دەبێت كوردستان لەھەرێم بوون دەرچێت و بەرەو دەوڵەتداریی ھەنگاو بنێت

وەحیدە یاقۆ:
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر:

 سەرۆكی بەرەی توركمانیی و سەرۆكی گردبوونەوەی گەلی كلدان لە پەرلامانی كوردستان لەمیانەی بەشداریكردنیان لە بەرنامەی باسی رۆژ (كوردستان24) دەربارەی ریفراندۆم بۆچوونی جیاوازیان ھەیە.

وەحیدە یاقۆ، سەرۆكی فراكسیۆنی  گردبوونەوەی گەلی كلدان دەڵێت: "ئێمە لەگەڵ ریفراندۆم داین چونكە ھیچ گەلێك نییە لەگەڵ سەربەخۆی نەبێت، دوو رێگە لەبەردەمی كوردستان ھەیە، یا بەسەربەخۆیی بژیت و ئابووریی سەربەخۆی ھەبێت بەرەو دیموكراسیی ھەنگاو بنێت، یا لەگەڵ دەوڵەتێكی فاشل و پڕكێشە بمێنێتەوە كە دەبینین حكوومەتی عێراق حكوومەتێكی فاشلە، دەبێت كوردستان لە ھەرێمایەتی دەرچێت و بەرەوەو دەوڵەتداریی ھەنگاو بنێت".

وەحیدە یاقۆ، لەبارەی دواخستنی ریفراندۆم گوتی: " ئێستا كاتی زێڕینە بۆ خەڵكی كوردستان پێویستە ریفراندۆم ئەنجامبدرێت بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان چارەنووسی خۆی دیاربكات".

وەحیدە یاقۆ لەبارەی كریستیانەكانی دەشتی نەینەوە مانەوایان لەگەڵ عێراق یا ھەرێمی كوردستان گوتی: "ئەوانەی خەڵكی دەشتی نەینەوان خۆیان بڕیاری خۆیان دەدەن، كە لەگەڵ ھەرێمی كوردستان بن یا عێراق".

لەبارەی گەڕانەوەی ھەرێم بۆ بەغدا وەحیدە یاقۆ گوتی: "دوای 100 ساڵ ژیان لەگەڵ عێراق، ئەوە چەندین جارە لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان بچنە بەغدا و نەگەیشتوونەتە ھیچ ئەنجامێك، ریفراندۆم باشترین چارەسەرە تا كەی ئێمە پاشكۆی بەغدا بین، بەغدا رۆژانە كێشە بۆ ھەرێم دروست دەكات، بۆ رزگار بوون لە قەیران ریفراندۆم باشترین چارەسەرە".

ئایدن مەعرووف، سەرۆكی بەرەی توركمانیی رایگەیاند: "ھەرنەتەوە و ھاووڵاتییەك مافێكی سروشتیی خۆیانە داوای ریفراندم و سەربەخۆیی بكەن، توركمانەكان 30% لە ھەرێمی كوردستانن، لە 70% لە دەرەوەی ئیدارەیی ھەرێمی كوردستانن واتا ناوچە كێشە لەسەرەكان یا ناوچەكانی ماددەی 140 دەبێت ریفراندۆم بە پشتیوانیی ھەموو لایەنەكان بێت".

ئایدن مەعرووف دەشڵێت: " لایەنە توركمانییەكان تێبینیان ھەیە لە سەر ریفراندۆم دەبێت بەر لە ریفراندۆم پرس بە لایەنەكان بكرێت و بۆچوونیان وەربگیرێت بەتایبەت ئەو توركمانانەی لە ناوچە كێشە لەسەركانن".

 ئایدن مەعرووف لەبارەی گەڕانەوەی ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا رایگەیاند : "دەبێت لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان پێش گەڕانەوە بۆ بەغدا، رێككەوتنیان ھەبێت، ئێمە بەپەیوەندییەكانی ھەولێر و بەغدا گەشبین نین".

ئایدن مەعرووف گوتیشی: " بەر لە ریفراندۆم پێویستە پەرلەمان و حكوومەت كارابكرێنەوە، چونكە بێ پەرلەمان ریفراندۆم ئەنجام نادرێت، گەر ھەرێمی كوردستان بەرەو ریفراندۆمیش ھەنگاوی نا دەبێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا باش كات".

 داڕشتنەوە: شنۆ محەممەد