پەرلەمان ھه‌وڵده‌دات پاره "دزراوه‌كانی ده‌ره‌وه" بگه‌ڕێنێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
بۆ لێكۆڵینه‌وه و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و پارانه‌ی "به دزین و گه‌نده‌ڵی براونه‌ته ده‌ره‌وه" پەرلەمانی عێراق كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گرێدا.
مه‌سعوود حه‌یده‌ر، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له پەرلەمانی عێراق، تایبه‌ت به ماڵپه‌ڕی (كوردستان24) گوت: "پێش 2003 له سه‌رده‌می رژێمی به‌عس، ده‌زگای هه‌واڵگریی له ده‌ره‌وه چه‌ند كۆمپانیا و پڕۆژه‌یه‌كی به ناوی به‌رپرسێكی ئه‌و ده‌زگایه هه‌بووه، ئێستا ئه‌و كه‌سه له ئوردن نیشتەجێن".
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد: "له سه‌رده‌می به‌عس دزین و گه‌نده‌ڵیی له پاره‌ی نه‌وت به‌رامبه‌ر خۆراكیش كراوه".
مه‌سعوود حه‌یده‌ر زیاتر گوتی: "له دوای رووخانی رژێمی به‌عسیش له 2003، له كۆی 21 ملیار، بڕی 14 ملیار دۆلار گه‌نده‌ڵیی و دزی له پاره‌ی سندووقی په‌ره‌پێدانی عێراق كراوه، ئێستا ئه‌و پاره‌یه له ئه‌مریكا ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه".
ئه‌و ئه‌ندامه كورده‌ی لیژنه‌ی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكرد: "زیاتر له 1000 دۆسییه‌ی تایبه‌ت به دزینی پاره له عێراق له لایه‌ن دامه‌زراوه دادوه‌رییه‌كانه‌وه ماون و چاره‌سه‌رنه‌كراون".
ئه‌وه‌شی گوت: "له كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێ لیژنه‌یه‌ك به‌سه‌رۆكایه‌تی هه‌ردوو جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌ن و ئه‌ندامێتی لیژنه‌كانی دارایی، ده‌سپاكیی، ده‌ره‌وه، ئاسایش و به‌رگریی، له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی لێپرسینه‌وه و دادپه‌روه‌ری پێكهێندرا، تا به هه‌ماهه‌نگیی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان كار بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و پارانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بكه‌ن".
ئه‌ندامه‌كه‌ی لیژنه‌ی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی: "فراكسیۆنی گۆڕان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران پێشنیازی كرد، ئه‌و لیژنه‌یه پێكبێت"، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد: "ئه‌گه‌ر له‌و قه‌یرانه داراییه، ئه‌و پارانه بگه‌ڕێندرێنه‌وه، هاریكارییه‌كی زۆرباش ده‌بێ بۆ عێراق".
روونیشیكرده‌وه: "ناوی ئه‌و كه‌س و به‌رپرسانه‌ی ئه‌و پارانه‌یان به گه‌نده‌ڵیی و دزیی بردووه‌ته ده‌ره‌وه‌ی عێراق، له لایه‌ن ده‌زگای هه‌واڵگریی عێراقه و ئاشكرا نه‌كراون".
ئا: موحسین حوسێن