سەرجەم پیاوانی گوندێكی ئێران "لەسێدارەدران"

"منداڵەكانیان بۆ تۆڵەكردنەوە بوونەتە قاچاغچی كارامە"

K24 – ھەولێر:

جێگری سەرۆك كۆماری ئێران بۆ كاروباری ژنان و خێزان، شەھیندۆخت مۆلاوێردی، رەخنەی لە لادانی یاسای بەرگریی لە خێزانی لەسێدارەدراوەكان گرت و گوتی، پیاوانی گوندێكی سەر بە پارێزگای سیستان و بەلوچستان سەرجەمیان لەسێدارە دراون.

شەھیندۆخت مۆلاوێردی، بە ئاژانسی میھری ئێرانی گوت: "نموونەی زۆرمان لەو خێزانانە لە ئێران ھەیە، كە پیاوی ماڵەكە بە تۆمەتی كڕێن و فرۆشتن یان بەكارھێنانی ماددەی ھۆشبەر لە زیندان و سەرجەم داراییەكانیشیان لە لایەن دادگاوە دەستیان بەسەردا گیراوە".

مۆلاوێردی یاسای كۆماری ئیسلامیی ئێرانی خستە ژێر پرسیارەوە و گوتی: "بەشێكی زۆر لەو زیندانیانە تەنیا خانوویەكی بچووكیان ھەیە، بۆ نموونە زیندانیی ھەیە 3 منداڵی ھەیە، كاتێك دادگای ئێران دەست بەسەر دارایی ئەو كەسانەدا دەگرێت، ئەو ژن و منداڵانە دەبێ چی بكەن؟ یاسا لەبەرامبەر ئەو خێزانانەدا چ بەرپرسیارێتییەکی ھەیە؟ ئەركی دەسەڵاتی یاسادانان لە ئێران چییە؟".

جێگری سەرۆك كۆماری ئێران بۆ كاروباری ژنان و خێزان، ئەوەشی خستەڕوو: "ئێستا لە ئێران 17 ناوەند بۆ كەمكردنەوەی زیانە كۆمەڵایەتییەكان دامەزراون، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە پێگەی ئەو ناوەندانە بۆ كەمكردنەوەی زیانە كۆمەڵایەتییەکان لە كوێیە؟".

شەھیندۆخت مۆلاوێردی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان گوندمان ھەیە كە سەرجەم پیاوەكانیان لەسێدارە دراون، ئێستا منداڵەكانیان بوونەتە قاچاغچی كارامە (شارەزا)، یەكەم لەبەر ئەوەی تۆڵەی باوكیان بكەنەوە و دووەمیش بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانیان".

مۆلاوێردی گوتی: "لە بەرنامەی پێنجەمی گەشەدا پرسی "بەرگریی لە خێزانی لەسێدارەدراوەكان بە تەواوی لادرا"، بەلام لە كابینەی رووحانیدا ئەو پرسە سەر لە نوێ ھاتووەتەوە نێو كاری بەرنامەی شەشەم".

جێگری سەرۆك كۆماری ئێران بۆ كاروباری ژنان و خێزان تیشكی خستە سەر ئەو باسە و گوتی: "لەسەر ئەو بڕوایەم ئەگەر بەرگریی لەو خێزانانە نەكەین، توشی دووبارەكردنەوەی ھەڵەی باوكیان دەبن، كەواتە كۆمەڵگە لەبەرامبەر ئەو منداڵانە كە بوونەتە قوربانیی سەرپرشتیی خێزانەكانیان، بەرپرسە".

سیستان و بەلوچستان یەكێكە لە گەورەترین پارێزگاكانی ئێران، بە گوێرەی ئاماری ساڵی 2008 ژمارەی دانیشتوانی ئەو پارێزگایە 2 ملیۆن و 350 ھەزار كەسە و لەو ژمارەیە زیاتر لە 640 ھەزار كەسیان نەخوێندەوارن.

پارێزگای سیستان و بەلوچستانی ئێران ھەزار و 300 كیلۆمەتر سنووری ھاوبەشی لەگەڵ وڵاتەكانی پاكستان و ئەفغانستان ھەیە و بە یەكێك لە رێگە سەرەكییەكانی ھاوردەكردنی ماددە ھۆشبەرەكان بۆ ئێران ھەژمار دەكرێت.

پارێزگاری سیستان و بەلوچستان، عەلی ئەوسەت ھاشمیی گوتی: "لەسەرەتای ئەمساڵەوە 144 تۆن ماددەی ھۆشبەر دەستیان بەسەردا گیراوە و بەشی زۆری ئەو ماددانە تریاك بووە.

ھاوكات ئەوسەت ھاشمیی گوتی: "150 چەكی دەستیش لە قاچاغچییەكانی ماددەی ھۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە".

ئەوە لە کاتێکدایە ناوەندە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ و بە تایبەت لێبوردنی نێودەوڵەتیی لەو ساڵانەی دواییدا بەردەوام داوایان لە ئێران كردووە شەپۆلی لەسێدارەدانی قاچاغچییەكانی ماددەی ھۆشبەر رابگرێت.

وەرگێڕان: لەیلا قادریی