راكان بۆ بەشداریكردن لە ھەڵبژدان سەبارەت بە ورمێ جیاوازن

"لەبەر ئەوەی دوو نەتەوەی سەرەكیی كورد و توركی ئازاریی لە پارێزگای ورمێ دەژین پێویستە كورد بە وریایی مامەڵە بكات"
kurdistan24.net

K24- ھەولێر:

لە ناوخۆی رۆژھەڵات و لە نێو لایەنە سیاسییەكانیش دوو رای جیاواز سەبارەت بە دەنگدان لە پارێزگای ورمێ ھەن، بەشێك پێیانوایە بۆ سەلماندنی كورد بوونی ورمێ بەشداریی بكرێت و بەشەكەی دیكە لەسەر ئەو بڕوایەن ھەڵبژاردن ھیچ گۆڕانێك لە چارنووسی كورد دا بەدیناهێنێت.

ھەتا لە رۆژی بەرێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران نزیك دەبینەوە، قسە و باسەكان لەسەر بەشداریكردن یان بەشدارینەكردنی خەڵكی پارێزگای ورمێ گەرمتر دەبێت، لەگەڵ ئەوەی بەشێك لە حزبەكان و نوخبەی مەدەنیی و سیاسیی ورمێ تایبەتمەندی بە ورمێ دەدەن، بەڵام ھەشن ئەوانەی پێیانوایە لە ئێراندا ھەڵبژاردن دۆخی ئەو پارێزگایە ناگۆڕێت.

حەمە سەڵح قادریی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە (كوردستان 24)ی راگەیاند: "بایكۆتكردنی ھەڵبژاردن لە لایەن (حدكا)وە دەگەڕتەوە بۆ روانینی حزبی دیموكرات لەسەر ئەو فەلسەفەیەی كە كۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە رۆژھەڵاتی كوردستان پەیڕەوی دەكات".

قادریی پێیوایە خەڵكی رۆژھەڵاتی كوردستان لە سەرەتاییترین مافەكانی ھاووڵاتیی بوون بێبەشن و كۆماری ئیسلامیی لە ھیچ بارودۆخێكدا ئامادە نییە ژینگەیەك بۆ خەباتی سیاسیی لە رۆژھەڵاتی كوردستان بخوڵقێنێت.

ژمارەی دانیشتووانیی پارێزگای ورمێی رۆژھەڵاتی كوردستان نزیكەی 3 ملیۆن كەسە كە دەگوترێت نزیكەی 60% یان كوردن، بەڵام زۆربەی پۆستە ئیدارییە باڵاكانی ئەو پارێزگایە بە دەستی توركە ئازەرییەكان و فارس زمانەكاندان و دەسەڵاتداران ھەموو ھەوڵێك دەدەن سیمای كوردیی بەو پارێزگایەوە نەھێلن، ھەربۆیە ھەشن كە پێیانوایە لە ھیچ شوێنێكی رۆژھەڵات دەنگ نەدرێت، پێویستە بۆ سەلماندنی كوردبوونی پارێزگای ورمێ دەنگ بە كوردەكان بدرێت.

مەجید حەقی، بەرپرسی ئاكادێمیای كۆمەڵەی ئاشتیی و بەرەوپێشچوونی كوردستان لە فینلەندا بە (كوردستان 24)ی گوت: "پرسی بەشداریكردن لە پارێزگای ورمێ جیاواز و ھەستیارە، بە ھۆی ئەوەی دوو نەتەوەی سەرەكیی كورد و توركی ئازاریی لەو پارێزگایە دەژین، چ لە ھەڵبژاردنە خۆجییەكان و چ لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران كورد پێویستە بە وریاییەوە مامەڵە بكات".

مەجید حەقی گوتیشی: "یەك لە ئامانجەكانی حزبە سیاسییەكانی كوردستان پێناسەی كوردستانی بوونی پارێزگای ورمێیە، كەواتە پرسی بەشداریكردن لە ھەڵبژاردن بۆ بەدەستھێنانی دەسەڵاتی ئیداریی بە تایبەت لەو پارێزگایە زۆر گرنگە".

ھەر لەو بارەیەوە پەروانە محەممەدیی، پارێزەر لە شاری ورمێ بۆ (كوردستان 24) ئەوەی خستەڕوو: "ھەڵبژاردن لە پارێزگای ورمێ مژارێكی ھەستیارە، بە سەدان چالاكوان و نووسەری كورد لە شاری ورمێ ھەن، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ھەوڵەكانییان چڕ كردووەتەوە و داوا لە دانشتووانی كورد لەو پارێزگایە دەكەن دەنگ بدەن".

پەروانە محەممەدیی گوتی: "لەگەڵ ئەوەی رێژەی كورد لەو پارێزگایە بەرزترە لە ئازەریی، بەڵام ھیچ ناوەندێكی رۆشنبیریی كوردیی تێیدا نییە، تەنانەت رۆژنامەیەك لەو پارێزگایە نییە كە بە زمانی كوردیی  بابەتەكانی بڵاوبكاتەوە، واتا باسەكە شوناسە".

بڕیارە رۆژی ھەینیی داھاتوو ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی لە ئێران بەرێوەبچێت، كوردانی ورمێش جگە لە داخوازییە خزمەتگوزارییەكانیان، دەخوازن لە پێناو سەلماندنی كوردستانی بوونی ورمێدا لەو سێ نوێنەری ورمێ دوویان كورد بن، كەچی دیارنیش نییە، رۆژی دوای ھەڵبژاردن ئەنجامەكان كاریگەریی لەسەر واقیعەكە دادەنێت، یان نا.

داڕشتنەوە: لەیلا قادریی