سنە.. ریفۆرمخوازان پشتیوانیی كاندیدەكانی ئەنجوومەنی شارەزایان ناكەن

"كاندیدی جێی موتمانە بۆ ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر كەمە"

K24 – ھەولێر:

ریفۆرمخوازانی پارێزگای سنەی رۆژھەڵاتی كوردستان سەرەڕای ئەوەی پاڵپشتیی لە ھیچ كام لە كاندیدەكانی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران ناكەن لەسەر ئەو بڕوایەشن كاندیدی جێی موتمانە بۆ ئەنجوومەنی شوڕای كۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر كەمن.

حوسێن عەباس ئابادیی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ھاوئاھەنگی ریفۆرمخوازانی كورد بە ئاژانسی ئیرنای راگەیاند: "ھاوئاھەنگی حكوومەت و نوێنەرانی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی لە بەرژەوەندی كوردستان دایە و دەبێتە ھۆی گەشە و پێشكەوتنی پارێزگاكا كوردییەكان".

حوسێن عەباس ئابادیی گوتی: "چەندین ساڵە ھەوڵدەدرێت لە پێناو كەمكردنەوەی رێژەی بێكاری ناوچەی ئازادیی بانە و مەریوان بە فەرمیی بكرێت و بۆ ئەو مەبەستەش ئەو پرۆژەیە چەندینجار پێشكەش بە ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران كراوە، بەڵام رەتكراوەتەوە، ھۆكارەكەشی ھاوئاھەنگ نەبوونی حكوومەت و ئەم ئەنجوومەنەیە".

سەبارەت بەو پێنج كاندیدەی لە پارێزگای سنە بۆ ئەنجوومەنی شارەزایان دیاریكراون، حوسێن عەباس ئابادیی گوتی: "ئەنجوومەنی ھاوئاھەنگی ریفۆرمخوازانی كورد بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی، پشتیوانی یا دژایەتیی هیچکام لە پێنج كاندیدە دیاریكراوەكەی پارێزگای سنە ناکات".

عەباس ئابادیی جەختیشی کردەوە: "هەر هەواڵێک لەبارەی پشتیوانیی ریفۆرمخوازانی کورد لەو لیستە دیاریكراوەی ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران رەتدەكەینەوە".

لە چه‌ند رۆژی رابردوودا ژمارەیەک ماڵپەڕ و تۆڕی کۆمەڵایەتیی هەواڵی پشتیوانیکردنی ریفۆرمخوازانی کوردیان لە دوو كاندیدی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی لەو پارێزگایه‌ بڵاوکردبووەوە، بەڵام ئەوان رەتیدەكەنەوە كە پشتیوانی خۆیان لەو كاندیدانە راگەیاندبێت.

لە پارێزگای سنە 87 كەس بۆ بەدەستھێنانی 6 كورسیی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران كێبەركێ دەكەن ھاوكات 5 كاندیدیش بۆ بەدەستھێنانی 2 كورسیی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی رەكابەریی دەكەن.

ئەمە لە کاتێکدایە بڕیارە رۆژی هینیی داهاتوو 26/2/2016 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای کۆماری ئیسلامیی و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی لە ئێران بەڕێوە بچێت.

وەرگێڕان: لەیلا قادریی