دۆناڵد ترامپ هەڵبژاردنی ناوخۆیی کۆمارییەکانی لە ویلایەتى نێڤادا برده‌وه‌

"ترامپ سێیه‌م سه‌ركه‌وتنی لە هەڵبژاردنى ناوخۆیى کۆمارییەکان به‌ ده‌ستهێنا"

K24 – هەولێر:

دۆناڵد ترامپ لە ئەنجوومەنە هەڵبژاردنەکانى پارتى كۆمارى لە ویلایەتیى نێڤادا بەسەر هەردوو رکابەرەکەى تێد کرۆز و مارکۆ رۆبیۆ سەرکەوت.

تۆڕە تەلەفزیۆنەکانى ئەمریکا رایانگەیاند: "ئەوە سێیەم سەرکەوتنە دۆناڵد ترامپ لە کێبرکێیى بە دەستهێنانى نوێنەرایەتى کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیى ئەمریکا بە دەستیهێناوە".

هەریەکە لە فۆکس نیوز و سى ئێن ئێن ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد: "دۆناڵد ترامپ رێژەى ٤٢% دەنگیى لایەنگرانى پارتى کۆماریى بە دەستهێناوە، دواى ئەویش تێد کرۆز دێ و ٢٣% دەنگەکانى بە دەستهێناوە، مارکۆ رۆبیۆش بە بە دەستهێنانى لە ٢٢% لە پلەى سێیەم دێ".

بە گوێرەى لێکدانەوەى دوانبێژەکان: "جیاوازیى لە نێوان کرۆز و رۆبیۆ زۆر کەمە، رێگا بە کەسیان نادا پلەى دووەم بۆ خۆیان یەکلایى بکەنەوە".

سەرکەوتنى دۆناڵد ترامپ کە بازرگانێکى دەوڵەمەندە لە نێڤادا پێشبینیکراو بوو، بەڵام گرەوەکان لەسەر ئەوەبوو کێ لە پلەى دووەم دێ.

تۆڕە تەلەفزیۆنەکانى ئەمریکا چەند دیمەنێکى بارەگاى گشتیى هەڵمەتى هەڵبژاردنى دۆناڵد ترامپ لە لاس فێگاس نیشاندا، لەو دیمەنانە لایەنگرانى ترامپ لە کاتى دەرکەوتنى ئەنجامە بەراییەکان لە خۆشییان هاواریان دەکرد.

سەرچاوە: فرانس پرێس

و: م.ح