ئێران: پێشنیازى سڕکردنى بەرهەمهێنانى نەوت مایەى پێکەنینە

لێدوانەکانى وەزیرى نەوتى ئێران نرخى نەوتى زیاتر دابەزاند

K24 – هەولێر:

بێژەن زەنگەنە، وەزیرى نەوتى ئێران رایگەیاند پێشنیازى وڵاتانى بەرهەمهێنەرى نەوت بۆ سڕکردنى بەرهەمهێنان مایەى پێکەنینە، چونکە ئەو پێشنیازە رێگا بە ئێران نادا بەشى خۆى لە بازاڕی نەوت بە دەستبێنێتەوە.

ئاژانسی قوتابیانى ئێران بۆ هەواڵ (ئیسنا) بڵاویکردەوە، وەزیرى نەوتى ئێران رایگەیاندووە: "پێشنیازى وڵاتانى بەرهەمهێنەرى نەوت بۆ سڕکردنى بەرهەمهێنان مایەى پێکەنینە، چونکە ئەو پێشنیازە رێگا بە ئێران نادا بەشى خۆى لە بازاڕی نەوت بە دەستبێنێتەوە کە لە کاتى سزاکان لە دەستى دابوو".  

بێژەن زەنگەنە گوتیشى: "لەو چەند ساڵەى رابردوودا هەندێک لە دراوسێکانمان ئاستی بەرهەمهێنانى نەوتیان بۆ 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا زیادکردووە، ئێستاش ئەوان ئەو بوێرییەیان هەیە بڵێن دەبێ هەموومان بەیەکەوە بەرهەمەکان سڕ بکەین".  

گوتیشى: "ئەوان بەرهەمەکانیان لە ئاستى 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا سڕ دەکەن، ئێمەش دەبێ بەرهەمەکانمان لە ئاستى یەک ملیۆن بەرمیل رۆژانە سڕبکەین، ئەوەش پێشنیازێکە مایەى پێکەنینە".

ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ وەزیرى نەوتى سعودییە بە دوورى دانا بەرهەمهێنانى نەوت کەمبکرێتەوە.

هاوکات په‌یمانگه‌ی نه‌وتی ئه‌مریكا رایگه‌یاند: "نه‌وتی ئه‌مباركراوی ئه‌مریكا له‌ هه‌فته‌ی رابردوو 7.1 ملیۆن به‌رمیل زیادیكردووه‌، تا 19 ئه‌م مانگه‌ش كۆی گشتیی نه‌وتی ئه‌مباركراوی ئه‌و وڵاته‌ گه‌یشتووه‌ته‌ 506.2 ملیۆن به‌رمیل".  

ئەو لێدوانانه‌ی وه‌زیری نه‌وتی سعودییه‌ و ئێران و زیادبوونی نه‌وتی ئه‌مباركراوی ئه‌مریكا، وایانکرد نرخى نەوتى خاو زیاتر دابەزێ، بەیانى ئەمڕۆ نرخی نەوت بەپێی گرێبەستەکانى نەوتى خاوى جۆرى برێنت نزيكه‌ی 1% دابەزیی و نرخى یەک بەرمیلى ئەو جۆرە نەوتە بووە 32.90 دۆلاری ئەمریکیی.

لە سەرەتای ئەم مانگە هەریەک لە سعودییە و رووسیا، کە دوو گه‌وره‌ وڵاتانى هەناردەکاری نەوتن پێشنیازیان کرد بەرهەمهێنانى نەوت لە ئاستى بەرهەمهێنانى مانگى رابردوو سڕ بکرێ.

بە گوێرەى راپۆرتێکى مانگانەى رێکخراوى ئۆپیک، مانگى رابردوو رۆژانە زیاتر لە 32 ملیۆن بەرمیل نەوت لە لایەن وڵاتانى ئەندام لەو رێکخراوە هەناردە کراوە.  

سەرچاوە: رۆیتەرز، و: م.ح