روانگه‌ی سووریا: له‌ماوه‌ی 17 مانگدا 4500 كه‌س كوژراون

K24 ـ هه‌ولێر
روانگه‌ی سووریا بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاند، به‌هۆی بۆردومانی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی و عه‌ره‌بیی له سووریا، 4500 كه‌س كوژراون كه 366 كه‌سیان هاووڵاتی مه‌ده‌نین.
راگه‌یاندنه‌كه‌ی روانگه‌ی سووریا له راگه‌یاندنێكدا ئاماری كوژراوه‌كانی 17 مانگی رابردووی جه‌نگی سووریای بڵاوكرده‌وه.
به‌گوێره‌ی راگه‌یاندنه‌كه، له رۆژی 23/9/2014 تاكوو 23/2/2016 ، له ئه‌نجامی بۆردومانه ئاسمانیه‌كانی هاوپه‌یمانان له ناوچه جیاجیاكانی سووریا، نزیكه‌ی 4500 كه‌س كوژراون.
روانگه‌ی سووریا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه، له‌نێو كوژراواندا 366 كه‌س هاووڵاتی مه‌ده‌نین كه 92 منداڵی ژێر ته‌مه‌نی 18 ساڵی تێدایه.
راگه‌یاندنه‌كه ئه‌وه‌شی خستووه‌ته روو، جگه له ژماره‌ی كوژراوان، بۆردومانه‌كان به سه‌دان برینداریشی لێكه‌وتووه‌ته‌وه كه زۆربه‌یان له ریزه‌كانی چه‌كدارانی داعشه.
سه‌باره‌ت به شوێنی بۆردومانه‌كان له جه‌نگی سووریا، روانگه‌ی سووریا ده‌ڵێ: "بۆردومانه‌كان له‌و شوێنانه بوون كه بیر و پاڵاوگه‌ی نه‌وتی تێدایه له شاره‌كانی حه‌سه‌كه، ره‌ققه، حه‌له‌ب، ئیدله‌ب، هه‌ره‌وه‌ها دێر ئه‌لزور".
روانگه‌ی سووریا له راگه‌یاندنه‌كه‌ی ئاماژه‌ی بۆ كوژراوه‌كانی داعش كردووه و تێیدا هاتووه، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه 3914 چه‌كداری داعش كوژراون كه زۆربه‌یان خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی سووریا بوون.
رووانگه‌ی سووریا بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ژماره‌ی كوژراوه‌كانی گرووپه‌كانی دیكه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه و له راگه‌یاندنه‌كه هاتووه: بۆردومانه‌كانی هاوپه‌یمانان كوژرانی 136 چه‌كداری به‌ره‌ی نوسڕه‌ی لێكه‌وتووه‌ته‌وه.
وه‌رگێڕانی: ن.ف