆ سیاسەتی كاندیدەكان كردووە و دەڵێ: "كەسانێك ھەن دەیانەوێت بە ھەر شێوەیەك بێت دەنگی ھاووڵاتیان بەدەست بێنن، بۆ نموونە لایەنگرانی بەشێك لە كاندیدەكان بە تایبەت لە رۆژئاوای ئێران ھەواڵی سەیروسەمەرە لە تۆڕە كۆمەلایەتییەكاندا بڵاودەكەنەوە و داوا لە وەرزشكار، ئەكتەر و تەنانەت نوێنەرەكانی ئێستای ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكەن، بچنە ناوەندەكانی بانگەشەی ھەڵبژاردن، بەڵام كەس بە دەنگیانەوە نایەت".

بە گوتەی نووسەری سەروتاری رۆژنامەی شەھروەند، لە پارێزگای بووشەر كاندیدێك لەگەڵ پۆستەرەكانی خۆیدا چوكلێتیش دەبەخشێتەوە، لایەنگرانی كاندیدی ركابەر ناوی دەنگی چوكلێتیان لێناوە. نووسەر نموونەی دیكە دێنێتەوە و دەڵێ: "لایەنگری كاندیدێكی دیكە كە بەستەنی فرۆشیی ھەیە، لەسەر دەرگای دوكانەكەی نووسیوێتی، لە نێوان كاتژمێر 10 بۆ 11ی شەو وەرن بەستەنی خۆڕایی بخۆن یان لە یەكێك لە ناوەندەكانی ھەڵبژاردن لە پارێزگایەكی رۆژئاوای ئێران كاندیدێك ئەوەندەی باوەڕ بە خۆیەتی دەڵێ، ئەگەر چاكەتەكەشم لە ناوەندی شار فڕێبدەم دەنگ دێنمەوە".

"سیستمی كۆماری ئیسلامیی بەرە و پیربوون دەچێت"  

ئەمیر راغب لە سەروتاری رۆژنامەی مەردوم سالاردا نووسیوێتی: "پرسێارێك كە پێویستە لە داڕێژەران و شانۆگەرانی تۆمەتی پڕۆژەی سەر بە بەریتانیبوون بكرێت ئەوەیە، لەسەر چ بنەمایەك لەوپەڕی جدییووندا ئەو تۆمەتەتان رێكخست؟".

نووسەر دەڵێ: "ئەگەر بڕیار بێت ھەر جیاوازییەكی بیروڕا لە ناوخۆی وڵات كە دەكرێ بڵێین بەرھەمی كۆماری ئیسلامییە و ھەڵقوڵاوی قەیران و ناكۆكییەكانیی رێگەی پڕ ھەوراز و نشێویی ئینقلابە، لەو دیوی سنوورەكانەوە سەرچاوەیان گرتبێ، ئایا ئەو تۆمەتە بە مانای لەباربردنی ئەو كەشە سیاسییە نییە كە خەریكە تێیدا ھێزێكی داھێنەر گەشە دەكات؟ ئایا ئەو شێوازە بیر كردنەوەیە سیستمی كۆماری ئیسلامیی بەرەو پێربوون و سستبوون نابات؟".

رحیم زیاد عەلی لە وتارێكی رۆژنامەی جەوان (سەر بە پارێزگاران) نووسیوێتی: "ھەڵسووكەوتی سیاسیی ھەندێك لە گرووپەكان لە ماوەی ساڵی رابردوودا وەك بڵێی جووڵەیەكی سھێۆنیستی (ئیسرائیلیی) بووە و ھەوڵیانداوە خۆیان بە تەوژمی با بسپێرن و ئەو بایەش بەردەوام بەملا و ئەولایاندا دەدات، بزوتنەوەی ریفۆرمخوازان نموونەیەكی بەرچاوە كە دوای ئاژاوەگێریی ھەڵبژاردنی خوولی دەیەمی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران و ھاتنەسەر كاری كابینەی یازدەیەم، بە بێ ئەوەی بخوازێت باجی ئەو یاسا شكێنیانە بدات، ھەوڵێداوە خۆی وەكوو گرووپێكی سەر بەوان پێناسە بكات".

ئامادەكردن: لەیلا قادریی