رۆشنبیرانی باكوور دژی تەقاندنەوەی بۆڕی نەوتی ھەرێمی كوردستانن

"تەقاندنەوەی بۆڕیی نەوت زیان گەیاندنە بە ئابووریی خەڵكی باشووری كوردستان"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/ed90afc6-d5b3-4869-9af4-a351824b5ddf/Li%20diji%20teqnadina%20boriya%20nefte.ism/manifest

K24- ئامەد:

ژمارەیەك لە سیاسەتمەدار و رۆشنبیرانی باكووری كوردستان نیگەرانیی خۆیان لەبارەی تەقاندنەوەی بۆڕیی نەوتی ھەرێمی كوردستان دەردەبڕن، ھەندێكیان رایانوایە ئەو كارە دژی سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردییە.

لە لێدوانێكیدا بۆ (كوردستان24) ئیمام تاشچیئەر، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) لە ئامەد رایگەیاند: "تەقاندنەوەی بۆڕیی نەوتی باشووری كوردستان، دەبێ لە لایەن دەزگا سیخوڕییەكانی چوار دەوڵەتی دژ بە كورد بێت، چونكە ئەوان حەزناكەن كوردان رێكکەوتووبن و تێكەڵی جیھان بن".

سەید ڤەڕۆژ، نووسەر و لێكۆڵەر سەبارەت بە تەقاندنەوەی بۆڕیی نەوتی باشووری كوردستان دەڵێت: "تەقاندنەوەی بۆڕیی نەوت زیان گەیاندنە بە ئابووریی خەڵكی باشووری كوردستان، ھەندێك دەوڵەت دژی ئەوەن نەوتی كوردستان لە  بازاڕەكانی جیھان بفرۆشرێت".

ڤەرۆژ رەخنەی لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەكەكە)ی گرت و گوتی: "ئەوانەی ئەو كارەیان كردووە و راستەوخۆ ھەڕەشە لە باشووری كوردستان دەكەن پەكەكەیە، ئەو جۆرە ھەڕەشانە نەك تەنھا دژ بە بارودۆخی ئێستای باشووری كوردستانن، بەڵكوو دژی دوا رۆژی ھەرێمی كوردستان و سەربەخۆیی و ئازادوی و دەولەتیو سەربەخۆن لە باشووری كوردستان".

لە 17ی ئەم مانگە جارێكی دیكە بۆڕیی نەوتی ھەرێمی كوردستان- جەیهان تەقێندرایەوە، بەوھۆیەوە بۆ ماوەیەك ھەناردەكردنی نەوت بە رێگەی ئەو بۆڕییەوە وەستا، هاوکات چەندین لایەن و میدیاكانی توركیا و ھەرێمی كوردستان رایانگەیاند، گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بۆڕییەكەیان تەقاندووەتەوە، بەڵام تا ئێستا پەكەكە بە فەرمیی ئەو تۆمەتانەی پشتڕاست نەكردووەتەوە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە چەند رۆژێك بەر لە تەقاندنەوەی بۆڕیی نەوتی ھەرێمی كوردستان دەمھات عەگید، گوتەبێژی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە)ی سەر بە پەکەکە لە دیمانەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئێمە ناهێڵین سەرچاوەی ژێر خاکی کورد بۆ بەرژەوەندیی تورکیا و ئەکەپە بەکاربهێنرێت". وەک ئاماژەیەک بۆ بۆڕیی گواستنەوەی گازی سروشتیی هەرێمی کوردستان بەرەو تورکیا.

ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ھەرێمی كوردستان و توركیا زیاتر لە 6 ملیار دۆلاری ئەمریکیی دەبێت، بە گوێرەی پێشبینییەكانی ئابووریی ناسان چاوەڕوان دەكرا ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوولا بەرزبێتەوە بۆ 20 ملیار دۆلار لە ساڵێکدا، بەڵام بەھۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی باكووری كوردستان لە ئەمساڵدا زیانی زۆری بە ئابووریی و بازرگانوی ھەردوولا گەیاندووە.

داڕشتنەوە: هەڤاڵ مەلا