پەیەدە بەرپرسانی ئەمریكا بەسەر دوو بەرە دابەش دەکات
K24- ھەولێر:
پشتیوانیی ئەمریكا بۆ پارتی یەکێتیی دیموكراتی كورد لە سووریا (پەیەدە) و باڵه سه‌ربازییه‌كه‌ی کە بە یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه) له رۆژئاوای كوردستان ناسراون، به‌رپرسانی ئه‌مریكای بە سه‌ر دوو به‌ره دابه‌ش كردووه.
بەگوێرەی راپۆڕتێکی ماڵپەڕی بلومبێرگی ئەمریکا، ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمریکا ئاشکرایان کردووە، كۆشكی سپی به‌ڵگه‌ی له‌به‌رده‌ستدایه، كه لە ساڵی 2011 دا یەپەگە و سوپای قودسی ئێران و رژێمی سووریا "به‌نھێنی كۆبوونه‌ته‌وه".
بلومبێرگ له سه‌ر زاری به‌رپرسانی ئه‌مریكا نووسیوێتی: "دەزگای ھەواڵگریی ئەمریکا (سی ئای ئەی) دۆکیۆمێنتی لەبەردەستە و ده‌یسه‌لمێنێت، یەپەگە ھەماھەنگیی لەگەڵ ھێزە ئاسمانییەکانی رووسیا ھەبووە لە بۆردوومانکردنی بنکەیەکی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە شارۆچکەی مارع لە سنووری پارێزگای حەلەب لە سووریا.
به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه، به‌شێك له به‌رپرسانی ئه‌مریكا پشتگیریی لە پێدانی چه‌ك و پێداویستیی سه‌ربازیی دەکەن لە لایەن وڵاتەکەیانەوە بە یه‌په‌گه.
لە راپۆرتەكە ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، كە نوێنەری بارك ئۆباما لە ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی دژی داعش، برێت مەکگۆرک سەرکردایەتی ھەوڵەکانی ئەمریکا دەکات له پشتیوانیكردنی یەپەگە لە سووریا.
لەماوەی رابردوودا ئەمریكا پشتگیریی خۆی بۆ یەپەگە دووپات كردەوە و رایگەیاند، ھێزە کوردییەکانی سووریا چەند ناوچەیەكی گرنگیان لە دەوروبەری حەلەب لە ژێر دەستی داعش دەرھێناوە و ھێزێکی کاریگەرن لە شەڕی دژی داعش.
داڕشتنەوە: شنۆ محەممەد