قایمقامی شنگال: حكوومەتی عێراق رێگرە لە گەیشتنی ھاوكارییەكان

"سەرۆك كۆمار به‌ڵێنیداوە پشتیوانیی له‌ ھەوڵەكانی مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بكات"

K24 - ھەولێر:

لە بارەی ھاوكاریكردنی ئەڵمانیا بۆ شارۆچكەی شنگال، قایمقامی شارۆچکەکە رایگەیاند، ئه‌ڵمانیا هاوكاریی بۆ شنگال ناردووه‌، به‌ڵام عێراق له‌ گه‌یشتنی رێگره.‌

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (كوردستان24) مه‌حما خه‌لیل، قایمقامی شنگال رایگەیاند: "دوای چەندینجار داواكاریمان لە حكوومه‌تی ئەڵمانیا بۆ هاوكاریكردنی شنگال و كوردانی ئێزیدیی، دواجار به ‌ده‌نگمانه‌وه‌ هاتن و ھاوكارییه‌كی زۆریان بۆ شنگال ره‌وانه‌كرد، به‌ڵام حكوومه‌تی عێراق له‌ گه‌یشتنی هاوكارییه‌كان رێگره"‌.

گوتیشی: "ئه‌ڵمانیا چه‌ندین پێداویستیی سه‌ره‌كیی بۆ شنگال ره‌وانه‌ كردووه‌، له‌ نێویاندا نه‌خۆشخانه‌یه‌كی گه‌ڕۆك هه‌یه‌، كه‌ ئێستا له‌ دیوی توركیا له‌ ده‌روازه‌ی ئیبراهیم خه‌لیل راگیراوه‌، به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی عێراق رێگره‌ له‌ گه‌یشتنی و داوا ده‌كات هاوكارییه‌كان راستەوخۆ بچنه‌ به‌غدا".

قایمقامی شنگال ئاشكراشی كرد: "له‌گه‌ڵ فوئاد مه‌عسووم، سه‌رۆك كۆماری عێراق گفتوگۆم كردووە و به‌ڵێنی ھاوكاریی و گەیاندنی داخوازییەكانی كوردانی ئێزیدیی داوە، ھەروەھا به‌ڵێنیداوە پشتیوانیی له‌ ھەوڵەكانی مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بكات بۆ بە پارێزگاكردنی شنگال له‌ چوارچێوه‌ی ھەرێمی كوردستاندا".

داڕشتنەوە: ھەڤاڵ مەلا