هەولێر.. پێشانگەیەک بۆ تابلۆی قوتابیان کرایەوە

"زیاتر سوودیان لە بابەتی كوردەواری وەرگرتووە"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/8a7f5f69-f8dd-40a2-9ac1-626830646fe0/peshanga.ism/manifest

K24 - ھەولێر:

بەشی شێوەكاریی پەیمانگەی ھونەرە جوانەكانی ھەولێر پێشانگایەكی بۆ قوتابیانی قۆناغی پێنجەم كردەوە.

یەكێك لە قوتابییە بەشداربووەكانی ئەو پێشانگایە بە ناوی ڤیان مەرسووم، بە (كوردستان24)ی گوت: "ھەر قوتابیەك لەسەر بابەتێك كاری كردووە و كاری فۆتۆیە كردوومانە بە تابلۆ، ئێمە كە لە قۆناغی كۆتایی خوێندنین واتا تێزی پەیمانگە نامەمانە".

لە پێشانگاكەدا نزیكەی 20 تابڵوی تێدا نمایشكرا كە لە لایەن 10 قوتابی قۆناغی پێنجەمەوە كێشرابوون، تابلوكان رەسەنایەتیی و كولتووریی كوردەواریی و سروشتی كوردستانیی لە خۆگرتەبوو.

تابلۆكان سەرنجی بینەرانی پێشانگاكەی بە لای خۆیدا راكێشا، حەمید رەشاش، یەكێكە لە پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستان ئامادەی كردنەوەی ئەو پێشانگایەبوو لە بارەی تابلۆكانەوە گوتی: "ئەو كارانەیان دەمگێڕنەوە بۆ حەفتا ساڵ بەر لە ئێستا".

گوتیشی: "ئەو تابلۆیانە كە نمایشكراون ئەو كارانەن لە سەردەمی گەنجیی مندا لە ناو كۆمەڵگەدا دەكران ئەو كارانە تەعبیرن لە رەنج و ماندووبوونی ئێمە، بۆیە دڵخۆشم بەو پێشانگایە".

قەرەنی جەمیل، مامۆستای ھونەرە جوانەكان لە بارەی كاری قوتابیان لەو پێشانگایەدا دەڵێت: "قوتابیان زیاتر سوودیان لە بابەتی كوردەواریی و خۆمانە وەرگرتووە، ھەرچەندە ھەندێكیان تێكەڵاویان كردووە، بەڵام ئەو 20 كارەی نمایشكراون كاری سەركەوتوون و جێگای شانازین".

پەیمانگەی ھونەرە جوانەكان ساڵانە پرۆژەیان ھەیە بۆ كردنەوەی پێشانگایەك بۆ قوتابیان، ئەم پێشانگایەش بۆ ئەو قوتابیانە كراوەتەوە كە ئەمساڵ پەیمانگایان تەواو دەكەن.

ھونەری نیگاركێشیی بە یەكێك لە ھونەرە سەرنجراكێشەكان دادەنرێت، كە لە مێژووی ئەو ھونەرەدا چەندن تابلۆی ناوازە وەك مۆنالیزا ھەن كە ئێستاش لە لایەن كەسانی ئاكادیمییەوە خویندنەوە جۆراوجۆر ھەن.

داڕشنەوە: ھەڤاڵ مەلا