پارێزگای كەركووك "نزیكەی 11 ملیار دینار" قەرزدارە

بەھۆی كەڵەكە بوونی پارەكان بڕەكە گەیشتووەتە ئەو قەبارە
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/b1f3bff1-bc7d-4cde-a484-b3ccbdf61a73/kerkuk%20zbl%20u%20xashak.ism/manifest

K24 - كەركووك:

بە گوتەی شارەوانیی کەرکووک ئیدارەی پارێزگای كەركووك 11 ملیار دینار قەرزداری ئەو كۆمپانیایەیە كە شارەكە پاك دەكاتەوە و 98%ی پڕۆژەكانی شارەكەش وەستێنراون.

لە لێدوانێكیدا بۆ (كوردستان24) حاتەم موسا، جێگری بەڕێوبەری شارەوانیی کەرکووك رایگەیاند: "بەھۆی كەڵەكە بوونی پارەكان بڕەكە گەیشتووەتە ئەو رێژەیە كە نزیكەی 11 ملیار دینارە، ئەو قەرزانە لەسەر پارەی پتڕۆدۆلارە دەدرێن بە كۆمپانیاكانی پاككردنەوەی شارەکە".

زیاتر لە ساڵێكە پارە نەدراوەتە كۆمپانیاكانی پاككردنەوەی شاری كەركووك، ھەندێك لە كۆمپانیاكانیش كارەكانیان راگرتووە و گرێبەستی كۆمپانیاكانیش راستەخۆ لەگەڵ پارێزگاری كەركووك كراوە.

ئیدارەی کەرکووك، ھەنگاو بۆ ئەوە دەنێت کە بەرامبەر ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەشی ھاووڵاتیانی دەکات پارە وەربگرێت، دوای ئەوەی بڕیاریدا لە نەخۆشخانەکان پارە لەھاووڵاتیان وەربگرێت، ھەنگاوی دواتریش پارە وەرگرتنی مانگانەیە لە بەرامبەر پاکكردنەوەی زبڵ و خاشاکی شارەكە، بەرپرسانی ئیدارەی کەرکووکیش بیانوویان بۆ ئەم کارە ئەوەیە کە قەیرانی دارایی رووی لە شارەکە کردووە و پێویستیان بەھاوکاریی خەڵکە.

نەسرین وەھاب، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك دەڵێ: "وەك دەزانین بارێكی قورس كەوتووەتە سەر شانی ھاووڵاتیان، وەك ئەنجوومەنی پارێزگا ھەر بارقورسییەكی دیكە بۆ سەر ھاووڵاتیان رەتدەكەینەوە".

حکوومەتی خۆجێی کەرکووك، دوو ساڵە ھیچ بڕە پارەیەکی لەل ایەن حکوومەتی ناوەندیی عێراقەوە پێ نەگەیشتووە پارێزگاری کەرکووك لە دواین سەردانیدا بۆ بەغدا داوایکرد کە ھاوکاری دارایی شارەکە بکرێت.

داڕشتنەوە: ھەڤاڵ مەلا